کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٢١

0
1890

سۆران کەرباسیان

تا بە ئێستاش ناڕوونە کە موحەممەد رەزا پەهلەوی چەندە لە وردەکارییەکانی زیندانەکان لە کاتی دەستهەڵاتداریی خۆیدا ئاگادار بوو، بەڵام سەرەڕۆیی لە زیندان تا زیندان جیاواز بوو. جیاوازییەکانیش بۆ ئەو خودموختارییە دەگەڕاوە کە بەرپرسانی زیندان هەیانبوو. بۆ وێنە لە زیندانێکی مەشهەد دەستدرێژی جنسی و فیزیکی بۆ سەر بەندکراوێکی سیاسیی ئەنجامدرا کە دەنگ و هەرای زۆری لێ سازبوو.[1] لە هیچکام لەو ڕۆژنامە، گۆڤار و ڕاپۆڕتانەی کە لە لایەن بەرپرسانی پەهلەوی‌یەوە تۆمارکرابوون، ئاماژەیەک بە ئەنجامی ئەو جۆرە هەڵس‌وکەوتە لەگەڵ سیاسییەکانی کورد نەکراوە. لە سیستەمێک کە پەهلەوییەکان دایانمەزراندبوو، جگە لەوە کە بەرپرسانی ئاسایش و زیندانەکان دەستهەڵاتی سەرەڕۆییان هەبوو، دادگاکانیش بە شێوەیەکی لایەندارانە و گەندەڵکارانە بەڕێوە دەچوون و مسەوگەرنەبوونی ناعەداڵەتیی یەک لە هۆکارە گرنگەکانی پەرەسەندنی قینی جەماوەر لە دژی دەستهەڵاتی موحەممەد رەزا بوو.‌ ‌

لە درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا، کارمەندەکانی «ئیدارەی تەعاوۆنی ڕوستایی»، «بێهداری و بێهزیستی»، فێرکاریی و پەروەردە و پۆست و تێلێگرافی شارەکانی قەسری شیرن، سەرپێڵی زەهاو، مەرزی خوسرەوی و نەوت‌شا مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند.[2]

لە مەهاباد‌یش مامۆستایان وێڕای درێژەدان بە مانگرتنی خۆیان، لە ڕێپێوانێک‌دا لەگەڵ قوتابییەکانی ئەو شارە لەسەر داواکارییەکانی خۆیان پێداگرییان کرد. مەدرەسە و فێرگەکانی ئەو شارە بە تەواویی داخرابوون و مامۆستاکان ڕایانگەیاندبوو کە مانگرتنەکەیان هەتا بەجێگەیاندنی ویستەکانیان بەردەوام دەبێت. فەرمانداری مەهاباد داوای لە مامۆستایانی ئەو شارە کرد کە داواکارییەکانیان لەگەڵ سەرۆکی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە باس دەکات و هەربۆیە داوایکرد مامۆستاکان بچنەوە سەر کارەکانیان، بەڵام هیچ بایەخێک بە داواکارییەکەی فەرماندار نەدرا و مانگرتن درێژەدرا[3]

بە دوای مانگرتنی یەک حەوتوویی مامۆستایانی ورمێ‌ش، خوێندەکارانی ئەنیستیتۆی تێکنۆلۆژی لەگەڵ قوتابییەکانی دانیشسەرا و پەروەردەی مامۆستایان کەوتنی ڕیزی مانگرتوان و پشتیوانی خۆیان لە مامۆستایانی ورمێ ڕاگەیاند. لە ڕێپێوانی ورمێ پێنج هەزار مامۆستا بەشداریکرد و ڕایانگەیاند گەر داواکارییر ڕاگەیەندراوەکانیان بە هێند وەرنەگیرێن، وازیان لە مانگرتن نەدەهێنا.[4]

لە سنە کارمەندەکانی ئیدارەی داد لە مانگرتنی خۆیان بەردەوامبوون. یەک لە داواکارییەکان بۆ شکاندنی مانگرتن مافی خانوو و داهاتی زۆرتر بوو.[5]

لە کرماشان مانگرتنەکان لە پەرەسەندن‌دا بوون و بەردەوام پاڵپشتیی لە مامۆستایان زۆرتر دەبوو. ١٧ کەس لە کادری زانستی و تەکنیکی لە ناوەندی زانکۆی شاه‌ئابادی ڕۆژئاوا پشتیوانی خۆیان لە مامۆستایان ڕاگەیاند و مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەوانیش کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی کار و باری کۆمەڵایەتی و کارمەندەکانی کاروباری گوندەکانی کرماشان بە ڕاگەیاندنی ویستەکانی خۆیان چوونە ڕیزی مانگرتوانی کرماشان و کارمەندەکانی ڕێکخراوی بەرگریی کرماشان‌یش مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و ویستەکانی خۆیان لە هەشت مادە دا ڕادەستی بەرپرسانی حکومەت کرد.[6]

پێشتر ئاماژە بە مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی کارەبا لە کرماشان کرابوو کە بیست داوایان بۆ شکاندنی مانگرتن هەبوو. ئەوان پاش ئەوە کە ١٨ دانە لە ویستەکانیان لە لایەن موحەممەد ڕەحمانی (نوێنەری وەزیری وزە) و بەرپرسانی ناوچە پەژرێندرا، دەستیان لە مانگرتن بەردا.[7]

خومەینی کە لە ماوەیەکی کورت‌دا هەموو ئاسانکارییەکی گوماناوی بۆ ئەنجام درا هەتا لە فەڕەنسە نیشتەجێ بێت، بە باشیی لە لایەن حکومەتی فەڕەنسەوە پشتیوانی کرا و ڕۆژانە گرووپ گرووپ سەردانیان دەکرد. ڕاگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی ئەو زەمەن باس لە دەیان و هەندێکجار سەدان کەس دەکەن کە لە ڕۆژێک‌دا سەردانی خومەینی‌یان دەکرد. بەهۆی پێشینەیەکی سیاسیی کە ئەو هەیبوو و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پاڵپشتییە کە لە فەڕەنسە و لە ڕاگەیاندنە بیانییەکان لە خومەینی دەکرا، دوکتوور قاسملوو گەرەکی بوو لەگەڵ خومەینی لەسەر پرسی کورد لە ئێران‌دا قسە بکات، بەڵام خومەینی لە خۆی ڕانەدیت کە بە تەنیا لەگەڵ قاسملوو دابنیشێت و مەرجی دانیشتنی لەگەڵ قاسملوو ئەوە بوو کە کەسانێکی دیکە لە نزیکانی خومەینی لە دانیشتنەکەدا بەشدار بن کە ئەو مەرجە لە لایەن قاسملوویەوە قبووڵ نەکرا.[8] تواناییەکانی د. قاسملوو و پرسی کورد بۆ خومەینی و دەوروبەرەکەی نامۆ نەبوون و هەربۆیە خۆیان لە باسکردن لەسەر پرسی کورد و لەگەڵ قاسملوو کشاندەوە.

حەوتوویەک دواتر لە ورمێ ڕووداوی دیکە بە مێژووی ڕاپەڕینی کورد لە دژی پەهلەوی زیادبوو. وێڕای ئەوە کە مانگرتووەکانی ڕاگەیەندرا درێژەی پێدرا، شۆفیرەکانی شارەداری‌ش مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و ویستەکانی خۆیان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەوان، بەلەدێکانی شارەداری‌ش کە نزیکەی ٥٠٠ کەس دەبوون، بە گەڵاڵەکردنی ویستەکانیان، مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند.[9]

کارمەندەکانی ئیدارەی کارەبا، دارایی، پۆست و جەنگەڵوانی‌ش لە شنۆ لە مانگرتنی خۆیان‌دا بەردەوام بوون و بە هۆی مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان و قوتابیان، تەواوی مەدرەسەکانی شنۆ داخرابوون.[10]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.