کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران- بەشی چوارەم

0
912

سۆران کەرباسیان

وەک پێشتر باسکرا، ڕێپێوانی پاش پرسەی شادرەوان عەزیز یۆسفی یەکەم رووداو لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بوو کە خەڵکی کورد نارەزایەتی فەرمی و زەقی خۆیان بەرانبەر حکومەتی ئێران دەربڕی و هاوکات کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانا.

نزیکەی دوو مانگ بەر لەوە کە یۆسفی کۆچی دوایی بکات، لە شاری بانە ڕووداوێکی زۆر گرنگ ڕوویدا کە تا ئێستا لە کتێبە کوردییەکاندا باسی نەکراوە و پێویستی بە بەدواداچوونی زۆرتر هەیە. شەوی ١ی ٤ی ١٩٧٨ی زایینیی (١١ی ١ی ١٣٥٧ی کۆچی هەتاویی) گرووپێک لە گەنجەکانی شاری بانە نارەزایەتی خۆیان لە دژی حکومەتی ناوەندی بە جۆرێک دەربڕی کە لەوکاتدا لە ئێران باو بوو. وەک سەرچاوەی ئێرانییەکان و مێژووی زارەکیی نیشانی دەدەن، لەو کاتدا ئێرانییەکان زۆرتر لە ڕێگەی توند و تیژییەوە هەوڵی رووخانی حکومەتی پاشایەتییان دەدا. ئێرانییەکان توانیبوویان

Serçawey wêne: Soran Karbasian

لە کورتخایەندا هەندێک کاریگەری لەسەر ناوچە کوردستانییەکانیش دابنێن. هەر لەژێر ئەوجۆرە کاریگەرییانە بوو کە لە بانەش گەنجەکان بە شەو رژانە شەقام و هەندێک کاریان ئەنجام دا بۆئەوەی لەو ڕێگەیەوە بە حکومەتی ناوەندی بێژن کە ئەوان خوازیاری بەڕێوەبردنی ناوچەکانی خۆیان بە دەستی خۆیان بوون و خۆشیان لەوە نەدەهات کەسێکی غەیرەکورد بەرپرسی باڵای شارەکەیان بێت.[1]

ئەو گرووپە لە بانە سەرەتا ئاگریان دە ئۆتۆمبیلی بەرپرسی ئاسایشی ئەو شارەیان بەردا. ئەو بەرپرسە کورد نەبوو و لە لایەن ناوەندەوە بۆ ئەو شارە دابینکرابوو. لە دواییشدا گەنجانی شاری بانە درێژەیان بە دەربڕینی نارەزایەتییەکانی خۆیان دا و هێرشیان بردە سەر بانکێک. شووشەکانی ئەو بانکەشیان شکاند و لە کۆتاییدا بڵاوەیان کرد. ڕۆژنامەی ئێتێلاعات لەم بارەوە کورتە ڕاپۆرتێکی چوار ڕۆژ دواتر بلاو کردەوە، بەڵام بە هۆکاری تایبەتیی حەزیان نەدەکرد زۆر بە وردیی باسی رووداوەکە بکەن.[2]

حکومەت لەو کاتەدا دڵنیا نەبوو کە بە چ شێوەیەک کاردانەوە بەرانبەر ئەوجۆرە نارەزایەتییانە دەرببڕێت، چون دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە سەرەتای ئەو سالەوە زۆرتر بوو و موحەممەد رەزای پەهلەوی لە نەورۆزی ئەو سالەوە لەگەڵ توند و تیژی و نارەزایەتییەکی بەربڵاو بەرەوڕوو ببۆوە. ئەمجۆرە جووڵانە بە بەردەوامیی ئەنجامدەدران. بۆ وێنە سێ شەو پاش ئەو ڕووداوەی شاری بانە ، لە کرماشان ڕووداوێک ڕوویدا کە سەرەڕای ئەوە خەساری گیانیی لێ نەکەوتەوە، بەڵام حکومەت ترسی لێ نیشت. حکومەت لەوە دەترسا کە ئاوڕدانەوەی میدیایی لە هەموو رووداوەکان خەساری لێ دەکەوتەوە و مەترسییەک بوو بۆسەر ئاسایش نەتەوەیی و دەستهەڵاتی پەهلەوی، هەربۆیە گەر لە ڕاگەیاندنەکاندا ئاماژەی پێ کرابا، زۆر بە تەسکی ئاوڕیان لە ڕووداوەکان دەدا.

لە کرماشان سەرایەکی گەنجان سازکرابوو کە ببوو بە ناوەندی بڵاوکردنەوەی کولتوورێک کە لەچاو داب و نەریتی کوردەکان وەک بێ‌ئەخلاقی دەهاتە ئەژمار. تەقینەوەیەک لەوێ ئەنجام درا کە هەرچەند زەرەری گیانی لێ نەکەوتەوە، بەڵام بەشێکی بیناکەی حکومەتی ڕووخاند.[3]

دەوڵەت لە سەرەتادا کە نەیدەزانی ئەو نارەزایەتییانە بەرەو چ ئاقارێک دەچوون، هەوڵی دەدا کە بە شێوەیەکی ژیرانە کەڵکی نادروست لە دەنگی نارەزایەتیی جەماوەر وەربگرێت. چەند ڕۆژ پاش رووداوەکانی بانە و کرماشان لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانی کە لە نەمسا لەگەڵ خەلعەتبەری ئەنجام درا، ئاماژە بە نارەزایەتییەکان و دژایەتییەکانی نێو ئێران کرا. خەلعەتبەری کە ئەوکات وەزیری دەرەوەی ئێران بوو، ئەو جووڵانەی بە گرووپی توندڕەو و ڕادیکاڵ‌ەوە لکاند و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو گرووپانە ناخوازن ئێران بەرەو پێش بروات و بە ئامانجە پێشکەوتووەکانی خۆی بگات.[4] وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئێران لە وەڵامی ڕۆژنامەوانی بی‌بی‌سی‌دا لەمەڕ نارەزایەتییەکانی جەماوەر گوتی: «گەر لە ئێران دیکتاتۆری بوونی هەبوا، ڕێپێوانێک بەڕێوە نەدەچوو.»[5] لەم دیمانەیەدا خەلعەتبەری لە قازانجی خەڵکی فلستین دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل‌یش قسەیکرد!

لەم ماوەیەدا کە ڕێژەی نارەزاییدەربڕینەکان فۆڕمێکی بەربڵاوی بەخۆی گرتبوو، وردەوردە گەنجەکانی کوردیش وەخۆ کەوتبوون و بە گوڕێکی تیندارتر لەچاو جاران لە چالاکیدا بوون. لە شاری نەغەدە نزیکەی دوو حەوتوو پاش بانە و کرماشان، سێ خوێندەکاری کورد لە لایەن بەرپرسانی ئاسایشی حکومەتەوە دەستبەسەرکران. سێ خوێندەکاری کورد کە بۆ نووسەری ئەم دێڕانە ڕوون نییە سەر بە چ ڕێبازێکی فکری و کام لایەنی سیاسیی بوون، لە دژی حکومەتی پاشایەتیی لە کاتی چالاکیدا گیرابوون. ئەو سێ لاوە قوتابییە بریتی بوون لە:

١. سەید رەزا فازلیان ٢. سەید موحەممەدی فازلیان ٣. موحەممەد خامیان[6] ئەوان هەر سێکیان لە کاتێکدا گیرابوون کە کۆمەڵێک کاخەز و دروشمیان لابوو کە لە دژایەتیی حکومەتی پەهلەوی‌دا نووسرابوون.

Serçawey wêne: Soran Karbasian

ماوەیەک دواتر لە ڕێکەوتی ١٠ی ٥ی ١٩٧٨ی زایینیی دوو ڕووداوی گرنگی دیکە لە کرماشان گومانی بۆ حکومەت نەهێشتەوە کە دەنگی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان بە دەستبەسەرکردنی چەند کوردێک کپ نەدەبوو. لەو ڕۆژەدا کۆلێژەکانی زانست و پزشکی چۆڵ بوون. قوتابییەکانی ئەو دوو کۆلێژە ئامادە نەبوون بەشداری کلاسەکانیان بکەن و بە دروشمدان بە شەقامەکانی شاردا ڕێپێوانێکی بەرینیان بەڕێوەبرد. خەڵکی شار لەگەڵ خوێندەکارەکان کەوتن و چەند کاتژمێرێک لە شەقامەکانی کرماشان‌دا گەڕان. دوو شەو پێشتریش نزیکەی ٢٥٠ کەس لە خەڵکی کرماشان ڕژابوونە سەر شەقام و دروشمیان لە دژی حکومەتدا هاوار کردبوو کە بە هێرشی پۆلیس بڵاوەی پێکرا.[7] بە هەمان شێوە لە کرماشان هێرشیان بردبوو سەر مەشرووبفرۆشییەک کە لە ئەنجامی هەڵەیەکدا کە ڕوویدا، دووکانێکی گەورەش لە تەنیشتی مەشرووبفرۆشییەکە ئاگری تێبەربوو.[8]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.