کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٣٠

0
1845

سۆران کەرباسیان

پێشتر ئاماژە بەم گرنگە کراوە کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان [دواتر حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران)] مافی چالاکی سیاسیی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوو و تەنانەت پاش ئەوە کە دەستهەڵاتی پەهلەوی کەوتە بەر زەخت و گوشاری جەماوەر، سەرەڕای ئەوە کە مافی ئازادبوونی چالاکی سیاسیی بە زۆر تاقم و گرووپ درا، بەڵام حیزبی دێمۆکڕات لەو ئازادی‌یە بێبەربوو. حیزبی دێمۆکڕات‌یش کە تاقە حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لەو زەمەن‌دا کە پەهلەوی خەریکبوو دەستهەڵاتەکەی بۆ هەتاهەتایە لەدەستبدا، لە پڕش و بڵاوییەکی بەرچاو‌دا بوو.

لەو کاتدا دوکتوور قاسملوو لە دەگمەن ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی دێمۆکڕات بوو کە لە ئەورووپا چالاک بوو. زۆرینەی سەرکردایەتی کەمڕێژەی دێمۆکڕات لە عێراق دەژیان. چەند کەسێکیان لە ئەورووپا بوون و ئەندامانی نێوخۆی دێمۆکڕاتیش یان بە شێوەی نهێنی دەژیان، یان ئەوە کە لە زیندان‌دا دەستبەسەر کرابوون و یان ئەوە کە لەژێر چاوەدێری ساواک‌دا بە ریسکێکی زۆر دەژیان و جارجار دەیانتوانی جوڵەیەک لە خۆیان نیشان بدەن. لە نێوان سەرکردایەتی دێمۆکڕاتیش لە عێڕاق کێشەی شەخسی و جیاوازی بۆچوون بە ڕادەیەک بوو کە لە کۆتایی‌دا حیزبی دێمۆکڕات ناچار بوو بەرپرسیارەتیی لە هەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی خۆی بستێنێتەوە و تەنانەت جێگری سێکرێتێری گشتیی حیزب هەلپەسێردرا.

بەر لەوە کە ئاماژەیەکی کورت بە ئەو کێشانە بکرێت، پێویستە ئەمەش بگوترێت کە کوردەکانی سەر بە سۆڤیەت لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە حیزبی دێمۆکڕات ببەنە ژێر سێبەری سەرۆکایەتی حیزبی تودەی ئێران. ڕەحیم سەیف قازی و عەلی گەلاوێژ بابەتێکیان لەسەر مێژووی حیزبی دێمۆکڕات نووسیبوو و لە نامیلکەیەکی حیزبی تودەی ئێران‌دا بەچاپیانگەیاندبوو.[1] کەریمی حیسامی ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو دوو کەسە جیا لەوە کە خەبات و مێژووی حیزبی دێمۆکڕاتیان لە پاش کۆماری کوردستان بە تەواویی سڕیبۆوە، داوایان لە کوردە دێمۆکڕاتەکان کردبوو کە بچنە ژێرباڵی حیزبی تودەی ئێران کە حیزبێکی سەر بە سۆڤیەت بوو.[2]

تێبینی: ڕەحیم سەیف قازی ئەندامی سەرکردایەتی فرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان بوو کە خەباتی بۆ مافی ترکەکان دەکرد و سیاسەتەکەیان جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ حیزبی تودەی ئێران نەبوو و سەرچاوەی هاوبەشیان هەبوو. عەلی گەلاوێژ ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی تودەی ئێران بوو.

کەریم حیسامی نووسیوییەتی کە داوای لە د. قاسملوو کردبوو وەڵامی بابەتەکەی سەیف قازی و گەلاوێژ بداتەوە، بەڵام د. قاسملوو نەیویستبوو بایەخ بە ئەوان بدا و هەربۆیەپێشنیاری بە حیسامی کردبوو کە بۆخۆی وەڵامیان بۆ بنووسێت و بە زمانی فارسی و کوردی بەچاپیگەیاندبا. کەریم حیسامی‌ش دواتر ئەو کارەی کرد، بەڵام بابەتەکەی بە ناوی خۆی بڵاو نەکردەوە و لەژێر ناوی «شیروان» بەچاپگەییشت.[3]

حیزبی تودەی ئێران دەیتوانی بۆ کوردەکان کێشەساز بێت و هەربۆیە سەرکردایەتی دێمۆکڕات بە دروستی نەدەزانی هێندە دمەقاڵەیان لەگەڵ بکات.[4]

لە نێوان ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران)دا، دوکتوور قاسملوو جیا لەو پێوەندییانەی کە سازیدەکرد، لەو زەمەن‌دا لەگەڵ ڕێکخراوگەلی ئێن‌جی‌ئؤ و چەند پارێزەرێک پێوەندی قووڵی هەبوو. د. قاسملوو توانی پارێزەرێکی بەلژیکی بەرەو تاران بنێرێت بۆئەوەی لە نزیکەوە لەسەر دۆخی عەزیز یۆسفی لە زیندان‌دا لێکۆڵینەوە بکات و ناوی غەنی بلوریان‌یش لە لیستی ئەمنستی ئینتێرناشناڵ‌دا بوو و خەبات لەبۆ ئازادکردنی بەردەوامبوو.[5]

یەک لە کێشە گەورەکانی سەرکردایەتی دێمۆکڕات لەوکاتدا کێشەی نێوان ڕەسووڵ پێشنەماز و کەریم حیسامی بوو. بەهۆی ئەوە کە کێشەکە پێوەندی بە ئەخلاق و هەندێک شتی شەخسییەوە هەبوو و کار بە لێدان و کوتان گەییشتبوو، ناخۆشبوونی نێوانی ئەو دوو کەسە لە سەرکردایەتی دێمۆکڕات کاریگەری لەسەر دۆخی ئەوکات دێمۆکڕات‌دا نابوو و هەربۆیە دوکتوور قاسملوو پێشنیاری ئاشتبوونەوەی ئەو دوو کەسەی کردبوو کە ئەمیری قازی، حەسەن شەتەوی و کەریم حەداد پشتیوانیان لێ کردبوو.[6]

کێشەکانی حیزبی دێمۆکڕات تەنێ گرێبەستراو بەوە نەبوو کە دوو ئەندامی سەرکردایەتیی بە یەکەوە کێشەیان هەبوو و مافی چالاکی سیاسی‌یان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا نەبوو. جگە لە قەیرانی پێوەندیگرتن و نەبوونی نێتوۆڕکێکی پێویست و پرسی ئابووری حیزب و لێکدابڕاوی و بڵاوبوونی ئەندامانی سەرکردایەتیی، کۆمەڵێک کێشەی دیکەش سەر و بنی ئەو حیزبەی داگرتبوو. واتە سەرەڕای ئەوە کە لە هاوینی ساڵی ١٩٧٨ی زایینییەوە دوکتوور قاسملوو گوتبووی کە دەبوو سەرکردایەتی حیزب بگەڕێنەوە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام چارەسەریی کێشە بنەڕەتییەکان چەتوون بوون.[7]

عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە بەم شێوەیەی دۆخی خۆیانی لە نووسینەوەی مێژووی حیزبی دێمۆکڕات‌دا گەڵاڵەکردووە:

«شۆڕشی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی دەگرت و حیزبی دێموکراتیش کە دەبوو لە جەرگەی خەبات و تێکۆشان دابێ لە گوێی گا دا نووستبوو.»[نووسینی حەسەن‌زادە هەڵەبڕیی ڕێنووس نەکراوە.]

کێشە لە نێوان ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبی دێمۆکڕات تەنیا لە نێوان پێشنەماز و حیسامی‌دا نەبوو. کێشەی نێوان عەبدووڵا حەسەن‌زادە (لە ناوەکانی عەبدوڵڵا حەیاکی و عەوڵا جۆڵاش کەڵکیوەرگرتبوو) و کەریم حیسامی‌ش کاریگەری خۆی لەسەر دۆخی نالەباری ئەو حیزبە‌دا نابوو. دواتریش بینرا کە کێشەی نێوان ئەو دوو کەسە بە جێگایەک گەییشت کە حەسەن‌زادە باسی دەستپیسبوونی حیسامی لە مێژووی حیزبی دێمۆکڕات‌دا تۆمارکرد[8] و حیسام‌یش لە بیرەوەرییەکانی خۆی‌دا هەمان مێتۆدی بەرانبەر حەسەن‌زادە دەکارگرت. لە ئەم لێکۆڵینەوەیەدا نالوێ کە هۆکارەکان و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو کێشانە بەسەرکرێنەوە و ڕەنگە بۆ کەسێکی حیزبی زۆرتر جێگەی بایەخ و سەرنج بێت، بەڵام بە کورتیی لە زمانی کەریم حیسامی‌یەوە ئاماژە بە ڕادەی کێشەکان و جیاوازییەکان دەکەم کە بەشێکی بەرچاویان هۆکاری شەخسی‌یان هەبوو.

. حەسەن‌زادە حیسامی بە وەرگرتنی پارە لە حیزبی بەعس تاوانبار دەناسی[9] و کەریم حیسامی‌ش خۆی لە نووسینەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پارەی لە بەعسی‌یەکان وەرگرتبوو.[10]،[11]

. هاشم کەریمی دژی کەریم حیسامی بوو.[12]

. د. قاسملوو دژی کەریم حیسامی بوو.[13]

. مەلا سمایل دژی کەریم حیسامی بوو.[14]

. کەریم حەداد دژی کەریم حیسامی بوو.[15]

. حەسەن شیوەسەڵی دژی کەریم حیسامی بوو.[16]

بەهۆی ئەو هەمووە دژایەتییەی کە لەگەڵ حیسامی کرابوو، ڕێگەی پێ نەدرا کە لە گرنگترین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حیزب بەر لە ڕووخانی پەهلەوی بەشداربێت و کۆمیتەی ناوەندی لە بڕیاری خۆیدا کەریم حیسامی بە پێشێلکەری دێمۆکڕاسی لە حیزب‌دا تاوانبار ناساند.[17]  کەریمی حیسامی لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا پاش باسکردنی ئەو دژایەتییانە کە لەگەڵی کرابوو، ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمیتەی ناوەندی ئەوی لە بەرپرسیارەتیی هەڵپەسێرا.[18]

حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران) کە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی ناوەکی و دەرەکی بەرەوڕووبوو، لە کۆتاییدا لەسەر پێداگریی دوکتوور قاسملوو کۆمیتەی ناوەندی ئەو حیزبە بڕیاڕی بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی سەرکردایەتیی دا.[19] هەڵبەت ئەوجۆرەی کە حەسەن‌زادە باسیکردووە، دوکتوور قاسملوو چەندین مانگ بەر لە ڕووخانی هەتاهەتایی پەهلەوی پێشبینی بنبڕبوونی دەستهەڵاتی پەهلەوی لە داهاتوویەکی نزیک‌دا کردبوو و هەر بۆیەش پێداگریی لەسەر گەڕانەوە بۆ نێوخۆی وڵات کردبوو.[20] و تیمی ڕێبەڕی «زاگرۆس» بۆ ئەو گرنگە دەستنیشانکرا.[21]

ڕۆژهەڵاتی کوردستان:

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات بە شێوەیەکی کۆڵنەدەرانە بەردەوامبوو. وەک لە وێنەی سەردێڕدا دەبینن، چەکدارانی پەهلەوی بە تانک و زرێپۆشەوە هاتبوونە سەر شەقامەکانی سنە، بەڵام ئەردەڵانی‌یەکان هەنگاوێکی گەورەی دیکەیان بەرەو شۆڕش هەڵهێناوە و بەبێ ئەوە کە لە چەکدارە تەیارەکانی ئێرانی بترسن، شەقامەکانی سنەیان بە دەنگی دلێرانەی خۆیان دەلەرزاندەوە و هاواریاندەکرد: مردن بۆ شا.[22]

لە قوڕوە، مامۆستایان مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. لە بەیاننامەی قوڕوە‌ییەکان‌دا ئاماژە بەوە کرابوو کە خوازیاری ئازادی دەربڕین و ئازادی بەکارهێنانی زمانی دایکیی و ئازادی لەبەرکردنی جلکی کوردی بوون و کوشتاری خەڵکی سیڤیل و بێتاوانیان لە لایەن چەکدارانی ئێرانییەوە ئیدانەکرد. مامۆستایانی قوڕوە خوازیاربوون بنکەکانی حیزبی موحەممەد ڕەزا پەهلەوی (ڕەستاخیز) چۆلکرێن و بۆ بەرژەوەندی گشتیی خەڵک کەڵکیان لێ وەربگیردرێت. ئەوان بە دەستهەڵاتدارانی پەهلەوی‌یان ڕاگەیاند کە واز لە سیاسەتی چەواشەکردنی دۆخەکە بهێنن و هەوڵ نەدەن لایەنگرانی خۆیان بەزۆریی بهێننە سەر شەقام بۆئەوەی پشتیوانی و شوکرانەبژێری خۆیان بۆ پەهلەوی دەربڕن. مامۆستایانی قوڕوە لەسەر چەواشەکارییەکانی پەهلەوی و پڕۆپاگەندە ناڕاستەکانی دەستهەڵاتیان هەڵوێستیانگرت و جگە لەو ڕەخنانەی کە بە گشتیی لە زۆر بەشی دیکەی کوردستان و ئێران ئاراستەی پەهلەوی و دەستهەڵاتەکەی کرابوو، خوازیاری دادگاییکردنی گەندەڵانی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی کوردستان بوون و لە هەمووی گرنگتر کۆنترۆڵکردنی تەلەفوونی خەڵک لە لایەن سەرۆکایەتی ئیدارەی مۆخابەڕات و لەقاودانی ناوەڕۆکی قسەی خەڵک لە تەلەفون و تێلێگراف‌دا ئیدانەکرا.[23] هەر لەم ڕۆژەدا کرێکارانی کارگەی کیمیایی سەڵماس تێلێگڕامێکیان بۆ ڕۆژنامەکان ناردبوو و خوازیاربوون ویستەکانیان لە سەندیکات کرێکاران بەجێگەیندرێت.[24]

لە ئیلام‌یش ڕێپێوانێکی هێمن و ئارام لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی دیکەی ئەو شارە و لە پشتیوانیی مامۆستایانی ئەو شارە لە لایەن خوێندکاران و قوتابیانی دانیشسەرای ئیلام بەڕێوەچوو.[25] لە ئیلام دەبیرستانەکانی تەربیەت، پەروین ئێعتێسامی، خەدەمات و هۆنەرستانی سەنعەتی هەر لە مانگرتن‌دا بوون و بە داخراوەیی مابوونەوە.[26]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت