ڕەشید قازی:خاڵە لاوازەکانی دوژمن وەک باری ئابووری و عەسکەری و ئەمنیەتی دەست نیشان بکات و زەربەیان لێ بدات

0
1563

 کورد لە خۆڕهەڵاتی کوردستان ئەزموونی ڕەنگاڵەی بەرانبەر دەسەڵاتی ئایینی ئێران هەیە شێوازی خەباتی هەمە چەشنی بۆ بەرگری ئامانجەکانی پەیرەو  کردووە هەر لە شێوە خەباتی شەقامەوە تا بەرگری چەکداری بەو حاڵەشەوە سیاسەتی ژێنوساییدو ئاسمیلە کردنی کورد درێژەی هەیە ، هەنووکە هەمدیسان بەرگریی چەکداری بووەتە دیسکۆرسێکی زاڵ هۆکارە ناوچەیی و نێو خۆییەکانی ئەو بابەتە شرۆڤەی رەنگاڵە هەڵدەگرن.

خەباتی سڤیل، تێکۆشان بۆ داخوازییە نەتەوەیی و سینفیەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاراستەیەکی شێواوی هەیە بەشێک لە چالاکانی مەدەنی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تووندی لە بەرگری چەکداری رەخنەگرن و پێیان وایە بە دەستەوە گرتنی چەک دەبێتە دەسەت ئاوەڵا هێشتنەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ هەرچی زیاتر ئەمنییەتی کردنی کوردستان بەشێکی دیکە لەو هەڵسووڕاوانە وا بیر دەکەنەوە دەکرێ خەباتی شار و شاخ ئاوێتەی یەکتر بکرێتەوە و لەو دەلاقەوە مافەکانی گەڵی کورد بە مسۆگەر دەزانن ئەو ناتەباییانە چۆن دەکرێ بە ئاراستەیەکی واحیددا تئۆریزە بکرێنەوە ؟

بۆ تیشک خستنە سەر ئەو مژارە ڕۆژی کورد دیمانەیەکی لە گەڵ ڕێزدار رەشید قازی چالاکی سیاسی دانیشتووی وڵاتی دانمارک پێکهێناوە سرنجتانی بۆ رادەکێشین:

ڕۆژی کورد: هۆکارە ناوچەیی و ناوخۆییەکانی زەورەتی بەرگری چەکداری لە حاڵی حازردا چیە ؟

ڕەشید قازی
ڕەشید قازی

قازی: بەر لە هەموو شتێک سوپاس بۆ ئەم دیمانەیە کە لەگەڵ من پێکتان هێناوە. هیوادارم لە ئەرکەکانتا سەرکەوتو بن.

لە پەیوەندی لەگەڵ پرسێاری یەکەمدا دەبی بلێم هەر نەتەوەیەکی کە هەست بە چەوسانەوە و زوڵم و زۆری لەلایەن دەستەڵاتی حاکمەوە بکات بێ گومان بۆ وەدیهێنای ماف و ئازادیەکانی  بە جۆرەی تۆاناکانی ڕادەپەرێت. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو فاکتەری سەرەکی.

یەکەم: ڕادەی وشیاری خەڵک و کۆمەڵگە لەمەر ویست و داوخۆازیەکانێان.

 دووهەم: ئەم حیزب یا ریکخراوەیەی کە ڕێبەری جوڵانەوەکە دەکات و خەڵک لە قۆناغە جێاوازەکاندا زیاتر بە داخوازییەکانیان ئاشنا دەکات. بۆیە دەکرێت بە خۆشێەوە بڵێین کە کۆمەڵگەی کوردەواری بە درێژایی مێژوو خاوەن هەردووک فاکتەر بووە بۆیە  کورد لە هیچ سەردەمەکان  تەنانەت لە کاتی هێرشی ئیمپراتۆرەکانی ڕۆم و عەرەب و عەجەم  و سەری بۆ حاکمە زاڵمە سکۆڵار یان دینیەکان نەوی نەکردۆە و بەجۆرەی تۆاناکانی بەربەرەکانی کردۆە و هەر ئەوەش بۆتەی ڕەمزی مانەوەی کورد. ئێستاش کورد لە سەر زێدی خۆی خاوەن هیچ کام لە مافەکانی نیە بۆیە بە لە هەموو شێوازەکانی خەبات چ چەکداری چ  مەدنی، کەڵک وەردەگرێت تا بە ئامانجەکانی بگات و هەردووک لایەنیش ڕەوان بۆ مافی کوردە کەڵکیان لێ وەربگرێت.

 لەسەر هۆکاری دەرەکی، بە بڕوای من  دەبی خۆێندنەوەیەکی دوو لایەنەی بۆ بکرێت. هەروەک دەزانن بنکە و بارەگا سەرەکیەکانی هێزەکانی کوردی لەم دیوی سنوورەکان هەڵکەوتوون. بۆیە دەبێ بە پێی یاسا نێونەتەوەیەکان، یاسای دراوسێیەتی نێوان دوو وڵات لەبەرچاو بگیردرێت. نابێ لە دراوسێیەتی یەکتردا هێرش بکرێتە سەر خاکی یەکتری. بۆیە لەم هەل و مەرجەدا خەباتی چەکداری بە پێی بەربەستەکان دەکەوێتە ژێر پرسێار. بۆیە ئەرکی سەرەکی هیزەکانی کوردییە کە لایەنەکانی دیکەی خەبات گەشە پێبدەن و پشتگری خەباتی شەقام بە گشتی و خەباتی مەدەنی، کۆڕ و کۆمەڵە ئایینیەکان بەتایبەتی بگرن. سەرەڕای ئەوەش بەو پێیەی کە جوڵانەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی دیکە لە گەشەسەندن دایە و لەلایەن  کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوی و زلهێزەکانەوە پشتگریی سیاسی و نیزامیان لێدەکرێت و پێشمەرگە وەک چەکداری کورد بۆ بەرگەری لە مافەکانی کورد بە ئەرێنی ناسراوە، بێگومان دەبێێ گرنگی تایبەتی بەم ڕەوتەش بدرێت.

خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە مافە زەوتکراوەکان دەتۆانی چەندین شێوازی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و چەکداری هەبێت. ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە کام شێوە لە بڕگەی زەمانیدا کارایی زیاتری هەیە و خەڵک و ڕێبەرانی ئەم خەباتە چۆن مکانیزمەکانی گەیشتن بەم ئامانجە ئامادە دەکەن. ئەگەر ئاوڕێکی کورت لە مێژووی خۆمان بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەگەر کورد بەگشتی بەربەرەکانی چەکداری نەکردبا بێ گومان لە نێو لایەنەکانی دیکەدا دەتوایەوە یان باشتر بڵێم ئاسمیلە دەبوو. بەڵام بەرگری یا خەباتێکی بەرینی چەکداری هەمووکات بۆتە هۆکارێک کە کورد لە سەر خاک و زێدی خۆی وێڕای هێرشی بەربڵاوی ئیمپراتورەکانی ئێران و توران و عەجەم و ڕۆم و یونانی کۆن و هێرشی بەربڵاوی عەرەبەکان لە ژێر دینی ئیسلام و مەغول و ئیمپراتوری عوسمانی و سەفەویەکان و دەسەڵاتە سکۆلارەکانی وەک سەددام و ئەتاتورک و ڕەزاخان لەسەردەمی نوێدا نەیانتانی کورد لە ناو بەرن. کەواتە لەم سەردەمانەدا هەرکات و سات ئەوە بەرگری لەخۆبردوانەی کوردەکان بووە کە نەتەوەی کوردی لە نێیوچوون ڕزگار کردووەە.

ڕۆژی کورد : وەک پێشووتر جەختتان لە سەر بەرگری چەکداری و پێویست بوونی کردەوە ئەو شێوازە ڕەوایەی بەرگری لە ماف و ویستەکانی نەتەوەی کورد چۆن دەتوانی کورد بکاتە پارسەنگێکی دەرهەست تا لە هاوکێشە سیاسیەکاندا بە قەد قورسایی خۆی بنرخێندرێت؟

کۆماری ئیسلامیی ئێران مانەوەی خۆی لە قەیران دا دەبینێت و  بۆ مانەوەی خۆی پێوستی بە خوڵقاندنی قەیران هەم لە نێوخۆ و هەم لە دەروەی سنورەکانیدا هەیە. ئەگەر کەسانێک یان لایەێکی ڕیفۆرمخواز لەسەر ئەو بڕوایەن کە پێشمەرگە هۆکاری ئەمنیەتی بوونی ناوچەکەن، دەبێ پرسیار بکەین خۆ پێشمەرگە لە بەشەکانی دیکە ئێران واتە لە ناوچەی تورک یا تورکمەن یان خوزستان و یا فارس نیشینەکان نیە. ئەو ناوچانە بۆ لە کوردستان زیاتر ئەمنیەتی کراون؟ ئایا لەوێش خەباتێکی چەکداری بەرین لە ئارا دایە یان لەم ناوچانەش کۆمەڵانی خەڵک و پێکهاتەکانی دیکەی ئێرانیش لە مافە سەرەتایەکانیان بێبەش کراون و ژیانێکی کۆیلە و ژێر چەپۆکەیان هەیە و ملکەچی حاکمییەتێکی کۆنەپەرەست نابن و بۆ ژیانێکی سەردەمیانە تێدەکۆشن؟ جگە لەوەش ماوەیەکی زۆرە پێشمەرگە لە ناوچەکان دا نەبووە. بۆچی لەم ماوەدا ڕژیم نەیتوانی ئاسایش و ئەمنیەتی و ژیانی خەڵک دابین بکات و لەسەر چی بە دەیان و سەدان ڕۆلەی ئەم وڵاتە لە سێدارە دا؟ بە پێی ڕاپۆرتی ئەحمەد شەهید نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣دا لە هەر هەشت کاتژمێردا یەک کەس لە ئێران لە سێدارە دراوە، ئایا ئەوکاتیش لە سەرانسەری ئێران پێشمەرگە بوونی هەبوو؟ بۆیە ڕیفۆرمخوازن بۆ ئەوەی بتۆانن لە  داهاتودا ڕۆڵێکی باش و کاریگەریان لە ئاست چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆمەڵگادا هەبێ باشترە  ڕاستیەکان وەک خۆی ببینن و تاوانی ئەمنیەتی بوون نەک لە کوردستان بەڵکو لە سەرانسەری ئێران نەخەنە ئەستۆی پێشمەرگە. دەبێ پرسیارێک ئاراستەی ڕیفۆرمخۆازان بکەین ئایا خەڵکی کورد چ خەباتی چەکداری بکات و چ خەباتی مەدەنی، مافی ئەوەی هەیە وەک نەتەوەیەکی سەربەست و خاوەن کیانی سیاسی خۆی بێت؟ ئەگەر ئەم داوایە بۆ نەتەوەکانی ئێرانی زوویە، پرسیار ئەوەیە ئایا تاکێکی کورد مافی ئەوەی هەیە  بە بێ جیاوازی وەک شارۆمەندێکی ئێرانی حیسابی بۆ بکرێت و بە هۆی سووننە بوونی بە پلە دوو و بەهۆی کورد بوونی بە پلە سێ سەیر نەکرێت؟.  واتە ئەو بۆچوونانەی ڕیفۆرمخوازان لەوەی سەرچاوە دەگرێت کە لە ئێراندا بە هۆی پاوانخوازی دەسەڵات و حاکمیەتی سوپا وەک هێزی چەکداری ئیزن نادات تەنانەت دەرفەتێكی بچوکیش بێتە ئاراوە  بۆ دەربڕینی بیرو رای سەربەست یا پێکهێنانی  ریکخراو تەشکیلات ئازاد تا بتۆانی هەلگری دەرد ئازارەکانی خەڵک و کۆمەلگە بیت.

ڕۆژی کورد: خەباتی چەکداری دەتوانێ کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بکاتە پارسەنگێک کە حیسابی خۆی بۆ بکرێ ؟

ئەگەر خەباتی چەکداریمان لە شێوازی سوننەتی بەرەو شێوازێکی سەردمی و تێکەڵ بە تەکنۆلۆژی سەردەم بگوازینە بێ گومان نەک هەر پارسەنگی خەبات دەگۆڕدرێت، بەڵکوو خێرا ڕژیمیش ناچار دەکات ملکەچی داخوازییەکانی گەلی کورد بێت. بەداخەوە هێزەکانی کورد هەروەک پێشوو دەستەیەک پێشمەرگە لە گەرمێن ڕا بەرەو قووڵایی ناوچە دەنێرنەوە. پاش جەولەیەکی سیاسی-نیزامی دیسان دەگەڕێنەوە بۆ گەرمێن. ئەم شێوازە بە بڕوای من کارایی نەماوە. ڕێبەرایەتی جووڵانەوەی کورد دەبێ پێشمەرگە بە تکنۆلۆژی و چەک و چۆڵی سەربازی سەردەم تەیار بکات. خاڵە لاوازەکانی دوژمن وەک باری ئابووری و عەسکەری و  ئەمنیەتی دەست نیشان بکات و  زەربەیان لێ بدات. دەبێ بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزمونەکانی پ ک ک، تێبکۆشین نەک هەر لە کوردستان، بەڵکوو لە میاندواو و لە تەورێز و لە تارایش هەست بە دەرد و ئازار و مەینەتیەکانمان بکەن. ئێمە بۆ یەک جاریش نەمانتوانی مەترسی بخەینە سەر هێڵی شەمەنەفەر یا نەوت و گازی دوژمن. لەبیرمان نەچێتەوە ئێرانیەکان بە کەڵک وەرگرتن لە بۆمبی هوشمەند و بۆمبەکانی کەنار جادەی هێزەکانی ئەمریکایان لە ئێراق بە چۆک داهێنا. ئەوەش دەتوانێ باشترین ئەزمون بێت بە بێ تەلەفات لە دژی خودی ڕژیم بەکاریان بێنینەوە. پرسیار ئەوەیە ئایا هیزەکانی کوردی بۆجارێک مەترسیان خستە شارەکانی عەجەم نشین تا پارسەنگی کێشەکان بگۆڕێت؟.

ڕۆژی کورد : حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بە تێکڕا لە سەر مێتۆدی بەرگری ڕەوای چەکداری کۆکن، ئەوە دەتوانێ بەستێنێکی لەبار بێ بۆ ئەوەی بتوانن لە   پلاتفۆرمێکی هاوبەشدا کۆ ببنەوە لە بواری سایکۆلۆژی و ڕووحی بەرگریی نەتەوەیی ئەو یەکێتیە دەرئەنجامی سیاسی بەرچاوی دەبێ، ئیمکانی بە یەکەوە چالاکی کردنێکی وا لە ناو حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستاندا هەیە؟ بەرگری ڕەوای چەکداری لە حیزبە کانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخوازی بە هاوکاری یەکتر ئەو خەباتە ڕەرێوە بەرن ئیمکانی عەمەلی بوونی ئەوە هەیە؟

قازی: لە سیاسەتدا هیچ شتێک موتڵەق نیە بە تایبەتی بۆ ئەم هێز و لایەنانەی کە خاوەن خاڵ و تاکتیک و ستراتیژی هاوبەشن و بۆ کیشەی نەتەوەیەک هەوڵ دەدن. ئەگەر هێزەکانی کورد لە سەپاندنی هیژمۆنی خۆیان بەسەر یەکتردا دەست هەڵبگرن و بە دڵفراوانی ئاوڕێک لە هەڵەکانی ڕابردوویان بدەنەوە بێ گومان زۆر ساکار دەتوانن نەک پێکەوە خەباتی چەکداری بکەن دەتوانن بەهێزترین بەرەی کوردیش پێک بێنن. کاتێک مەسعوودبارزانی هاتەوە کوردستان بە عالەم ئاشکرا، بە هۆی شەڕی نێوخۆیی داوای لێبوردنی لە خەڵکی کورد کرد و ئامادەیی خۆی بۆ دادگایی کران دەربڕی. سەبارەت بە گرژییەکانی نیوان حدکا و قیادەی موەقەتیش لە قەندیل داوای لێبوردنی لە حدکا کرد. ئایا ئەم بوێرییە لە نێوان دێموکراتەکان و کۆمەڵەکاندا هەیە؟. ئێستاش تاوانی شەڕی کۆمەڵە و حدک ڕوون نەبۆوە و ئێستاش یەکتر بە دەست پێشخەریی ئەم تراژدیایە تاوانبار دەکەن. حدکا پاش ٩ ساڵ ناوی لایەنەکەی دیکە واتە حدک ناهێنێ. ئەوە لە کاتێکدایە لە قەندیل تەنیا ئەم دوو لایەنە هاوکار و پشت و پەنای یەکترن. لە قەرەسەقەل پارێزدەرانی ڕۆژهەڵات ڕۆڵی باشیان لە پشتگری و حەشاردان و دەربازکردنی چەند پێشمەرگەیەکی حدکا هەبووە و لە ساڵانی ڕابردووشدا  لە سەردەمی حدکاش وێڕای گرژێکی زۆر بە هاوکاری ئەمنی حدکا بوو کە بەرگری لە  تەقینەوەیەکی مەزن کە لەوانە بوو هەموو کۆمیتەی ناوەندی حدکاش لە نێو بچن پوچەڵ کرایەوە. دەبێ بڵێین سیاسەت لەسەر ئەمری واقع دەکرێت. ئەگەر ئەم لایەنانە وەک ئەمری واقع یەکتر قەبووڵ بکەن و باوەڕیان بە ڕزگاری نەتەوەکەیان بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو ڕەنگەکان هەبێت بێگومان بە کردەوە و بە عەمەلی خەباتی کورد وەرچەرخانێکی مەزنی تیدا دێتە ئاراوە و کەس ناتوانێ  وەها هێزێک دەستی کەم بگرێت.

 ڕۆژی کورد: بابەتێکی کە پرسیارەکان نەیتوانیوە بپرژێتە سەریان و دەتانهەوێ ئاماژەی پێ بدەن فەرموون .

بە گشتی خەباتی کورد خەباتێکی بەرحەق و ڕەوایە و دەبێ هەموو تاکی کورد و هەمو پێکهاتە و چین و تۆێژەکانی نەتەوەکەمان بە گوێرەی تۆانا و کەم و زۆر ئەرکی نەتەوەیی خۆیان بە جێ بگەیەنن. نابێ وا بیر بکەنەوە کە خەبات تەنیا ئەرکی سەرشانی لایەنێک واتە شاخ یا شەقامە. بە پێچەوانە دەبێ بە کەڵک وەرگرتن لە هێز و توانای هەموو لایەنەکان و بە گرێدانی خەباتی شار و شەقام بۆ گەیشتن ئەم ئامانجە پیرۆزانە هەنگاوو بنێن. دەست لەسەر دەستدانی هەرلایەنێک خەونی وەدیهاتنی ئاواتەکانمان وەدرەنگی دەخات. لە کۆتایشدا نابێ تێبکۆشتین کە خەباتی چەکداری بکەینە مەبەست و ستراتیژی. بە پێچەوانەش نابێ قرمەی چەکەکانمان لە چیاکان کپ و بێ دەنگ بکەین و چاوەڕۆانی شار بین ئاواتەکانمان وەدی بینیت، ئەویش لەوەها دەستەڵاتێک کە هەتا ڕوحم بە کەسایەتی و خادمەکانی خۆی وەک موسەوی و کەڕوبی و مونتەزری ناکات. بۆیە لەم دەرفەتدا لەو کاتەدا کە بۆجارێکی دیکە گەڕاوینەوە بۆ قەندیل دەبێ بە خۆێندنەوەیەکی نوێ گرینگی زیاتر بە قەندیل یا چیاکان بدرێت و هێزەکانی کوردی خۆیان بۆ خەباتێکی چەکداری بە ئامادەکردنی مکانیزمەکانی وەک پشت بەرەکانی شەڕ، داوودەرمان و نەخۆشخانە، باری ماڵی کەرستەی سەربازی و تەقەمەنی قورس و ڕەواندنەوەی گرژییەکان و ڕێکخستنی ماڵی کورد ئامادە بکەن. بە کوردی و بە کورتی لە ژوورەوە ماڵی خۆمان ڕێک بخەینەوە و بە وتار و گوتار و کردەوەی هاوبەش گوڕو تینێکی دیکە بە جوڵانەوەی ببەخشین و لە دونیای دەرەوەش بە دیپڵۆماسی و پێکهێنانی لۆبی کورددۆزی ڕەوای کورد بەرینە سەر کورسی وڵاتە بڕیاردەرکان و کێشەکەمان بکەینە کێشەی ڕۆژ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت