عەلا سەلاحیان: ئەو کەسه که بوو به هونەرمەند، مڵکی خۆی نییه بەڵکوو مڵکی میللەتەکەیەتی/وتووێژ

0
1496

من عەلا سەلاحیان له ٢٦.٩.١٩٥٣ له گەڕەکی چوارباخی شاری سنه له دایک بووم. دوا بڕوانامەی خوێندنم فەوقەدیپلۆمی (دیپڵۆمی باڵا) بانکدارییه. هه ڕله سەرەتای منداڵیمەوه ئاشقی موزیک بووم و بۆ یەکەمجار له تەمەنی حەوت ساڵاندا له مێهرەجانی قۆتابخانه له قوتابخانەی شەکیبا لە شار سنه بەرنامەیەکی هونەریم پێشکەش کرد.

 له قۆناغی دواناوەندیشدا چەندین جار له ئۆردووی هونەریی ڕامسەردا بەشداریم کردووە. لەلایەن ڕادیۆ سنەوە بانگهێشت کرام و پانزده گۆرانیم لەو ئیستگەیە تۆمار کرد. به هۆی کاری سیاسییەوه ماوەیەکی زۆر له کاری هونەریی دوور کەوتمەوە و تا ئەو کاتەی هاتم بۆ هەندران و له وڵاتی ئۆتریش ( نمسا) گراسامەوە و لە سەر داوای هەندێک لە دۆستانم دیسانەوە دستم به کاری هونەریی کرد  و تا ئیستەش هەر بەردەوامم.

ڕۆژی کورد: زۆر سپاس بۆ بەشداریتان لەم هەڤپەیڤینەدا. وەک هەمیشە بۆ هەموو هونەرمەندێک ئەمە یەکەم پرسیارمان بووە! پێناسەی بەڕێزتان بۆ موزیک چییە و موزیک لە لای ئێوە یانی چی؟

 عەلا سەلاحیان: موزیک له سەر فکە و ئەندێشە و هەست و سۆزی مرۆڤەەکان دروست بووه . له سەر فکر وەکوو سرووده نیشتمانییەکان  و له سەر هەست وکوو گۆرانییه ڕۆمانتیکەکان. بەڵام نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێت کە شێعریش بەشێکێ گەورەیە له موزیک که ئاوازدانەر لەسەر بنەمای ئەو شێعره ئاهنگ دروست دەکات.

ڕۆژی کورد: ئەگەر هەڵسەنگاندنێک لە نێوان موزیکی کوردی و سەرجەم نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتدا بکەین، موزیکی کوردی ئەگەر دەوڵەمەندتر نەبێت کەمتریش نییە لە موزیکی باقی نەتەوەکانی دیکە. پرسیارەکە ئەوەیە هۆکار چییە تا بە ئەمڕۆ  وەک ئەوەی کە پێویستە بە باشی بە جیهان نەناسراوە؟

عەڵا سەلاحیان: مۆزیکی کوردی هیچ کەمتر له موزیکی نەتەوەکانی تر نییه  و دەتۆانم به بوێرییەوە بڵێم له مووزیکی زۆربەی نەتەوەکانی دیکه دەوڵەمەندتره و مامۆستاگەلێکی زۆر بەتوانامان له بواری ئاهەنگ سازیی (ئاوازدانان)ـدا بووەو بۆ نموونە خوالێخۆشبوو مامۆستایان حۆسێن و حەسەن یوسفزەمانی، مامۆستا موجتەبا میرزادە، مامۆستا عەبدوولسەمەدی، مامۆستا حەسەن کامکار  وکامکارەکان، عەندەلیبییەکان و سەدان هونەرمندی دیکه که هەر کامیان بۆ خۆیان مامۆستایەکن.

ئەمە زۆر گرنگە بەسەر ئەو هەموو گوشارەی که له لایەن ڕژیمە داگیرکەرەکانەوە بەسەرماندا سەپێندراوە هێشتا موزیکی کوردیی زۆر بەرزتر له موزیکی نەتەوەکانی دەوروبەرمان. لە لایەکی تریشەو بەڕای من هۆکاری ئەوەیە که ئێمە خاوەنی ۆڵات نین و به هەموو شێوەیەک دەمانچەوسێنەوە و زۆر هۆکاری دیکەش هەن کە بوونەتە هۆی ئەوەی وەک پێویست موزیکی ئێمە نەناسرێت.

ڕۆژی کورد: بەڕێزتان بۆخۆتان گورانیبێژن، بەڕای ئێوە تەنیا پێوەر بۆ گۆرانیبێژ دەنگ خۆشییە یان دەبێت شارەزاییشی لە سەر دەستگاکان ( مقامەکان)ی موسیقیش هەبێت [مەبەستم موزیکی ڕۆژهەڵاتییە]؟

عەلا سەلا حیان: بەڕای من جگه له دەنگخۆشیی بۆ گۆرانی بێژ، دبێت لە دەستگاکان (مەقامەکان)یش شارەزایی هەبێت و هەروەها کەسایەتیی هوونەریی خۆیشی بپارێزێت! لەبەر ئەوەی ئەو کەسه که بوو به هونەرمەند مڵکی خۆی نییه بەڵکوو مڵکی میلەتەکەیەتی.

ڕۆژی کورد: بگەڕێینەوە بۆ لای خۆتان، پڕۆژەی داهاتووتان چییە و ئایا هیچ بەرهەمێکی تازە یان بڵاونەکراوەتان هەیە؟

عەلا سەلاحیان: هەندێک گۆرانیم هەیه که هێشتا بڵاوم نەکردۆتەوە و هەروەها 9 ئاوازی تازەیەشم هەیە که هێشتا تۆمار نەکراون.

هیوادارم درفەتێک بێت که بتوانم تۆماریان بکەم.

 ڕۆژی کورد: دیسان سپاستان دەکەین بۆ ئەوەی کاتی خۆتان دا بە ئێمە. ئەگەر خاڵێک هەیە دەتانهەوێ باسی بکەن، تکایە بفەرموون.

عەلا سەلاحیان: زۆر سۆپاس بۆ ئێوە و سەرکەوتووبن.

مامۆستا عەلا سەلاحیان
مامۆستا عەلا سەلاحیان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.