تیرۆریزم، ناسنامەی حکومەتی ئیسلامیی تارانە

0
975
سەعید باخی
سەعید باخی

نووسەر: سەعید باخی

ڕژیمی کۆنەپەرەستی ئاخوندی لە ساتەوەختی هاتنە سەرکاری و دەستداگرتن بەسەر شۆڕشی گەلانی زۆرلێکراوی ئێران لە ساڵی 1357ی کۆچی هەتاوی ـەوە، بە هەموو شێوازێک لە هەوڵی سەرکوتی بیروڕای جیاواز دابووە و بۆ ئەو مەبەستەش لە هیچ شتێک سڵی نەکردۆتەوە.

حکومەتی دژەگەلیی تاران، یەکێک لەو ڕێگایانەی کە بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجە نگریسەکانی کەڵکی لێ وەرگرتووە، تیـــرۆر بووە و بەردەوام لەو جۆرە چەکە دژەمرۆییە بۆ سەرکوت و لەناوبردنی دەنگی ئازادیخوازان کەڵکی وەرگرتووە و بەکارهێنانی لە تیرۆر لەلایەن ئەو ڕژیمە کۆنەپەرەستەوە بە ڕادەیەک قووڵ و بەربەرینە کە ئێستا کە هەموان لەسەر ئەوە کۆکن کە “تیرۆریزم، شوناس ڕژیمی کۆنەپەرەستیی ئاخوندیە” کە لەژێر ناوی حکومەتی کۆماری ئیسلامیدا خۆی پێناسە دەکات لە حاڵێکدا کە ئەو حکومەتە قەت کۆمار (بەواتای خەڵک بوون) نەبووە و بەدڵنیاییشەوە نابێت. و قەوارەکەی گەلێک لەوە بەرتەسکترە.

نەتەوەی کورد پاش هاتنەسەرکاری حکومەتی ئاخوندی و بەئاگایی بەوەی کە ئەو حکومەتە هیچ مافێک لە مافە سەرەتاییەکانی گەلی کورد دابین ناکات و بە بایکۆتی بەڕواڵەت گشتپرسیی “ئەرێ یا نا”ـی ئەو حکومەتە، کەوتە بەر ڕق و کینەی ئەو ڕژیمە کۆنەپەرەستە و هەر لەسەرەتاوە تاوەکوو ئێستا بەهەموو شێوەیەک هەوڵی لەناوبردنی لە ئارادا بووە و هەیە.

نەتەوەی کورد هەر لە 28ی گەلاوێژی 1358ی کۆچی هەتاوی ـەوە و بە دەرکردنی فەرمانی جیهادی خومەینی بە دژی گەلی کورد لە خۆرهەڵات، بوو بە ئامانجی هێزە سەرکوت و داگیرکەرەکانی کوردستان و ئەو جیهادەی خومەینی تاوەکوو ئێستاش پاش 37 ساڵ بە هەموو شێوە و شێوازەکان درێژەی هەیە، جیهادێک لەدژی گەلی کورد کە هەر لە سەرەتاکانیەوە بە دەیان هەزار شەهید، ئاوارە، کەمئەندام و بێ سەر و شوێن و زیندانیی و هەروەها دەیان و بگرە سەدان گوند و ناوچەی وێران و کاولکراوی لێکەوتەوە.

حکومەتی دژەکوردی و دژەمرۆڤیی ئاخوندیی تاران هەر لە سەرەتاکانی حکومەتداریی خۆیەوە نەک تەنیا لەدژی کورد بەڵکوو لەدژی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە دژبەری بوون و بیری ئازادیخوازانە و مرۆڤدۆستانەیان هەبوو، سەرکوتی گرتە بەر و بەهەموو شێوە و ئامرازێکی ناڕەوا دەستی کرد بە لەناوی بردنیان، بەڵام نەتەوەی کورد زۆر سیستماتیکتر کەوتە لە هەموو ئەوانی تر بەر هێرش.

تیرۆریزمی حکومەتی ئاخوندیی تاران بە ئاستێک بەربەرینە کە نووسین و لێکدانەوەی هەمەلایەنە و وردی کردەوەکانی لە دووتوێی چەندین کتێبیشدا ناگونجێت چ بگات بە بابەتێک، بۆیە لێرەدا بە شێوەیەکی کورت و پوخت باس لە چەند تیرۆری تیرۆریزم و تیرۆریستەکانی ئەو حکومەتە دەکەین کە لەدژی حیزبی دێموکرات ئەنجامی داون.

تیرۆری ڤییەن، تیرۆری بێرلین و تیرۆری زیاتر لە 150 کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کوردستانی باشوور لە بەرچاوترین نموونەکانی تیرۆریزمی دەوڵەتیی حکومەتی دژەمرۆڤایەتیی تاران لە دژی حیزبی دێموکرات دان.

تیرۆری ڤییەن:

22ی پووشپەڕی ساڵی 1368ی هەتاوی، ئەو ڕۆژە بوو کە تیرۆریزمی ڕژیمی کۆنەپەرەستی ئیسلامیی تاران گەییشتە ئەوپەڕی خۆی پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچاوانی ئەو ڕژیمەوە هەتاهەتایە دەمێنێتەوە.

لەو ڕۆژەدا دیپلۆمات-تیرۆریستەکانی حکومەتی ئاخوندی لە ڤییەن ـی پێتەختی وڵاتی ئوتریش، دەسڕێژی گولـلەیان کردە سەر شاندی دانوستاندکاری حیزبی دێموکرات و لە ئاکامدا دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی شەهید کران.

تیرۆری سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی لەلایەن دیپلۆمات-تیرۆریستەکانی ڕژیمی تارانەوە لە وڵاتی ئوتریش هەتاکوو ئێستاش بەهۆی بەرژروەندیی ئابووریی حکومەتی ئوتریش لەگەڵ ڕژیمی ئێران پەردەپۆش کراوە و پەروەندەی ئەو تیرۆرە کە نموونەیەکی هەرەبەرچاوی تیرۆریزمی دەوڵەتیی حکومەتی ئێرانە، نەخراوەتە گەڕ و بووەتە قوربانیی سات و سەودای نێوان دوو حکومەتی ئوتریش و ئێران.

تیرۆری میکۆنۆس (بێرلین)

26ی خەرمانانی ساڵی 1371ی هەتاوی، سێ ساڵ و دوو مانگ پاش تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە وڵاتی ئوتریش، ئەمجار دوکتور سادق (سەعید) شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە ڕێستۆرانتی میکۆنۆس لە بێرلین کرانە ئامانجی تیمی تیرۆریستیی حکومەتی تاران. لە ئاکامی ئەم کردەوە تیرۆریستییەدا دوکتور شەرەفکەندی، سکرتێری کاتی حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی شەهید کران.

جیاوازیی نێوان ئەم دوو تیرۆرە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پاش ئەم کردەوە تیرۆریستە، دەزگای دادوەری وڵاتی ئاڵمان سەربەخۆیی خۆی بەکردەوە سەلماند و ئەو دۆسیەی بە وردی لێک دایەوە و لە ئاکامدا کاربەدەستانی حکومەتی تاران بە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە مەحکووم کران.

گرینگیی دادگای میکۆنۆس تەنانەت لە ئاستی جیهاندا تا ئاستێک بەرچاو بووە کە وڵاتی ئەمریکا خەڵات و نیشانەی دادوەری و بوێری پێشكەش بە دادوەرانی ئەو دۆسیەیە کرد.

لە ئاکامی ئەم دادگایە، دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی حکومەتی تاران لە خامنەیی ڕێبەری حکومەتی ئێرانەوە بەرەو خوار تاوەکوو ڕەفسەنجانی و ویلایەتی و فەلاحیان و موحسین ڕەزایی بە دەست تێدابوون و بەرنامەداڕشتن بۆ ئەو تیرۆرە مەحکووم کران و لە ئاکامدا لەبواری نێودەوڵەتییەوە ئێران کەوتە پەراوێزەوە و زۆرێک لە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا باڵوێزەکانیان لە تاران کشاندەوە.

تیرۆری دژی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان

دەیەی 70ی هەتاوی، تیرۆری ئەندام، لایەنگر، پێشمەرگە و کادرەکانی حیزبی دێموکرات لە کوردستانی باشوور گەییشتە ئەوپەڕی خۆی و لە ماوەی چەند ساڵێکدا زیاتر لە 150 کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە کوردستانی باشوور تیرۆر کران.

لەو ماوەیەدا و پاش نیشتەجێ بوونی حیزبی دێموکرات لە کۆیە، حکومەتی تاران بە هەموو شێوازێک لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ناوچە ژێردەسەڵاتەکانی یەکیەتیی نیشتمانی دەستی کرد بە تیرۆری پێشمەرگەو کادرەکانی حیزبی دێموکرات و ئەم شەپۆلە بە ئاستێک بەرین بوو کە ڕێبەرایەتیی ئەوکاتی حیزبیشی گرتەوە و تاوەکوو ئێستاش لەلایەن هیچ دەزگایەکی دادوەری و حکومەتییەوە لە باشوور باسی لێوە نەکراوە.

خاڵی تری جێگای سەرنج لەو تیرۆرانە لە کوردستانی باشوور هاوکاریی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ حکومەتی تاران بووە و ئەوەش لە ڕووداوەکەی دەروازەی کۆیەدا بەڕوونی و سەلمێندار بۆمان دەردەکەوێت.

هەنووکە و بە دەستپێکردنی وەرزێکی نوێ لە خەبات لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە، چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێت کە هەڵمەتەکانی تیرۆر لەلایەن حکومەتی دژەمرۆڤایی تارانەوە دیسان دەست پێبکاتەوە چونکە دیرۆک سەلماندوویە کە حکومەتی تاران بۆ بەرژەوەندیی خۆی لە هیچ کردەوەیەک سڵ ناکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت