ماملێ: گۆڕستانەکانی هەر نەتەوەیەک بەشێکە لە سامانە کولتووری و مێژوویەکانی ئەو نەتەوەیە

0
1680

رۆژی کورد: ئێوە یەکێک لە ئەندام و چالاکانی کەمپینێکن بە ناوی نا بۆ تێکدانی مەزارگەی ناودارانی کوردئامانجتان لە ڕێکخستنی ئەو کەمپینە چیە؟

وریا ماملێ
وریا ماملێ

ماملێ: لە دونیای پێشکەوتووی ئەمڕۆ دا، دەستی مڕۆڤەکان کراوەترە بۆ خۆرێکخستن و بەرەنگاربوونەوەی مەدەنی و کاریگەر. ئامانج لە وەگەڕ خستنی ئەم کەمپەینە، لە لایەک ڕوونکردنەوەی زیاتر و گەیاندنی زانیاریی وورد بە دڵسۆزان و بە کۆمەڵگایە لەمەر ئەم کەتنە و لە لایەکیش گوشاری مەدەنییە دژ بە ئەو تێکدەر و کاربەدەستانەیە کە بەردەوام چاویان بە پیرۆزییەکانی گەلی کورد هەڵنایەت و بۆ تواندنەوەی کولتوور، زمان و بەها نەتەوەییەکانمان (سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن) بۆ چرکەیەکیش بێکار نابن.

ڕۆژی کورد: باسی سیاسەتی ئاسمیلەو تواندنەوەی نەتەوەی کوردتان کرد، مەزارگەی شاعیران و ناودارانی کورد دەکەوێتە خانەی سامانی فەرهەنگی و نیشتمانی کوردستان مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە هێرشکردن بۆ سەر ئەو ڕەهەندە فەرهەنگییە چیە؟

ماملێ: گۆڕستانەکانی هەر نەتەوەیەک بەشێکە لە سامانە کولتووری و مێژوویەکانی ئەو نەتەوەیە. خەزێنەیەکە لە زانیاری کولتووری، سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتی. نووکی تیژی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن یا تواندنەوەی ئێتنیکی، گۆڕستانەکانیش دەگرێتەوە. لە گۆڕستانی کوردان کە مەکۆی خەڵکێکی شۆڕشگێر و ئازادی خوازە، بە دڵنیاییەوە  کێلی و سەرسینگی گۆڕەکانیان تەژی لە شێعر و نووسراوە نەتەوەیی و ئازادی خوازانەن.  زۆربەی ئەم شێعر و نووسراوانە بە زمانی کوردی دەنووسرێن کە چاوی دووژمن بەم زمانە هەڵنایەت و بەردەوام لە هەوڵی تواندنەوەی دایە. هەروەها ئەم شێعرانە هەر کامیان سروودێکی کپکراوی ئەوکی کوردی بێبەشە. ئەم سروودانە گەر لە سەر دیواری شەقامەکانی ناو شار بنووسرێنەوە بە دڵنیاییەوە دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵک و کوونجی زیندان و ئەشکەنجە چاوەڕانیان دەکات.

لە کۆنەوە باب و باپیرانمان کێل و بەرد بۆ گۆڕەکان دادەنێن وەک هێمایەکی نەمریی. با لە گۆڕی “سارم بەگی موکری” بڕوانین کە پێشتریش کێل و بەردی هەبووە و ئێساتش نوێیان کردۆتەوە. با لە گۆڕستانی “سیکەنە” ڕامێنین کە یادگارێکە لە ئەژدادەکلانمان. هەر هەمووی نیشانەی بەسەرپێوە بوون و ڕاوەستاو بوونە و نەمرییە. گفتێک هەیە لە کوردەواری دا دەڵێت “ڕاوەستاو بیت”، واتە “هەر بژی”، “هەر بمێنی”.  ئاخر ڕاوەستاو مردن بەشێکە لە کولتوور و مێژووی کوردەواری. کورد فێرە ڕاوەستاو بمرێت و کێلی بە ڕاوەستاوی بۆ دابنێن. دەنا گۆڕستانی کوردان چ جیاوازییەکی دەبێت لەگەڵ گۆڕستانی نەتەوەکانی تر.

ڕۆژی کورد: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی کۆمەلێک چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی کوردەوە دەستی بۆ ئەو بابەتە ورووژێنەرە بردووە، ئێوە لە نووسین و ڕوانگەکانتاندا ڕەخنەتان بەرەو ڕووی ئەو کەس و لایەنانە ئاراستە کردووە. بە ڕوونی ڕەخنە و پێشنیارتان بۆ ئەو کەسانەی بەشداری ئەو وێرانکارییە فەرهەنگیەن چیە و لە هەمان کاتیشدا ڕاسپاردەتان بۆ دڵسۆزان و چالاکانی فەرهەنگی لە نێو خۆی خۆرهەڵاتی کوردستان باس بکەن؟

ماملێ: من حەز دەکەم کە ڕاستکردنەوەیەک لە پرسیارەکەتان دا بکەم. لە ڕاستی دا من لە سەرەتاوە و ئێستاشی لەگەڵ بێت ڕوو قسەم لە (ئەنجومەنی ئیسلامی شارەوانی شاری مەهاباد) بووە نەک،  چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی. تەنانەت هەر نەمدەزانی کە گردی شاعیران و هونەرمەندان، لێژنەی باوەڕپێکراو (هەیئەت ئومەنا)ـیان هەیە. لەم لێژنەیە دا چەند چالاکێکی فەرهەنگی ئەندامن.  بەداخەوە لەجیاتی بەردەنگی من کە ئەنجومەنی شار بوو و پێویست بوو ئەوان وەڵامم بدەنەوە، کەچی لە هەڵوێستەیەکی چاوەڕوان‌نەکراو دا دوو کەس لە ئەندامانی لێژنەی باوەڕپێکراو خۆیان کرد بە بەردەنگ و دەمڕاستی پڕۆژەکە و وەڵامی ڕەخنەی من و زۆر لە دڵسۆزانیان دایەوە. بە چەشنێک کە خۆیان کرد بە بەرپرسی ئەم کەتنە.

لە هەمووی کارەساتترئەوەیە کە یەک لەم ئەندامانی لێژنەکە، کە خاوەنی گۆڤارێکە لەم شارە، کە لە سێبەری تێکۆشان و زەحمەتکێشانی دەیان نووسەر و ئەدیب و لێکۆلێنەری زمانی کوردی،  هەروەها لە سێبەری ناوی بەخوێن پەروەردەکراوی “مەهاباد” دا، لە ژمارەی ١٦٨ی ئەم گۆڤارەدا لە لایان خاوەن گۆڤارەکەوە (مودیرمەسئوول) سەروتارێک دەنووسێت کە تێی دا پەلامار و بێڕێزییەکی هەراو کراوەتە سەر ئەو ڕەخنەگر و دڵسۆزانەی کە بەنووسینی ڕای خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا، پرۆسەی جوانکاریی بەدزی و فزی گردی شاعیران و هونەرمەندانی مەهابادیان، هێنابوو ژێر پرسیار.

ئەم بەڕێزە لە وتارەکەیان دا، تیتکی بەسەر کەسەوە نەهێشتووە و ڕەخنەگران بە کەسانی ساویلکە، بێ‌ئاگا، دواکەوتووی ناو کۆمەڵگا، توێژی ئاسایی و خوارەوەی کۆمەڵگا، ڕەشۆک(بێ بایخ و بە هێند وەرنەگیراو)، جاهیل، تاقمی دم پڕ لە هەرا، پۆپۆلیست، بە هەڵپەهەڵپ (تەنیا سەگ هەڵپەهەڵپ دەکات)پێناسە دەکات و بەم ئەدەبیاتەوە، خۆی سەر بە جیلی ئەدیب و ڕووناکبیر دەزانێ و بۆمان بۆتە پێشەنگی بنەماڵەی ئەدەبیی شاری مەهاباد.

ئەم جۆرە لێدوانانەی گۆڤاری مەهاباد لە کاتێک دایە کە بەشێک لەم ڕەخنەگرانە، کەسانی لێزان و کارناس بوون کە بە ڕاڤەکردنی بێلایەن و زانستییانە کە دڵسۆزیی نیشتمان ئامیان بووە و کەتنەکەی ئەم بەڕێزانەیان لە گردی شاعیران و هونەرمەندان لۆمە کردووە.

ئەم وتارەی (مودیرمەسئووڵ)، ڕەخنە ڕەواکانی ڕەخنەگرانی بەرو ئاقارێکی نالۆژیک و دوور لە ئێتیک برد کە بە بڕوای من هیچ پێویستی نەدەکرد. دەکرا بەڕێز (مودیرمەسئووڵ)، لێبوردننامەیەکی ساکاری بنووسیبا و دانی بەهەڵەکانی خۆی دانابا و بەڵێن ئەوەی دابا کە ئەوەی بۆی بلوێت بیکات بۆ قەرەبۆکردنەوەی ئەم کەتنە. مخابن ئەم ووتارە تا هەتایە بوو بە خاڵێکی ڕەش لە تەوێڵی (مودیرمەسئووڵ) و گۆڤارەکەی کە بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان بەکاری دەهێنێت و کردوویە بە تریبۆنی شوورای شاری مەهاباد.

بەڵێ، ڕژێم زۆر لەوانە ژیرترە کە ئێمە دەیناسین. ئەو زۆر بەباشی کەڵکە لە هەستی دڵسۆزانەی کەسایەتییە بەرچاوەکانی کورد وەردەگرێت بۆ بەڕێوەبردنی بەخشکە و بێ خشپەی خۆی. لێرەدایە کە فەڕزە لەسەر هەموو ئەم تێکۆشەرانەی ناو کۆمەڵگای کوردی کە خۆیان بپارێزن لەم داوە.

لەم بوارەدا وەرگێر و شاعیر ، ڕەسوڵ سوڵتانی زۆر جوان دواوە و دەڵێ: (هیچ کەس بەمە دڵخۆش نییە کە خەڵكێكی پەرێزپاك، كە لە سۆنگەی قەڵەمە ڕەنگین و جوانەكەیانەوە پێگەیەكی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییان لەنێو خەڵكەكەماندا هەیە، خۆیان بكەنە قەڵغانی بەڵای كۆمەڵێك بەرپرسی گەندەڵ و هەلپەرست.)

ڕۆژی کورد: بە هۆی چالاکی ئێوە هەتا ڕادەیەک بابەتی دەستێوەردانی گڵکۆی شاعیران، نووسەران، ئەدیبان و هونەرمەندانی کورد بووە بە بابەتێکی هەستیار، ئاشکرایە ئێوە ڕەخنەتان لە دەستێوەردانی بە مەبەست و سڕینەوەی فەرهەنگییە بەڵگە نەویستە گڵکۆی ناودارانی کورد پێوسیتی بە چآکسازی هەیە پێشنیارتان بۆ چاککردنەوە و ڕێکخستنەوی ئەو گڵکۆیانە چیە ؟

ماملێ: من وەک تاکێکی کورد و وەک یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کەمپەینی #نا_بۆ_تێكدانی_مەزارگەی_ناودارانی_كورد کە پێشتریش ڕاشکاوانە ڕای خۆمان لەم گرینگە دەربڕیوە. دیسانیش دووپاتی دەکەمەوە کە با ئەم پێشنیارانە بە هێند وەربگرن تا کێشەکان تەشەنە نەکاتەوە و ئێمەش بکەوینە سپاسوێژییان.

پێشنیارەکان بەم چەشنەن:

١- هەتا سەرمای زستان نەبووەتە میوانی گردەکە، لە ماوەی دوو حەوتووی داهاتوودا وەك یەكەم هەنگاوی سەلماندنی نیازپاكی بەرپرسان ئەو گاشەبەرد(سەتڵی زبڵ)ـانەی بەناوی كێل بۆ گۆڕەکانیان داناون، لابەرن و کێل و سەرسینگەکان  وێڕای دەقاودەقی نووسراوەکان دابنرێنەوە. جیا لەو کێل و سەرسینگانە هیچ چەشنە مێتۆدێکی تر وەک(ئێلێمانت، یا شتی لەم چەشنە) قابیلی قەبوڵ نییە.  لەگەڵ ئەوەدا، كە ناو و ناسناوی شاعیر و هونەرمەندەكان بە كوردی بنووسرێتەوە و ناسناوی هێمن و هەژاریش لە ناوە عەرەبییەكەیان درشتتر بنووسرێتەوە

٢- دەبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێت کە پێشتر دەستێکی نگریس چەند جار هەوڵی شکانی کێلەکانی پێشووی داوە و کێلەکانی ئێستا وا هەڵبژێردرێن کە نەیار نەتوانێ لە تاریکی شەودا زەفەریان پێبەرێ و بیانشکێنێ.

٣- ئەو گرده مەکۆی زمانی کوردییە و بە دڵنیاییەوە دەبێ کێلە نوێیەکان بە زمانی کوردی بنوسرێن و تێبینیی ئەوە لەبەر چاو بگیردرێت، کە هێندێ لە کەسایەتییەکان نازناوە ئەدەبییەکانیان پێناسەیانە؛ پێویستە لەسەر کێلەکانیشیان هەمان پێناسە بە جوانی دەرکەوێت.

٥- ڕۆژی کورد: شیکردنەوەیەکی پێویست کە پرسیارەکان سرنجی نەخستووەتە سەر تکایە بیفەرمون.

زۆر بەداخەوە پاشی زایاتر لە مانگێک کە بەسەر ئەم کەتنە دا تێدەپەڕێت، بەردەوام چاوەروان بووین کە وەڵامێكی دڵخۆشکەر لە بەرپرسانەوە ببیسین. دیارە لە ڕۆژی ٢٥/١٠/٢٠١٦ شارەداری مەهاباد هاتە سەر خەت و بەڵێنی نووسینەوەی نووسراوەکانی لە سەر سینگی گۆڕەکانی داوە. ئەم بڕیارە لە لایەک بە پۆزێتیڤ و باش هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت بەڵام خۆدزینەوەیەکی فێڵاویشی پێوە دیارە. بەڕێز شارەدار فەرمووی کە ئەم گاشەبردانە لا نابەین. کەواتە کێشەکە هەر لە جێێ خۆیەتی و ئەم بڕیارە بە هیچ لەونێک وەڵامی داخوازییەکانی خەڵک نییە. مادام ئەوان ئەم گاشە بەردانە لا نابەن، با خۆشیان ماندوو نەکەن بۆ نووسینەوەی شێعرەکان. چوون هیچکەس لێیان قەبووڵ ناکات و ئێمە وەک کەمپەین و وەک بنەماڵەکەمان چالاکییەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی کە قسەمان ببیسن. من پێشتریش باسم لێوە کرد کە تکایە (گرێیەک بە دەست دەکرێتەوە، مەیخەنە ددان).

لە یادمان نەچۆتەوە کە کاتێک ڕژێم فەرمانی جیهادی خومەینی بەڕێوەدەبرد لە کوردستان، کەسانێک هەبوون کە لە ڕژێم نیزیک بوون. باو بوو دەیانگووت “ئەو کەسانە خەڵکیان پێ‌دەگیرێت بەڵام، خەڵکیان پێ بەرنادرێت”. لەم کەیسەش دا ڕژێم بەهەمان شێوە کەڵک لە بەرپرسانی ئەم کەتنە وەردەگرێت. واتە: “پێیان وێران دەکات بەڵام، پێیان چاک ناکاتەوە”.

لە کۆتایی دا، هاوڕێی خۆشەویستم مامۆستا شاهۆ حوسەینی ووتەیەکی جوانی گووت کە پێم حەیفە لێرە دووپاتی نەکەمەوە. دەیفەرموو:
(لابردنی کیل و بەردەکانی گردی شاعیران، نووسەران و هوونەرمەندانی مەهاباد لە دەسەڵاتی شۆرای شار و هەیئەتی ئوومەنا دا بوو، بەڵام دانانەوەکەی لە دەسەڵاتی ناوەندەکانی ئەمنییەتی دایە نەک شۆرای شار و هەیئەتی ئوومەنا، بۆیە ئیرادەیەکی بەربڵاوی مەدەنی، جەماوەری ویەکگرتووی پێویستە بۆ دانانەوەیان)

با ئەم بەرپرسە بەڕێزانە ئەم ڕاستییە باش بزانن کە بەدەنگەوەهاتنی هاواری خەڵک، کەمایەسی نییە. بەپێچەوانە، سەرکەوتنێکی گەورەیە و  گەورەیی ئەوان پێشان دەدات و لای خەڵک خۆشەویست و خاوەن ڕێز دەمێننەوە.

رۆژی کورد: بەرێز وریا ماملێ شارەزای بواری کەلتووری و چالاکی فەرهەنگی سپاس بۆ کات و ڕوانینتان.

زۆر سپاس بۆ ئەم کاتەی کە بە منتان بەخشی

هەر بمێنن و ڕاوەستاو بن

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت