کرماشان: مۆڵەتی فەرمی بۆ کوشتن و تەقە کردن لە کۆڵبەران دەرکرا

0
752

ڕۆژی کورد: یەکێک لە کۆمیسیۆنەکانی پارێزگاریی کرماشان بڕیارنامەیەکی خستە بواری جێبەجی کردنەوە کە بەو پێیە کار و بژیویی ژیانی کۆڵبەران سنووردار و بەرەوڕووی تەقەی هێزە نیزامییەکان دەبنەوە.

هەواڵدەریی ئیسنا وێڕای بڵاو کردنەوەی ڕاپۆرتێک لە ژێر ناوی “هێنانی کەلوپەلی ژەهراوی لەلایەن کۆڵبەرانەوە، قەدەغە کرا”، بەستێنی داخستنی سنوورەکان و تەقە کردن لە کۆڵبەرانی پێک هێنایەوە.

بەرپرسی چاوەدێری بەسەر کەلوپەلی خواردن و بەشی تەندروستیی پارێزگەی کرماشان  “ئاوێتە بوونی لەسەدا ٨٠ی کەلوپەلی خواردن هاوردە کراوی کۆڵبەران بە ماددەی شیمیایی نەناسراو”ی وەکوو بیانووی بەرنگاربوونەوەی کۆڵبەران و جیىەجێ کردنی یاسای تازە پەسندکراو راگەیاندووە.

حەمید ڕەزا مستەوف، بەبێ ئاماژە کردن بە شێوازی بەرنگاربوونەوە و سزادانی کۆڵبەرانی هەڵگری کەلوپەلی خواردن و ئارایشی، باسی لە دەستبەسەرداگرتنی ٤٣٩ هەزار کیلۆ برنجی کۆلبەران لە ماوەی سالی ٩٤دا کردووە.

هەروەها ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە لە ماوەی سالی ڕابردوودا ٣٢ هەزار کیلۆ چایی و ٧٥٠٠ کیلۆ گوێز و بادام و ١٦٣ هەزار جۆر کەلوپەلی ئارایشی و جوانکاری کە لەلایەن کۆلبەرانەوە هاوردە کرابوون، دەستی بەسەردا گیراوە.

دەستبەسەردا گرتنی بار و کوشتنی کۆڵبەران لە کاتێکدایە کە بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی بێکاریی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچەکانی نزیک سنوور، ژومارەی کۆڵبەران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ روو لە زیادبوون دەکات و بەو هۆیەوە هەر کۆڵبەرێک لە ماوەی حەوتوویەکدا تەنیا یەک یان دوو جار دەتوانن بارێکی ٢٠ هەتا ٥٠ کیلۆیی لە سنوورەکان ئاڵوێر بکەن.

به وتەی کەسانی ئاگادار، بەرپرسانی ڕژیم کە مانگێک پێش ئێستا بە ناچاری و لە ئەنجامی مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەربڵاوی هاووڵاتیان سنوورەکانیان کردەوە، هەنووکە بە بیانووی قەدەغە کردنی کەلوپەلی ژەهراویی خواردن، بەستێن بۆ داخستنی سەرلەنوێێ سنوورەکان و تەقە کردن لە کۆلبەران خۆش دەکەن.

خەڵکی شارەکانی مەریوان، بانه، سەردەشت و پیرانشار، سەرەتای مانگی بانەمەڕ و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە داخرانی سنوورەکان، وێڕای داخستنی دووکان و بازاڕەکان، لە بەردەم دەرگای فەرمانداریی شارەکاندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنا.

بە سەرنجدان به بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ کۆڵبەران و داخستنی ڕێگەی کۆڵبەران، دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە دەستپێکردنەوەی کوشتاری کۆڵبەرانی بێ دیفاع لەلایەن چەکدارانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە چاوەڕوان دەکرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.