کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٢٥

0
1952

بە دوای کۆمەڵێک ڕێپێوان و شەپۆلێکی بەربڵاوی ناڕەزایەتیی لە بانە، جەماوەر توانیان شارەداری ئەو شارە لەسەرکار لابەرن و لە کۆبوونەوەیەک‌دا «عوسمان ئیسراری» وەک شارەداری بانە هەڵبژێرن. ئیسراری تا ئەوکات سەرۆکی «مەدرەسەی مامناوەندی ئەحمەدی» و هاوکات «سەرۆکی خانووی مامۆستایانی بانە» بوو، هەربۆیە بە وازهێنان لە کارەکەی خۆی، پێشوازی لە هەڵوێستی جەماوەر کرد و وەک شارەداری بانە دەستی بە کار کرد.[1]

لە کرماشان‌ی هەژێندراو و توڕە لە سیستەمی پەهلەوی، بیانوویەکی دیکە زەقکراوە بۆئەوەی سەرلەنوێ دەنگی پەهلەوینەویستیی کرماشان بەرزبێتەوە. نزیکەی ١٥٠٠ کەس لە کارمەندەکانی بێهداری و بێهزیستی ناوچەی کرماشان لەگەڵ کۆمەڵێک کارمەندی دیکە لە بەشی جۆراوجۆر، مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. ئەو کارمەندانە کە لەو مانگرتنەدا بەشداریانکرد، بریتی بوون لە:

  1.  کارمەندەکانی بەشی ئیداری و ئابووری
  2.  کارمەندەکانی بەشی بنبڕکردنی نەخۆشی مالاڕیا
  3.  کارمەندەکانی سوپای تەندروستی
  4.  کارمەندەکانی ناوەندی تەندروستی
  5.  کارمەندەکانی شەبەکەی بێهداری و بێهزیستی لە ناوچەکانی یەک و دوو
  6.  کارمەندەکانی ناوەندی بەرگریکردن لە سیل
  7.  کارمەندەکانی ئیدارەی چاودێریی مادە هۆشبەرەکان[2]

لە ورمێ، نزیکەی دوو حەوتوو لە مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی «سەبتی ئەسناد» تێپەڕیبوو، بەڵام حکومەت هێشتا داواکارییەکانی ئەوانی بە هێند وەرنەگرتبوو و مانگرتن درێژەی هەبوو. بەرپرسانی حکومەتیی لەو شارە بێڕێزیان بە مانگرتوان کردبوو. پاش ئەوە کە مانگرتوان ویستەکانی خۆیان بە وەزیری داد ڕاگەیاندبوو، لەگەڵ ئەوە کە مانگرتوانیان بێوەڵام هێشتبۆوە، بێڕێزیان پێ کرابوو و جنێویان پێ دابوون. مانگرتوانیش کە ویستی جددی و دەستنیشانکراویان هەبوو، ئامادەنەبوون مانگرتنەکەیان بشکێنن و بۆ زۆرترکردنی زەختی خۆیان بۆ سەر حکومەت، پێوەندییان بە ڕۆژنامەوە گرت.[3]

لە قەسری شیرن، سەرپێڵی زەهاو و گەیلانی ڕۆژئاوا، کارمەندەکانی ئیدارەی دامپزشکی، تێکڕای کارمەندەکانی کوشتارگای پارێزگای کرماشان مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. ئەوان ویستەکانی خۆیان لە ١٧ خاڵاندا ڕادەستی بەڕێوەبەری گشتیی کشت و کاڵی پارێزگا کرد. لەو کاتەدا دوو حەوتوو بەسەر مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی پۆستی قەسری شیرن لەگەڵ مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی هاوکاری گوندەکان تێدەپەڕی و لەسەر هەڵوێستیان بەردەوامبوون، بەڵام بەهۆی ئەوە کە ویستەکانی مانگرتوانی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە لەگەڵ بێهداری و بێهزیستی بەجێ گەیەندرابوو، گەڕانەوە بۆسەر کارەکانیان و مانگرتنەکەیان شکاند.[4]

لە نەغەدەش مانگرتنی مامۆستایانی ئەو شارە ڕۆژی هەشتەمی خۆی تێدەپەڕاند و بەهۆی ئەوە کە وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرابۆوە، کلاسەکان لەو شارەدا بە داخراویی مابوونەوە.[5] لە بانە بە هەمان شێوە مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی پۆست، ئیدارەی هاوکاری گوندەکان و ئیدارەی دۆخانیات بەردەوامبوو و ئاوڕێکی جددی لە ویستەکانیان نەدرابۆوە.[6]

حکومەتی پەهلەوی پۆتەنسیەلی هەندێک بەخۆداچوونەوە و چاکسازیی هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوە کە متمانەی بە تەواویی لای ئێلیت، جەماوەر، حیزبەکان و نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران لەدەستدابوو، بواری پێ نەدەدرا کە ڕێفۆڕمێکی بنەڕەتیی لە سیستەم‌دا ئەنجام بدات. پێشتر چەندین جاران داهاتی مانگانەی چین و توێژی جۆراوجۆری زیادکرابوو و لەو کاتەدا کە خەڵک خوازیاری کشانەوەی زیاتری حکومەت بوون و ئازادی زۆرتریان گەرەکبوو، حکومەتی پەهلەوی داهاتی خانەنشینەکانی بە ڕادەی ١٢،٥٪ زیادکرد. جگە لەوە لەژێرەوە بەکورتیی ئاماژە بەو گۆڕانکارییانە دەکرێت کە پەهلەوی بۆ خۆشکردنی پێگەی خۆی ئەنجامیدا.

  1. زەریبی داهاتی کارمەندەکان لە سەرتاسەری وڵات‌دا لە ٨٠ ریاڵ‌ەوە بوو بە ٩٠ ریاڵ.
  2. گۆڕانکارییەکان ئەو کەسانەشی دەگرتەوە کە پێشتر خانەنشین کرابوون و سەرلەنوێ بۆیان حیساب دەکراوە و حوکمی تازەیان بۆ دەردەچوو.
  3. بە پێی تەبسەرەی مادەی ١٤٩ی قانوونی دامەزراندنی وڵات، دەوڵەت دەبوو هاوکات لەگەڵ بەرزکردنەوەی داهاتەکان لە ڕووی خشتە و بڕیاڕی نوێ، گۆڕانکاری بەسەر باقی بوارەکان و پەرەسەندنەکانی کارمەندەکان بێت.
  4. یارمەتییە غەیری نەغدییەکانی کارمەندەکان لە ٢٠٠ ریاڵ‌ەوە بوو بە ٥٠٠ ریاڵ و بڕیار درا کە ئەو گۆڕانکارییە بۆ خانەنشینەکانیش بەڕێوەبچێت.
  5. گۆڕانکارییەکی یەکجار بەرچاویش پەسەندکرا کە هەموو کارمەندەکانی دەوڵەتی لە سەرتاسەری وڵات دەگرتەوە. ئەو گۆڕانکارییە بەم شێوەیە بوو کە بڕی ٧٥٠٠ ریاڵ بە داهاتی هەر کەس زیادکرا. واتە گەر کەسێک داهاتەکەی ٣٠٠٠ ریاڵ بوایە، بڕی ٧٥٠٠ ریاڵ بە داهاتەکەی زیاد دەبوو و دەکرا بە ١٠٥٠٠ ریاڵ و گەر کەسێس داهاتەکەی ٤٠٠٠٠ ریاڵ بوایە، داهاتەکەی دەبوو بە ٤٧٥٠٠ ریاڵ.[7]

خشتەی نوێ کارمەندەکانی دەوڵەتیش لەسەر بنەمای زەریبی ٩٠ ریاڵی بەم شێوەی ژێرەوە بوو کە بە تمەن تۆمار کرابوو:

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆخەکە تەنیا لەسەر پرسی ئابووریی نالەبار نەشێوابوو و پرسی جددیتر هەبوون. بە پێی سەرچاوەی خەبەری فەڕەنسەوی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی پەرۆشی خۆی سەبارەت بە حوکمی لەسێدارەدانی دوو چالاکی سیاسیی کورد دەربڕیبوو و لە ڕاگەیاندنێک‌دا داوایان لە موحەممەد رەزا پەهلەوی کردبوو کە ئەو دوو کوردە نەکوژێت. دەقی ڕاگەیاندنەکە لە ڕێگەی تێلێگرام‌ەوە بۆ پەهلەوی بەڕێکرابوو. ئەو دوو کوردە کە حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕابۆوە، ناوەکانیان «ئەحمەد نەستانی» و «کەریم نەستانی» بوو کە لە دادگایەکی نادێمۆکڕاتیکدا لە مانگی شەشی ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی بە ئێعدام مەحکوومکرابوون. لقی سویدی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی‌ش ڕایگەیاندبوو کە بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسیی کورد بە تاوانی سێپاراتیستبوون (تەجزیەتەڵەبی) دەستبەسەرکرابوون.[8]

لە بانە جیا لەوە کە مانگرتن و داخستنی دوکان و بازاڕ بەردەوامبوو، کۆبوونەوەیەکی بەرین لە مزگەوتەکانی ئەو شارە لە لایەن مامۆستایان، بازاڕییەکان و باقی جەماوەری ئەو شارە پێکهات و چەکدارە ئێرانییەکانیش لە دوورەوە بینەری کۆبوونەوەکان و یەکگرتوویی کوردەکان بوون و هیچ تێکهەڵچوونێک ڕووینەدا.[9]

لە مەهاباد کە دوو ڕۆژ بوو دوکان و بازاڕ بە تەواویی لەگەڵ قوتابخانەکان داخرابوون، پتر لە سێ هەزار کەس لە ڕێپێوانێکی بەرین‌دا بەشداریانکرد و لە شەقامەکانی مەهاباددا دروشمیان دا. دروشمی سەرەکیی جەماوەری مەهاباد ئازادکردنی زیندانە سیاسییەکانی کورد بوو. جەماوەر لە کۆتاییدا لە بەردەم مزگەوتی هەباس‌ئاغا کۆبوونەوە و لەسەر پێشنیارێک کە ئاراستەی جەماوەر کرا، بڕیار درا کە هەموویان بۆ ڕۆژی دوایە سەرلەنوێ کۆببنەوە و بە هانای برایانی دانیشتووی گوندەوە بچن کە کێشەیەکی زۆریان بۆ سازببوو. کێشەکەش لە لایەن شیرکەتەکانی سەهامی کشت و کاڵ سازببوو و جەماوەر بە تەمای بنبڕکردنی ئەو شیرکەتانە بوون. نزیکەی کاتژمێر یەکی نێوەڕۆی ئەو ڕۆژە جەماوەری بەردەم مزگەوتی هەباس‌ئاغا بڵاوەیان کرد و هیچ تێکهەڵچوونێک لە نێوان خەڵکی سیڤیلی کورد و چەکدارە ئێرانییەکان پێکنەهات.[10]

لە کرماشان‌یش پەژارەی گشتیی تەواوی ئەو شارەی داگرتبوو و خەڵک لەبەر کوشتار و هێرشێک کە پێشتر لە لایەن چەکدارانی ئێرانەوە ئەنجامدرابوو، ناڕەحەتبوون. لە تەواوی شەقامەکانی ئەو شارەدا چەکدارانی ئێرانی ڕاوەستابوون و کۆنترۆڵی شارەکەیان بەدەستەوەگرتبوو.[11] لە ورمێ‌ی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان شێوە ڕێپێوان ئەنجامدرا. ڕێپێوانی ئەو شارە شەقامەکانی شاهپوور، نادری و پەهلەوی پڕکرد و جەماوەر پاش دروشمدان و دەربڕینی هەڵوێست و داواکارییەکانیان لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ئەو شارە کۆبوونەوە و کۆتاییان بە ڕێپێوانەکەی خۆیان هێنا. ڕۆژی پێشووش زانکۆی ورمێ، ئەنیستیتۆی تێکنۆلۆژی، ئاو و خاک و «دانیشسەرای ڕێنوێنی خوێندن» مانگرتنی خۆیان بە داخستن ڕاگەیاندبوو.[12]

هەژدەهەمی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی ڕێکەوتێکی گرنگ لە مێژووی دەستهەڵاتداری پەهلەوی‌یەکانە. لەو ڕۆژەدا دانیشتنی تایبەت بۆ داڕشتنی «قانوونی لێپرسینەوە و دادگاییکردنی بەرپرسانی گەندەڵی ئێران» ئەنجامدرا. لەو دانیشتنەدا کە لە ئاستی سەرەوەی دەستهەڵاتدارانی وڵات‌دا ئەنجامدرا، سەرۆکوەزیر و پێنج وەزیری دیکەی پەهلەوی بەشداربوون.[13] لە ماوەی ٥٧ ساڵ دەستهەڵاتداری پەهلەوی‌یەکان‌دا دادگوستەری بواری نەبوو لێپرسینەوە لە گەندەڵی بەرپرسانی حکومەت بکات. لە پاش ئەو هەمووە ساڵانەی دەستهەڵاتداری پەهلەوی‌یەکان و پاش ئەوە کە ڕێفۆڕم و شۆڕشە سپێکەی پەهلەوی کوڕ بەڕێوەچووبوو، هێشتا دەزگای داد لە ئێران‌دا بواری نەبوو کە لێپرسینەوە لە بەرپرسانی گەندەڵ بکات. ئەم ڕێکەوتە و ڕاگەیاندنی داڕشتنی ئەو قانوونە لە دوایین ڕۆژەکانی دەستهەڵاتداری پەهلەوی خۆی بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆئەوە بە سیستەماتیکبوونی گەندەڵی لە هەموو ساڵانی دەستهەڵاتداری پەهلەوی باوک و کوڕ بزانرێت. پاش ئەوە کە پێشنووسی قانوونەکەیان لەو جەلەسەیەدا شرۆڤە کرد، بەو ئەنجامە گەییشتن کە کەموکوری لە دەقەکان‌دا هەیە و هەربۆیە بە دروستیان زانی لە کۆبوونەوەی گشت وەزیران‌دا بیخەنە بەر باس و شرۆڤە و دەقی کۆتایی لەوکاتدا گەڵاڵە بکرێت و لە دواییشدا ڕادەستی دەوڵەت بکرێت. ٥٧ ساڵ وڵات بەڕێوەچوو، بەبێ ئەوە کە قانوونێک بوونی هەبێ کە ڕێگە بە دەزگای داد بدات لە گەندەڵی بەرپرسانی حکومەتەکانی پەهلەوی وردبێتەوە.

لە کاتێکدا کە خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر ژیارانە خەباتی مەدەنی و دێمۆکڕاتیکیان بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەگڕخستبوو، نۆ خوێندکاری ئێرانی لە هۆلەند بە تاوانی کردەی تێڕۆڕیستی دەستبەسەر کران. ئەو خوێندەکار ئێرانی‌یانە لە مێتۆدی تێڕۆڕیستانە بۆ دژایەتیی دەستهەڵاتی پەهلەوی کەڵکیانوەرگرتبوو.[14]

لە تاران‌یش بەشێک لە ڕۆژنامەوانانی ئەوکات زەخت و گوشاری زۆریان لەسەربوو.  ئەوان دەوری بەرچاویان لە بەسەرکردنەوەی ڕووداوەکان و چێکردنی ڕاپۆڕتەکان لە هەموو ناوچەکانی ئێران‌دا هەبوو. بەشێک لەوان تەنانەت مانگرتنی جۆراوجۆریان ئەنجام‌ دا و خۆیان لە پرسە جددی‌یەکانی جەماوەر دوور نەدەکردەوە. بەهۆی دەستکەوت و سەرکەوتنێک کە ئەوان بەدەستیانهێنابوو، مامۆستایانی شاری مەهاباد پەیامێکی پیرۆزباییان بۆ ئەو چینە دیارەی کۆمەڵگای ئێران ئامادەکردبوو و پەیامەکەیان لە ڕۆژنامەدا بەچاپگەییشت.[15]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت