کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ١٣

0
989

سۆران کەرباسیان

لە کاتێکدا کە ئاگری چەندین دەیە دژایەتیی کورد لە دژی حکومەتی پەهلەوی بە جوانیی گڕیگرتبوو و کوردەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕا هەتا خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوربانیان بۆ لەسەرکارلابردنی موحەممەد رەزا پەهلەوی دەدا، لە شاری سەقز ڕووداوێکی گوماناوی ڕوویدا کە خەڵکی وریای سەقز بە ساناییان دانەنا و هەڵوێستی جددیان لەسەر گرت.

ڕۆژی بیست و پێنجی خەرمانان لە دوایین هاوینی دەستهەڵاتداری پەهلەوی‌دا، ڕێپێوانێکی بەرین و هێمنانە لە شاری سەقز بەڕێوەچوو. چەکدارانی حکومەتیی ١٧ کەس لە کوردەکانی دەستبەسەرکرد. ئەوەی کە جێگەی گومان و لێوردبوونەوە بوو، نەناردنی پەروەندەی ئەو ١٧ کوردە بۆ دادگا بوو. پتر لە دوو حەوتوو لە دەستبەسەرکردن و بەدلیکردنی ئەو کوردانە بەسەرچووبوو، کەچی دادگاکانی حکومەت هێشتا هیچ شتێکی لەسەر ئەو ١٧ کەسە نەدەزانی. کوردەکان ئەمجۆرە دەستبەسەرکردنەیان بە سانایی دانەنا و هەربۆیە خەڵکێکی زۆر و بنەماڵەی ئەو زیندانیانە لە شاری سەقز ڕا سکاڵایان لەسەر هێزە چەکدارەکانی حکومەت تۆمارکرد و «کانوونی پارێزەرانی داد» لەگەڵ «کۆمەڵەی مافناسان» و «کۆمەڵەی لایەنگری ئازادی و بەرگریی لە مافی مرۆڤ»‌یان لەم گرنگە ئاگادارکرد. بەرپرسانی باڵای دادی حکومەت لە کوردستان نائاگایی خۆیان لەم پرسە ڕاگەیاند و لەم بارەوە سکاڵایان بە وەزارەتی داد گەیاند کە هێزی چەکداریی حکومەت لە سەقز بەو شێوە سەرەڕۆیانە پێشێلکاریی قانوونیان کردبوو. خزم و کەسی گیراوانیش لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی دیکەی سەقز لەمبارەوە کاردانەوەیان هەبوو و تێلێگرافێکی زۆریان نارد. لە کۆتاییدا «کانوونی پارێزەران» و «کۆمەڵەی مافناسان» بڕیاریاندا لێژنەیەک بۆ بەدواداچوون لەم پرسە بەرەو کوردستان بنێرن.[1]

پاش ئەوە کە لە کرماشان کۆمەڵێک کورد بریندار، دەستبەسەر و شەهید کران، کۆڕی پرسە و سەرەخۆشیی لەو شارە بەڕێوەچوو. خەڵکێکی بەرچاو لەو بۆنەیەدا بەشداربوون. لە کۆتاییشدا جەماوەر لە مزگەوتێ ڕا بە یەکەوە چوونە سەر شەقام. مامۆستایانی ئایینی کرماشان پێشڕەوی جەماوەر بوون. بەو شەوە بەرەو مەزاری شەهیدانی کورد ڕۆییشتن. چەکدارانی حکومەت لە ڕێگای قەبرستان‌دا هێرشیان بردە سەر خەڵکی سیڤیلی کورد و بە گازی فرمێسکهێنەر و گوللە هەوڵیاندا بڵاوە بە خەڵک بکەن. لە ئەنجامی ئەو هێرشە لە لایەن چەکدارانی حکومەتەوە، گرووپێک لە ناڕازیان ئاگریان لە پێن بانک و بینایەکی پێنج قاتی و ئوتووبووسێک بەردا و دوو کەس لە چەکدارانی حکومەت برینداربوون.[2]

بە پێی ڕاپۆڕتی ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی ئێتێلاعات، لەو شەوەدا بەر لەوە کە ڕێپێوان دەستیپێکردبا، ڕێژەی خەڵکی بەشدار لە کۆڕی ماتەمین و سەرەخۆشیی شەهیدانی کرماشان ئەوەندە زۆر بوو کە لە مزگەوتدا جێگایان نەببۆوە و شەقامەکانی دەورووبەریشیان بە تەواویی پڕ کردبوو. لە دوای کاتژمێر هەژدە ڕا بە بەڕێوەبەریی مامۆستا ئایینییەکان ڕێپێوانەکە بەرەو شەقامی شا و ئینجا شەقامی سێپەه درێژەی کێشا و لەوێڕا بەرەو قەبرستانی کرماشان ڕۆییشتن. لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی چەکدارانی پەهلەوی و خەڵکی سیڤیلی کورد، یەک کەس کوژرا و سێ کەسیش برینداربوون. بە پێی ڕاپۆڕتی ئەو ڕۆژنامەوانە یازدە بانک لە ڕێگەی شەقامەکانی «نواب»، «وزیری» و «آقا شیخ هادی» لەگەڵ ئوتووبووسێک ئاگریانگرت. چەند ئیدارەیەکیش خەساری بەرچاویان پێ گەییشت. ڕۆژی دوایە لەبەر ئەوە کە خەڵک و بازاڕ بە گشتیی لە کرماشان پشتیوانی خۆیان لە ناڕازیان دەربڕی، دوکان و بازار لەگەڵ قوتابخانەکان ئاوەڵا نەبوون. ئاماری نافەرمیی لەمەڕ کوژراو و بریندارەکانی ئەو شەوە بە چوار کوژراو و سی بریندار لە لایەن ڕۆژنامەوانی رۆژنامەی ئێتێلاعات ڕاگەیەندرا. پاش شەش ڕۆژان حکومەت لە بەرانبەر مانگرتنی مامۆستایانی کورد کۆڵیدا و تالاری ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەیان لە ئیختیار نان. مامۆستا مانگرتووەکان بە دوای ئەو دەستکەوتە دەستیان لە مانگرتن کێشا و لەبۆ ئەوە کە گرفتێک لە داهاتوودا لە نێوان ئەوان و حکومەت نەیەتە پێش، پێشنووسی دەستووری کاری مامۆستایان لە ٣٢ ماددە و هەشت بەند و چوار خاڵ‌دا گەڵاڵە و بڵاوکردەوە.[3]

بۆ پشتیوانیی لە مامۆستایانی کرماشان، مامۆستایانی کەرەندی ڕۆژئاواش وەک زۆر شاری دیکە دەستیان بە مانگرتن کردبوو کە پاش سێ ڕۆژ بەسترانی قوتابخانە و فێرگەکان کۆتایی بە مانگرتنی ئەوانیش هات، چون داخوازیی مامۆستا مانگرتووەکانی کرماشان دابینکرا.[4]

لە بانەش درێژە بە ڕێپێوان و مانگرتن درا. بە پێی ڕاپۆڕتێک کە لە بانە ڕا بە تاران گەییشتبوو، بازار و گشت دوکانەکانی بانە داخرابوون و شار لە دۆخی مانگرتنی گشتی‌دا بوو. خەڵکی بانە بۆ پێداگریی لەسەر ناڕازیبوونی خۆیان سەرلەنوێ هاتنەوە سەر شەقام و پاش ڕێپێوانێکی هێمن و ئارام لە شەقامی پەهلەوی کۆبوونەوە. لەوێ داواکارییەکانی خۆیان کە پێشتر لە چاردە خاڵاندا گەڵاڵە و ئامادە کردبوو، بە بەرپرسانی حکومەتیی ڕاگەیاند. چاردە خاڵەکە بریتی بوون لە:

1) ئازادی تەواوی زیندانییە سیاسییەکان.

2) دادگاییکردنی سەرلەنوێی ئەو زیندانیانە کە بۆ ماوەیەکی درێژ حوکم دراون و سڕینەوەی غەدرێکی لێیان کرابوو.

3) کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجەی زیندانییەکانی بانە.

4) گۆڕینی هەرچی زووتری شارەداری بانە.

5) پێڕاگەییشتن بە کەم‌وکوڕییەکانی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە لە ئاستی شار و گوندەکان‌دا و سەرنجی زۆرتر بە مامۆستایانی بانە.

6) لەناوبردنی دەستتێوەردانی ئیدارەکان لە کاروباری فێرکاری و پەروەردە.

7) ڕەتکردنی هەرچی زووتری هەڵبژاردنی بەڕێوەبەر و لێژنەی سەرۆکایەتیی نەخۆشخانەی بانە.

8) وەرگرتنی خۆڕایی نەخۆشە هەژارەکان لە نەخۆشخانە و لەناوبردنی جیاوازیدانان لە بەرانبەر وەرگرتنی نەخۆش.

9) وەدواکەوتن و دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە لە بودجەی ئیدارەکانی شاری بانەیان دزیبوو.

10) کارسازیی بۆ گەنجە بێکارەکان بە پێی ئەو پیشانەی کە حەزیان لێی بوو.

11) کۆکردنەوەی وەتاغی ئەسناف.

12) لابردنی خەرج و ماڵیاتی قورس و نابەجێ کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی داهاتی کاسبکاران دابین دەکرا.

13) بایەخدان بە پاک‌وخاوێنی و سڵامەتی گشتیی لە شار و گوندەکان‌دا.

14) سەرنجی تەواو بە دۆخی کشت‌وکاڵ و ئاژەڵداریی لە ئاستی شار و گوندەکان‌دا.

بە دوای ئەوە کە ئەم داواکارییانە لە لایەن خەڵکی بانەوە ئاراستەی بەرپرسانی شار کرا، سەرۆکی نەخۆشخانە (ئەقدەسی) و شارەداری ئەو شارە (عەبدوڵڵا مەحموودی) دەستیان لە کار کێشا و دەستلەکارکشاندنەوەکەیان قبووڵکرا.


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت