تەق تەق…. لێدە ویژدانی شار خەوتووە…

0
1126
feridoun hakim zadeeeeee
 فەرەیدوون حەکیم زادە

    زۆر دەمێکە هاوار دەکەم و لە زۆر جێیانیش نووسینم لەسەر سەردەشت و ڕووداوە قێزەونەکانی بڵاو بۆتەوە. بەڵام ئەوەی کە شایانی باسە و مرۆڤ دڵتەنگ دەکا کەمتەرخەمی خەڵکانی خۆمان لەو کاتە ناسکە دایە کە نەتوانرێ ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە لە لایان خۆمان چارەسەر بکرێ و نەبێتە بنێشتە خۆشکەی سەر زاری نەیاران و بەداخەوە زۆر جاریش یاران. ئەم بەردەوامییە لە ژنۆسایدی سپی و قڕکردنی میللەتێک، هەر لایەنێک ناگرێتەوە، بەڵکوڕەگ­وڕیشەی لە نەخۆشییەکی یەکجار قووڵدا هەیە کە لە درێژایی زەمەن دا کەڵەکە بووە و ئێستاش وەک گرفتێک خۆی نواندووە. وەنەبێ تاکی مرۆڤ لەسەرەتای لە دایک­بوونییەوە نەخۆش لەدایک بووبێ و خۆی ویستیاری ئەم بارودۆخە نالەبارە بێ. کردارگەل و دژەکردار و پاڕادۆکسی ئەرێنی و نەرێنی زۆر، لە درێژایی و پانتایی ژیان، ئەوی وەک پێویست بارنەهێناوە. کۆمەڵگای نەخۆش، مرۆڤی نەخۆش پەروەردە دەکا. مرۆڤگەلێک بە کۆڵێ مەحرومییەتی پێنەگەیشتوو کە کەڵەکە دەکرێن و لە شوێنێک دەیانهەوێ خۆیان دەرخەن. کۆمەڵگایەک کە نەخۆشەکان ناوەکان و دەموچاویان لێک ناچن. تاقمێک پێیان دەڵێن: دوکتور، نووسەر، مامۆستا، بەقاڵ، دوکاندارو….

   ئەو ڕۆژانە کتێبێکم خوێندەوە، دێڕێکی تێدابوو زۆر سرنجی ڕاکێشام کە مرۆڤ چۆن ئەسیری ڕابردوویەتی، یا تەنانەت بڵێم مرۆڤی وڵاتانی دواکەوتوو. لەو کتێبەدا دەنووسێ: “ئێمە کە کاتی خۆی لەگەڕەکەکانی شار شەڕمان دەکرد، دوا ساڵانێک هەر ئەو دوودەستەگی و چەنددەستەگی لەناو حیزبەکانیش خۆی نواند و شوێنی وەک تاک لەسەرمان دانابوو.” واتا دەبێ بڵێم منداڵی و هەڵسوکەوتی بنەماڵەیی و کۆمەڵگا چەندە شوێن لەسەر مرۆڤ دادەنێ.  بۆی هەیە لەدەست نیشان کردنی کێشەکانی ناوەوە و دەرەوەی مرۆڤ ویستگەلێک و ناویستگەلێک دەوری سەرەکیی بگێڕن و تێگەیشتن و پێنەگەیشتنیان ببێتە گرێ پوچکە بۆ مرۆڤ. وەک: گرێی جنسی، گرێی کەسایەتی، گرێی کۆمەڵایەتی، گرێی بنەماڵەیی و….

   ئەوەی یەکەم کە کاتی خۆی زیگمۆند فرۆید لەفکری چارەسەری دابووە، گەورەترین کێشەی ناوەوەیە کە تاکی کورد بەردەوام شاردوویەتەوە و ئەوی وەک کەسایەتێکی “پرابێلماتیک” واتە دووشەخسیەتە(دەتوانین بڵێین کێشەدار) بار هێناوە و هەردەم بۆ سەرکووت کردنی لەناو خۆی سەربازی داناوە. ئەم ویستە ڕەوا و ناڕەوایانە کۆبوونەوە و بوونە کۆگایەک لە گرێ. تا دوایی کە ماوەیەک پێک دێ، دەزانرێ چ دەکا و چ ناکا؟ بەداخەوە بە دەگمەن ڕۆشنبیرانێکیش هەبوون و هەن خۆ لەقەرەی ئەو باسانە بدەن، چۆن خۆشیان پەروەردەی ئەم فەرهەنگە سەخیفەن. سرینچاوەی سەرەکی ئەم گرێیە هەر تاک نییە. دەسەڵاتی حاکم و کۆمەڵگای سونەتی و شەڕوکێشەکان و ئاژاوە سیاسی و فەرهەنگیەکان بەشدارن. ئەو بەشەش چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی وەک: توندوتیژی ژنان، سڕینەوەی ژن بە بۆنەی ناموس پارێزی، تووشبون بە مادەسڕکەرەکان و منداڵانی کاری بەدواوە هەیە. خەتی سور زۆرجار لە جەوێکی ئازاد یا بڵێین کراوەی وەک وڵاتانی تر، لە لایەن تاکی کورد دەبەزێ و ژن و پیاو هەی دێ, هەرکام بەدوای ژیانێکی بێ یەکتر، قەلفڕی بۆ دەکەن. لە وڵاتان و لەناوخۆی ئێمەش جار هەیە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە رێگای دروست و نادروستیان بۆ دۆزیوەتەوە، کە بۆتە ئاسایی بوونی ئەم بەشە ئاڵۆزەی ژیانی تاکی کورد.

   کێشەیەکی تر گرێی کەسایەتییە، کە زادەی پەروەردەی بنەماڵەیی و کۆمەڵی جێ ژیانییەتی. ئەم کەسایەتییە سرینچاوەکەی ڕاستەوخۆ بنەماڵەیە، داسەپاندنی فەرهەنگی خوڕافە و ترس و دڵەڕاوکێ لە دڵی منداڵ بە بۆنەی جۆراوجۆر، کێشەکان قووڵ و قووڵتر دەکا. ئەوانەی ئێمە مەرگیان بۆ دەنێرین و بە شانازیەوە دەڵێن وڵاتانی زلهێز و داگیرکەر، لەمێژە کار لەسەر خۆیان و دوایی لەسەر رەوان و دەروونی ئێمە دەکەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان. ساڵێکیان دۆستێک بۆی گێڕامەوە کە لە هێندوستان چەند کرێکار لەسەر کار دەبن، مانگایەک لەوێ تێپەڕ دەبێ، گورج سەفیرێکی ئینگلیزی زمان دێتە خوار و کلکی مانگاکە ماچ دەکا و پاشاو پاش دەگەڕیتەوە، کرێکارەکانیش وادەکەن. شەو هاوڕێکانی سەفیر لێی تووڕە دەبن و پێی دەڵێن بۆ واتکرد؟ ئەتۆ ئێمەت سووک کرد. سەفیری گۆرین دەڵی: نا، ئەوان وردە وردە خەریک بوون سەری مانگا ماچ کەن. من بەو کارە سەد ساڵ بردمنەوە دواوە، ئێستا ئەوانیش کلکی مانگا ماچ دەکەن. ئەو هەویرە ئاو زۆر هەڵدەگرێ، کە نە جێی ئێرەیە و نە منیش لێزانی ئەو بوارەم.

    گرێی کۆمەڵایەتی ئەو بەشە دەگرێتەوە کە بەداخەوە هەرچی پێویستە تا ڕادەیەک لە بنەماڵەدا قەوماوە و کۆمەڵگا یا خراپتری دەکا یا چاکتری دەکا، ئەویش بە کۆمەڵگای چاک و خراپ هەڵکەوتووە. فەرهەنگی چاولێکەری، حەزلەخۆکەری، خۆبەزلزانی، سووک چاولێکردن و…. ئەو دیاردە خراوانەن کە سەر لە مرۆڤ دەستێنێ. ئەوەندە لە خۆبایی دەبێ کە تەنانەت وادەزانێ کەس کارە خراپەکانیان نابینێ و نازانن کە ئەو پووڵ و پارەیەی هەینانە لە کوێ ڕا هاتووە. لە کۆڕ و مەجلیسان سینگیان دێننە پێش و باس باسی سێ ئێف و بارگین و پاشان مەواد و شیشەیە. جەژنی خاوەندی چەند ملیاردی دەگرێ و قاقا بە ریشی خەڵک پێدەکەنێ. ناخۆشیەکەی لەوە دایە زۆرکەس بەشداری ئەم مەجلیسە ناڕەوایانە دەبن و نەویستانە بەشداری ئەو ژنۆسایدە سپییە دەکەن. لەسەریان ناڵێن و نانووسن نەکا پێیان ناخۆش بێ و بکەونە ژێر ڕق و قینی ئەوان. پیاوە بەساڵاچوو و بێکارەکانمان لە پارکی شار دۆمینە و ئازنیف و تەختە دەکەن، دەبینن چۆن لەوێندەرێ کاری ناجوانمێرانە لەگەڵ منداڵانی خەڵکی شارەکەی دەکرێ، بەڵام ناێیکیان لەدەم دەرناچێ. بەماوەی ٢٩ ساڵ دەبێ، تاقە ژنێکی لە پارکی ناوەڕاستی شارەکەم نابینی. کەسێک کە نیوەی کۆمەڵگای پێک هێناوە، بۆ تەنانەت ساتێک توانای دانیشتن و حەسانەوەی لەو پارکە نییە. پتانسێلێک کە دەیتوانی چارەساز بێ بۆ شارەکەی تەنیا بە فکری”جوت شەشە” و “حەپی بەیازە”. تەق تەق…. لەیدە ویجدانی شار خەوتووە…

 بەداخم بۆ شارێک کە زەمەنێک جێی گەورە پیاوان و ژنانێک بوو کە بەڕێزەوە ناویان دەبرا. بۆنی عەتری زانست و ئایین و سەوادیان، گونداو گوند، ڕەوەزاوڕەوەز، شاربەشار و وڵات بە وڵات دەڕۆیی. وەک ئیبنولحاج، مەلاعەوڵا و مەلامەحموود بێتووشی، مەلاوسووی ئەسەم، عەزیزخان موکری(سەرداری کول)، موساخانی موکری، مەلاعەزیز واعیزی، مەلائاوارە و ….

  ٢٩ ساڵ بەسەر ڕشانەوەی فڕۆکەکانی گورگی بەغدا تێپەڕی، بەدەیان و سەدان پیاو و ژن و منداڵ و پیر و لاو، تێداچوون. دیاری حاکمی بەغدا بۆ کورد غەیری قڕکردن و ڕەشەکوژی و زیندان و سیاچاڵ نەبوو. بەساڵاچوان دەڵێن بەدوای چوان دا مەڕۆن. ئەوەیکە ڕوون ئاشکرایە، بەردەوامی ئەم ژنۆسایدە، لەوڕۆدا جێی باسە. دوورکەوتنەوە و پەڕوپاگەندە بۆ ئەو بەشە قێزەونە، ئەرکی هەموو تاکێکە. تا ئەرکی نەتەوەیی و ئینسانی خۆی بە جێ بێنێ، لە خۆڕا ڕوو لە شتە چاکەکان، بەبیانوی هەبوونی چەندکەسی خراو لەناوماندا نەگێڕین. دەمهەوێ بڵێم زۆر جار مرۆڤ لە قۆناغێک لە ژیانی دەیهەوێ کەمایەسیەکانی ژیانی بە لاڕێیی قەرەبوو بکاتەوە، ئەم قەرەبوو کردنەوەش لەو ماوەیەدا، دەست ڕۆیشتوویی گەرەکە و بۆ ئەمەش ساناترین کار وەدەست هێنانی، پووڵی چڵکنە. پووڵێک کە دێت و لێی نەنووسراوە کێی پێ بەدبەخت بووە، چ ژن و مێردێک ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان مایەپووش بووە. چ باوک و دایکانێک ئاخ هەڵدەکێشن کە جگەرگۆشەکانیان بە مردوویی دەژین. هیوادارم ئەم بەسەرهاتە دامێنی ئەوانە بگرێتەوە کە بەئەنقەست لەفکری سست کردنی رۆحی سەبزی و سەروەری، شارێک دان تا بۆ خۆیان چەند ساتێک خۆشتر بژین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت