محەمەد نەزەری: بۆ ئازادیی کوردستان ٢٣ ساڵ دیکەش زیندانی دەکێشم/وتووێژی تایبەتیی ڕۆژی کورد

0
1004

ڕۆژی کورد: محەمەد نەزەری لە بە پێشنیەترین زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێراندا، باس لە دۆخی خراپی زیندان، هەڵسووکەوتی نەشیاوی بەشی بێهداری و گوشارەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دەکات.

ئەو زیندانییە سیاسیەی خەڵکی سایین قەڵا، ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کراو بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی لەسێدارە درانی بۆ بڕایەوەو پاشان ساڵی ١٣٧٨ حوکمەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

محەمەد نەزەری لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر پێداگریی خۆی لەپێناو ئازادیدا، ڕایگەیاند: ئێستا ٢٣هەمین ساڵی زیندانی کرانم لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا تێپەڕ دەکەم، بێگومان ئامادەم بۆ ئازادیی کوردستان ٢٣ ساڵی دیکەش زیندانی بکێشم.

ئەو زیندانییە بە پێشینە کوردە ڕاشیگەیاند: “نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات ماوەیەک پێش ئێستا پێی ڕاگەیاندم کە داوای لێبوردن بکەم، بەڵام من پێم ڕاگەیاند هیچکات داوای لێبوردن ناکەم چونکە من جیا لە ئازادی، بەرابەری و دێمۆکراسی داوای هیچی دیکەم نەکردووە، کەوابوو بۆچی دەبێ داوای لێبوردن بکەم.”

ئەو زیندانییە سیاسیە ئەوەشی خستەڕوو کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا تەنیا یەک داواکاریم هەبووە کە بۆ زیندانی زێدی خۆم، شاری سایین قەڵا یان زیندانی ورمێ بگوازرێمەوە، بەڵام هەتا ئێستا ڕەزامەندییان لەگەڵ ئەو داوایەش دەرنەبڕیوە، کاتێک ئەم حکوومەتە زیندانی کران لە زیندانی زێدی خۆم پێ ڕەوا نابینێ، نابێ لە پێناو ئازادیدا شێلگیرتر بم؟.

من لە ماوەی ئەو ٢٣ ساڵەدا، دایک، برا و باوکم لەدەست داوە، ئیتر هیچ شتێکم نییە لە دەستی بدەم، کەوابوو دەبێ شەرافەت و کەرامەتی ئازادیخوازی لەلای خەڵکی خۆم بپارێزم و ڕێزی بۆ دابنیم.

هەروەها گوتیشی من لە پێناو ئازادی بۆ نەتەوەی کورد نیوەی تەمەنم لە زینداندا تێپەر کردووەو هەمیشە لە بیری ئازادیی ئەم نەتەوەیەدا بووم و هیوام ئەوەیە ئەگەر ڕۆژێک ئازاد بووم لەلایەن نەتەوەی کوردیشەوە بە چاوی ڕێزەوە سەیر بکرێم و بەو ئاواتەوە دەژیم.

نەزەری گوتیشی ٢ ساڵ پێش پێیان ڕاگەیاندم کە عەلی جەلیلی “ئوستاندار”ی پاریزگەی ورمێ دژایەتی لەگەڵ ڕاگوێزرانی من بۆ ورمێ دەکات، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە وەزارەتی ئیتلاعات بە شێوەیەک ڕق و کینەی لە من و حیزبی دیمۆکرات هەیە، تەنانەت دوای ٢٣ ساڵ ئامادە نییە بچووکترین داخوازیی من قەبووڵ بکات.

نەزەری ئەوەشی خستەڕوو، ئەندامەتی لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا یەکێک لە شانازییەکانی من بووەو هەیە و بەوپەڕی شانازییەوە دەڵێم ئەگەر ئەندامی ئەو حیزبە نەبوایەم نەمدەتوانی ئەو ٢٣ ساڵ زیندانییە تێپەر بکەم و بە دڵنیاییەوە دەمردم، بۆیە هیچکات لە ئەندامەتی ئەو حیزبە پەشیمان نابم.

هەروەها ڕەخنەی لە دانووستانی حیزبی دیمۆکرات لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامیی ئێران کرد و گوتی: هیوادارم ئەو حیزبە هەڵەکانی ڕابردووی دووپات نەکاتەوە و هیواداریشم بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و شەخسی کاک مەسعوود بارزانی دژایەتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی حیزبی دیمۆکرات نەکەن.

محەمەد نەزەری، زیندانیی تەمەن ٤٥ ساڵەی خەڵکی سایین قەڵا بە یەکێک لە بە پێشینەترین زیندانیانی سیاسی لە کوردستان و ئێران دادەندرێ و هەنووکە لە ساڵۆنی ١٢ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ٢٣هەمین ساڵی زیندانی کردنەکەی تێپەڕ دەکات.

ئەو زیندانییە سیاسیە لە دادگایەکی ٢٠ خولەکیدا حوکمی لەسێدارەدرانی بۆ بڕایەوەو لە کاتی دەستبەسەر کرانییەوە هەتا ئیستا بۆ ماوەی ٢٣ ساڵە بەبێ مەرەخەسی لە زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێراندا ڕاگیراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت