٦ کەس لە زیندانی ورمێ لەسێدارە دران

0
2214

ڕۆژی کورد: ٦ کەسی خەڵکی ورمێ کە رۆژی ڕابردوو بە مەبەستی لە سێدارەدان بۆ ژووری تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی ورمێ  گوازرابوونەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ  چوارشەممە٦ی گەلاویژی ١٣٩٥ی هەتاوی بە بڕیاری دەزگای دادوەریی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لەسێدارە دران.

بەپێی زانیارییەکان ئەو ٦ هاووڵاتییە لە حەوشەی زیندانی دەریای ورمێ و بە ئامادەبوونی دادستانی و بەرپرسانی ئەمنی و نیزامیی ڕژیم لەو شارە لەسێدارە دراون.

مەجید هێرکووڵی خەلكی گوندی باڵووی ورمێ، ڕەحمان  فوولادی، موجتەبا شێرخانی و عەبدوڵڵا قادری، عەلی تەلعەتی و چەنگیز شیری ئەو ٦ کەسە بوون کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی لەسێدارە درانیان جیىەجێ کراوە.

دەزگای دادوەریی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو ٦ کەسەی بە تۆمەتی “بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر” بە سێدارە مەحکووم کردبوو، کە پاش پشتڕاست کرانەوەی حوکمەکەیان لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتی ئێرانەوە دەستبەجێ لەسێدارە دران.

ئەو ٦ هاووڵاتییە لە بەندەکانی ١٢ و ١٤ی زیندانی ورمێ‌دا راگیرابوون و پاشنیوەڕۆی رۆژی ڕابردوو بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندان گوازرابوونەوە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ٤ کەس لەو لەسێدارەدراوانە، کوردن.

بەپێی هەواڵ و زانیارییەکانی ناوەندەکانی چالاکی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە حەوتووی یەکەمی مانگی ژوئیەی 2016 لانیکەم 40 کەس لە باژێڕە جیاجیاکانی ئێران لە دار دراون و ئەژماری لەداردانەکانیش بەرەو زێدەبوونە.

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە ڕۆژی سێ شەممە 5ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی بڵاو بۆتەوە دەڵێ لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ ـەوە تا ئێستا لانیکەم 250 زیندانی لە ئێران لەدار دراون.

بەوپێیە، لە ئێران هەر ڕۆژ لانیکەم یەک کەس لەدار دراوە کە لە چاو 25 ساڵی ڕابردوو، پەرەی سەندووە و زێدەترین ڕێژەی لەداردان لە ئەمساڵدا بووە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، ڕێژەی لەداردان لە ئێران لە مانگی ڕەمەزان، سەرەتاکانی نەورۆز و لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دادەبەزێ و لە چاو مانگەکانی تری ساڵ، کەمترە.

ئێران لە دوای چین، زێدەترین ئاماری لەدار دانی هەیە و پلەی دووهەمی بۆخۆی تۆمار کردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت