ئەگەر ئێستا یەکنەگرن و کۆدەنگ نەبن بەدڵنیاییەوە داهاتوویەکی ناخۆشمان لێ پێشدا دەبێت

0
905

خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات لە ئارا دایە، شەڕ لە چەندین ناوچەی وەک شنۆ، ڕەبەت، مهاباد، پاوە، بانە و مەریوان و سەقز کراوە، ڕژیم گورزێکی گەورەی لێکەوتووە و دەگوترێ زیاتر لە ١٧٠ کوژراو و برینداری هەیە، لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و سەرجەم ڕیفۆرمخوازەکانی ناوخۆ و میدیای فارس و ئۆپۆزیسیۆنی فارس  بە گشتی دژ بە خەباتی چەکداری دەدوێن و بە کاولکاریی ماڵی خەڵک و ڕژانی خوێنی دەزانن و دەڵێن دەستکەوتی نابێ.

بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە، وتووێژێکمان لەگەڵ ڕێزدار ڕامبود لوتف پووری، چالاکی سیاسی، ئەنجام داوە کە لێرەدا دەخرێتە ڕوو.

ڕۆژی کورد: حدکا لە دوو ساڵی ڕابردووە سیاسەتێکی نوێی گەڵاڵە کردووە، کاراکتێرە سیاسیەکانی ئەو حیزبە ڕایانگەیاندووە پشتگیری خەباتی مەدەنی دەکەن و هاوسەنگەرانی شەقامیان لە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە خۆرهەڵاتی کوردستان بەتەنیا ناهێڵنەوە بۆ ئەم مەبەستەش جووڵەیان بە هێزی پێشمەرگەیان کردووە بە چەشنێک وەک ڕاگەیەنەرە گشتییەکان باس دەکەن چالاکیە سیاسی تەشکیلاتیەکانی ئەو حیزبە لە ئاستێکی بەریندا لە ناوخۆی خۆرهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە و  ئەمەش  دژکردوەی هێزە ئەمنییەتی و نیزامیەکانی دەسەڵاتی ئیرانی بە شوێنەوە بووە بە گشتی ڕوانینتان لەو بوراەوە چیە؟

ڕامبود لوتف پووری
ڕامبود لوتف پووری

لوتف پووری: ئەم هەڵوێستەی حدکا هەرچەند درەنگ بوو بەڵام بەجێ و لۆژیکی بوو، نزیک بە ۲۰ ساڵە کە حیزبی دیمۆکرات بە شێوەیەکی بەرچاو چالاکییە چەکدارییەکانی خۆی کەم کردۆتەوە بە شێوەیەک کە دەتوانین بڵێین بەگشتی ئامادەبوونێکی زۆر کەمڕەنگی لە گۆڕەپانی ململانێی سیاسیی کوردستاندا هەبووە. هەرچەند رەنگە من وەک خۆم چ ئەو کات و چ ئێستاش ئەوەم بە هەڵوێستێکی گونجاو نەزانیبێ بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی باشووری کوردستان لە ماوەی ئەو ۲۰ ساڵە و رەچاو کردنی هەلومەرجی هەستیاری ئەو بەشەی کوردستان لەو ماوەیەدا دەکرێ وەک هەڵوێستێکی پاساو هەڵگری لێکبدەینەوە. بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە و جیهان گۆڕانکاریی گەورەی بە خۆوە دیت، گۆڕانکارییەک کە پرسی کوردی لە پەراوێز دەرهێنا و خستییە چەقی هاوکێشەکانەوە. دوابەدوای ئەم گۆڕانکارییە کورد لە باشوور و ڕۆژئاوا و تەنانەت باکووری کوردستانیش بوو بە یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم هاوکێشە نوێیە و توانی چەند هەنگاوی گەورە و بەرچاو لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیدا هەڵگرێ ، تەنیا بەشێک لە کورد کە لەم ماوەیەدا هەست بە لاوازی و غیابی لەم رەوتە نوێیەدا دەکرا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. واتە جوڵانەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەیتوانیبوو بە کردەوە ببێتە بەشێک لە هاوکێشەکان و جێگا و سەنگی خۆی لە دیزاینی نوێی هێزە سیاسییەکانی ناوچەکەدا بدۆزێتەوە و جێگیری بکات. هەرچەند چالاکانی ناوخۆی وڵات بە پێی دەرەتان جاروبار هەنگاویان بۆ ئەو مەبەستە هەڵدەگرت بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک نەیتوانی بۆشایی چالاکی حیزبەکان پڕ بکاتەوە. بۆیە پێم وایە حیزبی دیمۆکرات بە لێکدانەوەی دروستی چەند پارامێترێک توانی جارێکیتر بێتەوە نێو بازنەی هاوکێشەکان و رۆڵی خۆی وەک بەشێک لە پڕۆسەی گۆڕانکارییەکان ببینێتەوە. یەکەم، بارودۆخی باشووری کوردستان گۆڕاوە و چیتر بێدەنگیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک هەر خزمەت بە سەقامگیری و پێشڤەچوونی پرسی کورد لەم بەشە ناکات بەڵکوو دەبێتە هۆی لاواز بوونی لە هاوسەنگیی هێز و ململانێی نێوان بەرەکاندا. دووهەم ، پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ لە پەراوێز بێتە دەر و چ وەک بەشێک لە جووڵانەوەی رزگاریخوازانەی هەموو کوردستان و چ وەک بەشێک لە بەرەی دیمۆکراسیخوازی و دژە تیرۆریزم لە ناوچەکەدا ئەرک و رۆڵی خۆی بە جێ بگەینێت. سێهەم، خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بەرەوڕوو بوون لە گەڵ سیستمی تۆتالیتێر و دەسەڵاتی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی، ناتوانێ تەنیا پشت بە چالاکانی نێوخۆ ببەستێت و هەموو قورسایی ئەو خەباتە لە سەر شانی ئەوان دابنێت بەڵکوو پێویستە جوڵانەوەیەکی چەکدارانە وەک لاهێز و پشتیوانی ئەو خەباتە وەگەڕ بخرێتەوە. ئەم راسانە بێگومان کۆماری ئیسلامیی هەژاند چوونکە ئێران وەک سەرەکیترین ئەکتەری بەرەی تیرۆریزم و دژە دیمۆکراسی لەم ماوەیەدا توانیبووی ئاگری شەڕەکان لە خۆی دوور بخاتەوە و بە قەوڵی خۆی ببێتە دوورگەیەکی ئارام لە زەریای خرۆشانی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا. بەڵام ئەم جۆڵانەوەی حدکا و کوردی ڕۆژهەڵات بەگشتی دوو هێڵی سووری راست و چەپی بە سەر ئەم دوورگەیە و پڕوپاگاندای ئەم رژیمەدا هێنا. بۆیە وا شڵەژاوە.

ڕۆژی کورد: پێویست بوونی بەرگریی چەکداری هەنووکەیی لە خۆڕهەڵاتی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

لوتف پووری: پێم وایە ئەگەر دەرەتانی دیمۆکراتیک بۆ خەبات و ململانێی سیاسی لە ئێراندا هەبا حیزبی دیمۆکرات قەت چەکی هەڵنەدەگرت ، بەڵام لە هەلومەرجێکدا کە کەمترین مەجال بۆ رادەربڕینێکی ئازادانەش نیە چۆن خەباتی سیاسی دەکەی؟ دەسەڵاتێک کە رێگا بە هەندێک ریفۆرمی سیاسیی سەرەتاییش نادا چۆن دەهێڵێ لە رێگای ئاشتییانەوە پێ لەسەر پرسێکی گرینگی وەک مافی دیاریکردنی چارەنووس دابگری؟ خۆ حیزبی دیمۆکرات یەکدابەدوو چەکی هەڵنەگرت و خەباتی چەکدارانەی رانەگەیاند، حیزبی دیمۆکرات هەموو رێگا دیمۆکراتیکەکانی تاقی کردەوە، بەڵام ئاکامەکەی چ بوو؟ حوکمی جەهاد ، کوشتن ، زیندان ، ئەشکەنجە ، ئیعدام و تیرۆر و تەنانەت تیرۆری رێبەرەکانیشمان. بۆیە شێوابی خەباتی چەکداری بژاردەی دڵخوازی کورد و حیزبی دیمۆکرات نەبووە و نیە بەڵکوو هەڵسوکەوتی نا دیمۆکراتیک و سەرکوتکارانەی لایەنی دەسەڵاتدارە کە ئەم شێوازە خەباتەت بە سەردا دەسەپێنێ.

ڕۆژی کورد: ئاوێتە کردنەوەی بەرگریی چەکداری و خەباتی مەدەنی ئاراستە کردییەکانی چۆن پێناسە دەکەن؟

 لوتف پووری: خەباتی مەدەنی پێناسەی خۆی هەیە و پێویستی بە بوونی کۆمەڵگایەکی مەدەنی هەیە، ئەمە لە گەڵ مەدەنییەت یا شارستانییەت جیاوازە کە مێژووەکەی بۆ رابردوویەکی کۆنتر دەگەڕێتەوە. واتە کۆمەڵگای مەدەنی بەرهەمی مۆدێڕنیتەیە وکۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیکە کە ئازادی رادەربڕین و ئەحزابی تێدایە ، کۆمەڵگایەکە کە تێیدا نافەرمانی مەدەنی پێناسە کراوە و رێگا و رێکاری یاسایی بۆ دانراوە ، کۆمەڵگایەکە کەتێیدا دەسەڵات دەستاودەست دەکرێ و رێگا بە هەژمۆنخوازی و تاکڕەوی نادرێ. لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا هیچکام لەم فاکتەرانە بەدی ناکرێ بۆیە پێم وا نیە هەر لەجێدا بژاردەی خەباتە مەدەنی لە ئێراندا بژاردەیەکی گونجاو بێت. بەڵام ئەگەر مەبەست بە جەماوەریتر کردنی خەبای شۆڕشگێڕانەی کورد و گرێدانی خەباتی شار و شاخ لە یەکتر بێت، پێم وایە ئەوە دەگونجێ بەڵام پێویستی بە هەوڵ و رێکخستنی زیاتر هەیە.

ڕۆژی کورد: شیوازی بەرگریی چەکداری دەخوازێ هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژەڵاتی کوردستان بە هاوئاهەنگی یەکتر ئەرکە نیشتمانیەکانیان بەرێوە بەرن پێتان وایە ئەقڵییەتی عەمەلی بۆ بەرێوە چوونی ئەرکێکی شیاو چەندە ئیمکانی عەمەلی هەیە؟

لوتف پووری: بێگومان ئەگەر بمانهەوێ باشترین دەسکەوتمان لەم خەباتەدا هەبێ پێویستمان بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی هەموو هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت هاودەنگیی هێزەکانی پارچەکانیتری کوردستانیش هەیە . بەڵام بە داخەوە لە ئێستادا ئەم پێویستییە نەهاتۆتە دی، جیا بوونەوە و لێکدابڕانەکان ئەوەندەیتر ئەم کارەی سەخت کردۆتەوە ، بۆیە پێویستە سەرەتا ئەو لایەنانەی کە لێک جیا بوونەتەوە یەکبگرنەوە و ئینجا هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی لە ڕۆژهەڵات بدرێ و دواتریش کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بۆ هەموو کورد پێکبهێندرێت. ئەمە ئایدیالترین دۆخە بۆ ئەوەی پرسی کورد کارتی بەهێزی بۆ یاریکردنی سیاسی هەبێت. بە تایبەت لەم قۆناغەدا کە کوردی ڕۆژهەڵات جارێکیتر دەستی داوەتە چەک و شانبەشانی پارچەکانیتری کوردستان بۆ مافەکانی خەبات دەکات.سەبارەت بەوەش کە ئایا ئەم عەقڵییەتە لە نێو هێزەکانی ڕۆژهەڵاتدا بوونی هەیە یا نا ، نامهەوێ پێشداوەری بکەم و هیوادارم کە هەبێت ، هەرچەند بە گشتی پێم وایە هەموومان لەو راستییە دەگەین بەڵام بەداخەوە هەندێک جار بەرژەوەندیی لاوەکی و تێبینیی ناپێویست وا لە ڵایەنەکان دەکات نەتوانن بە خاڵی هاوبەش و کۆدەنگی بگەن. بەڵام سەرباری هەموو ئەوانەش پێم وایە ئەگەر هەلومەرجی بەرهەست و دەرهەست واتە عەینی و زیهنی بە تەواوەتی بێتە ئاراوە، یەکگرتن و کۆدەنگی بە دوور نابینم. پێشم وایە خەریکین لەو ئامانجە نزیک دەبینەوە.

ڕۆژی کورد: هێزە نیشتمانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەماهەنگێکی شیاو دا کە ئاماژەتان پێکرد دەتوانن ئەو ئەزموونە بۆ دواڕۆژی دەسەڵاتی سیاسیش بەکار بێنن؟ ئایا ئەو هاوکارییانە چەندە بۆ گەیشتن بە ئەقلییەتیکی سیاسی – دێمکراتیک و پلۆراڵ دەبێتە پێویستی خەبات و تێکۆشانی هەمە لایەنە ؟

لوتف پووری: بەڵێ، ئەگەر ئێستا و لە هەلومەرجی خەباتدا بتوانن ئەو هاوئاهەنگی و یەکگرتووییەیان هەبێت ، دەتوانن وەک ئەزموونێک بۆ داهاتووی دەسەڵاتداریشیانی بگوێزنەوە، هەرچەند ئەمە پێچەوانەکەشی راستە، واتە ئەگەر ئێستا یەکنەگرن و کۆدەنگ نەبن بەدڵنیاییەوە داهاتوویەکی ناخۆشمان لێ پێشدا دەبێت. هاوکاری و هاوئاهەنگی پێویستی بە کولتووری یەکتر قبووڵ کردن و رێزی بەرامبەر هەیە، واتە قبووڵ بکەین کە کەس یا لایەنی جیاواز لە ئێمەش لەو کۆمەڵگایەدا بوونیان هەیە و دەبێ وەک خۆیان وەربگیرێن و رێز لە ماف و ئازادییەکانیان بگیردرێ. ئەگەر ئێمە لەم قۆناغەدا بتوانین بوونی ئەو کولتوورە لە ئاکاری خۆماندا بسەلمێنین بێگومان دەتوانین هیوادار بین کە لە داهاتوودا کۆمەڵگایەکی دیمۆکرات و پلوڕاڵمان هەبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت