پۆڵا ئیسماعیل: پێويستە ليژنەیەكى پسپۆڕ و شارەزا لە بوارى موزيك و مەقام و ڕيتمى كوردیى پيك بهێنرێت

0
1016

پێشەکی:

مامۆستا پۆڵا ئیسماعیل ساڵی ١٩٨٧ لە دایک بووە و ساڵی ٢٠٠۳دا لە پەيمانگای هونەرەجوانەکانى كۆیە ناوی دەگەڕێتەوە و دەبێت بە خوێندکار و هەر لەوێشەوە ژیانی هونەریی بەڕێزیان دەست پێدەکات و لەو کاتەوە لەسەر لە كارى هونەری بەردەوام بووە و لە هەموو كارە هونەريیەكانى پەمانگەکەیاندا بە شێوەی بەرچاو و چالاک بەشداربووە.

لە ساڵی 2004 دا لەگەڵ تیپی موسيقاى باواجى لە چەندين ئاهەنگ و بۆنەدا بەشداربووە. سەرتا وەك كۆرس و دواتر وەك گورانى بيژ و ژەنيار و ئەندامى هاوكار و تا ئەوەی کە ساڵى ٢٠٠٩ بە فەرمی بووە بە ئەندامى كارا لە تيپى باواجى.

 ساڵى ٢٠٠٥ هاوڕێ لەگەڵ كۆمەڵێک هونەرمەندى هاوڕێی كە ئەوكات خوێندكارى پەیمانگە بوون، گرووپی موزيكى سێوەیان دامەزراندووە.

لە ساڵی ٢٠٠٨ بەملاوە مامۆستایەو لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی كۆیە وانە موزیک دەڵێتەوە و هەنووکەش خوێندكارى كۆلێژی هونەرە جوانەكانە لە زانكۆی سەلاحەیین لە هەولێر.

ڕۆژی کورد: مامۆستا پۆڵا ئێسماعیل زۆر سپاس بۆ ئێو و تەرخان کردنی کات بۆ ئەو دیمانەیە. یەکەم پرسیاریشمان بۆ بەڕێزتان ئەوەیە، پێناسەتان بۆ موزیک چییە و موزیک لە لای ئێوەیە یانی چی؟

پۆڵا ئیسماعیل: سپاس بۆ ئێوەش. ڕاستە موزيك وشەیەکە بەڵام بريتيیە لە دەريايەكت بێ کۆتایی و تا دەڕۆی زیاتر و زیاتر قووڵ دەبێتەوە و پێداويستىیی سەرەكى و ڕۆحىی گشت  گيانلەبەرێکە. لاى من موزيك واتای خۆشەويستى، جوانى و  ژيان … هتد، دەدات.

ڕۆژی کورد: بەرێزتان مامۆستای فلووت ـن و ئامێرەکەتان بە ئامێرێکی ڕۆژئاوایی ناسراوە بەڵام ئێوە ئەمڕۆکە لە موزیکی ڕۆژهەڵاتیدا کەڵکی لێوەردەگرن، بەتایبەتی لە موزیکی کوردیدا، ئەم کارە چۆن چۆنی دەکرێ و چۆن دەتوانرێت ئەو ڕۆحە کوردییە بەو ئامێرە ببەخشن؟ بە تایبەتی فلووت کە بۆ چارەکە پەردە1/4  بڕێکی زۆر ئەستەمە!

پۆڵا ئیسماعیل: وڵامی ئەم پرسیارە دەگەڕێتەوە بە هەست و ڕۆحى ژەنیارەکە! ئيمەش چونكە لەم کەش و هەوای ڕۆژهەڵاتدا دەژين دەبێت بۆ خزمەتى موزيكەکەمان كەڵک لە هەموو شتێك وەربگرين.  بۆ بابەتی چارەكه دەنگیش ئەمە  يەکێکە لە تیکنیکەکانى ژەنيار! سەرەتا بەهۆى بەكارهينانى تيپ( چەسپ) دەنگی چارەکە تون درووست دەكرا،بەڵام ئيستا بە هۆى پارچە پلاستيكێك لة شوێنى پێويست بۆ چارەكە تۆن دادەنرێ و لە هەمان كاتدا ژەنيار دەبێت گورانكاریى لە چۆنیەتیی فووتێکردنی بکات و بەقوڕگى دەنگەکە خۆشتر و سافتر و باشتر بكات.

مامۆستا سەردار
مامۆستا سەردار

ڕۆژی کورد: مامۆستا، ئەم پارچە پلاستیکە داهێنانی خۆتانە یان کەسێکی تر؟

پۆڵا ئیسماعیل: نا! ئەمە داهێنانی من نییە. ئەم شێوە یان باشترە بڵێین ئەم تیکنیکە لەسەر دەستى هەردوو مامۆستاى ئازيز ماموستایان (سەردارى باب سەردارى و سەرتيپى باب سەردارى) هاتەتە ناو ئامێرە هەوايىەکانی كوردستان.

ڕۆژی کورد: هیوای تەمەن درێژیی بۆ هەردوو مامۆستای بەڕێز بە ئاوات دەخوازین.

پۆڵا ئیسماعیل: منیش هەروەها

ڕۆژی کورد: مامۆستا پۆڵا با بێینە سەر پرسیارێکی تر! ئێمەی کورد خاوەنی موزیکی تایبەت بە خۆمانین و ئەگەر کەسێک بێت لێکۆڵینەوە لە موزیکی ڕۆژهەڵاتیی بکات بە بێ ئاماژە کردن بە موزیک و ئاوازە ڕەسەنە کوردییەکان، بابەتەکەی بابەتێکی ناتەواو دەبێت و

مامۆستا سەرتیپ
مامۆستا سەرتیپ

کەموکووڕی پێوە دیار دەبێ. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێ کە بەڵێ ئێمە خاوەنی موزیکی ڕەسەنین  موزیکەکەشمان لە ڕووی ناوەڕۆکەوە زۆر بەهێزە بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەزانستی نەکراوە و ئەو سەرچاوانەیش کە هەیە هەمووی بێگانەیە! لە لایەکی تریشەوە وڵاتەکەمان بە سەر چەند دەوڵەتدا دابەش بووە و دەستیان لە هیچ شتێک نەپاراستووە بۆ تواندنەوەی کلتوور نەتەوەکەمان و دەبینین لە هەر پارچەیەکدا کەلتووری زاڵی داگیرکەر لە سەر موزیکەکەمان  دیارە  پرسیارەکە ئەوەیە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانن بۆ نەوەی داهاتوو موزیکی ڕەسەنی کوردی بەڵام بە شێوەی زانستیی بە جوانی بگوازینەوە دەبێت چی بکەین؟

پۆڵا ئیسماعیل: بەر لە هەموو شتێک پێويستە لێژنەیەكى پسپۆڕ و شارەزا لە بوارى موزيك و مەقام و ڕيتمى كوردی پێكبهێنرێت كە كارى ئەم ليژنەیە گەڕان و لێکۆڵینەوە بێت لەسەر موزیکی کوردی و ئينجا يەکلاکردنەوە و بە ئەكاديمى كردنى مەقام و ڕيتمى كوردی و چاپ كردنى و بڵاوكردنەوەی و بە وانەکردنی لەو شوێنانەی موزیک دەوترێتەوە. تائيستاش چەندين مەقام و ڕيتمى كوردى هەیە کە یەكلایی نەكراوەتەوە و ئەوەشى كە هەیە وەك پێويست نەگەیەنراوە و بە ئاكاديمى نەکراوە و تەنیا بە شێوەی زارەكى لاى چەند كەسانێك و شوێنێك هەیە كە ئەمەش لە كۆتايىدا ئەگەرى زۆرى هەیە لە ناو بچن. بۆیە بەڕای من بەم شێوە دەکرێت هەم پارێزگاریی لە موزیکەکەمان بکەین و هەمیش دەتوانین بۆ نەوەکانی داهاتووی بگوازینەوە.

ڕۆژی کورد: مامۆستا پۆڵا ئیسماعیل،  دیسانەوە سپاستان دەکەین و ماندوو نەبن .لە کۆتاییدا چ بابەتێک هەیە کە ئێمە نەمانپرسیوە و بەڕێزتان دەتانهەوێت باسی بکەن بفەرموون!

پۆلا ئیسماعیل: حەزم لێیە تەنیا ئاماژە بە یەک شت بکەم ئەویش بریتیە لە برەودانى زياتر بە ڕەوتى هونەر و  هاوكاريكردن و ڕێزگرتنى زياترى هونەر و موزيك و گورانی. چونكە كلتورى هەموو نەتەوەیەک بەستراوەتەوە بە هونەرکەیەوە و پەيوەنديیەكى ڕاستەوخۆ لە نێوان كلتور و هونەردا هەیە و هەموو گەلانی دنيا بە هونەرەکەيانەوە  دەناسرێن و پێشكەوتنى هونەريش بە هاوكاريكردن و تيشك خستنە سەر و يارمەتیدانى ماددى و مەعنەویی هونەر و هونەرمەندانەوە هەیە.

لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و کاتێکی خۆش بۆ هەموو لایەک.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت