ڕۆژی کورد: ڕاوێژکاری تایبه‌تی خامنەیی لە كاروباری سه‌ربازیدا نیگه‌رانیی ڕژیمی له‌مەڕ دانوستانی نێوان ئه‌مریكا و روسیا سه‌باره‌ت به قه‌یرانی سوریا ڕاگه‌یاند و دەڵێ له‌وانه‌یه له دانوستانه نهێنییه‌كانی ڕووسیا و ئه‌مریكادا لەسەر سوریا، به‌رژوه‌ندیی ئه‌مریكا زیاتر دابین بكرێت و “به‌شێكی كه‌متر به ئێران” بدرێت.
یه‌حیا ڕه‌حیم سه‌فه‌وی، راوێژكاری خامه‌نه‌یی له به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی ئاماژەی بە دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا کرد و گوتی: “له سوریا، له لایه‌كه‌وه هاوپه‌یمانی نێوان ئێران، روسیا و حزبوڵڵای لوبنان هه‌یه و له لایه‌كی تره‌وه له نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئوردن، توركیا، ئه‌مریكا و ئیسرائیل هه‌یه.”
راوێژكاری سەربازیی خامه‌نه‌یی گوتیشی: “ئێستا سازشی نێوان ئه‌مریكا و ڕووسیا هه‌یه كه هیوادارین ئه‌مریكا فێڵ له ڕووسیا نه‌كات و ڕووسیا نه‌كه‌وێته ناو یارییه‌ك كه به‌رژوه‌ندیی ئه‌مریكا زیاتر بێت و به‌شی ئێران كه‌متر بێت.”
فه‌رمانده‌ی پێشووی سوپای پاسداران، هەروەها لەمەڕ دڵەڕاوکێی ئێران گوتی: “هه‌ردوو زلهێز پێكه‌وه “بگره و به‌رده”یان هه‌یه و سیاسه‌تمه‌دارانی ئێران پێویسته وشیار بن و له‌و نێوه‌دا به‌رژوه‌ندی و به‌شی ئێران لە بیر نەچتەوە، له سیاسه‌تدا پشت به‌ستن و باوه‌ڕ بوونی نییه، به‌ڵكو به‌رژوه‌ندی گرنگە،هه‌ربۆیهش پێویسته ئاگاداری به‌رژوه‌ندییه‌كانمان به‌تایبه‌تی لەمەڕ ئاسایشی جێگیر و قووڵایی به‌رگری ستراتیژیی ئێران بین.”