سمیناری “سەرهەڵدانی سمکۆ: بنەما – ئامانج و شوێندانەری” لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو/لێدوان

0
1686

ڕۆژی کورد: سمیناری “سەرهەڵدانی سمکۆ: بنەما – ئامانج و شوێندانەری” ، ڕۆژی شەممە ١ـی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، بەبەشداری ژمارەیەک چالاکانی سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕووناکبیرانی کوردی دانیشتووی وڵاتی سوید لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

ئەو سمینارە بە وتاری هیوا گوڵ محەمەدی‎ بەڕێوەبەری سمینار و بە نوێنەرایەتی ئەنیستیتۆی کورد لە ستۆکهۆلم کرایەوە. بە دوای ئەودا بەرنامەی سمینار بە وتاری دکتۆر حوسێن خەلیقی لە ژێر ناوی “ڕۆڵی کۆمەڵە مەدەنی و کولتووریەکان لە گەشەکردنی بیری نەتەوایەتیدا” دەستی پێکرد. دکتۆر خەلیقی وێرای ئاماژە بە مێژووی سەرهەڵدانی یەکەم ڕێکخراوەکانی کورد لە ئیستانبۆل و باکووری کوردستان و پێوەندی ڕۆشنبیران و دەوڵەمەندزادەگانی سەردەمی دەسپێکی وشیاری نەتەوایەتی باسی ڕۆلی یەکەم ڕێکخراوە و ڕۆژنامە و وەشانەکانی کورد کرد لە گەشەی بیری نەتەوایەتی.

وتاری دواتر لە لایەن مەجید حەقی لە ژێر ناوی ” ڕۆژهەڵاتی کوردستان: دوێنێ، ئەمرۆ و سبەیی” پێشکەش کرا. لەو تاری خۆیدا مەجید وێرای ئاماژە بە ڕابردووی خەباتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، باسی ئاڵوگۆرەکانی ئەمرۆی جیهان و ئاڵوگۆری ناوخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لە ڕوانگەی گۆرانکاریەکانی پێوەندیدار بە بایەخەکانی نەتەوایەتی و خەباتی سیاسی لەو بەشەی کوردستاندا، لە پێوەندی لە گەل دوارۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وتی بۆ گۆڕان پێویست بە گۆڕانی کەسایەتی کورد دەکات و لەو ڕووەوە هێزە سیاسیەکانی کوردستان بەرپرسیارن تا لە بری خەباتی حیزب-سەنتەری بەرەو خەباتی نەتەوە-سەنتەری بەرەو پێش برۆن.

کاکشار ئۆرەمار، میدیاکار و توێژینەری مێژوو، وتارێکی لە ژێرناوی “سەرهەڵدانی سمکۆ: ڕۆژنامەگەری و پەروەردە” پێشکەش کرد. کاکشار ئۆرەمار بە نیشنادانی دێکۆمێنت و ژێدەر چالاکیەکانی ڕۆشنبیری، ڕۆژنامەوانی و پەروەردەی دەسەڵاتی سمکۆ لە ساڵەکانی 1918 – 1922 نیشانی شی کردەوە و نیشانی دا کە سەرهەڵدانی سمکۆ بە پێچەوانەی باوەری بڵاو کراو لەلایەن داگیرکەران و نەیارانی کوردستانەوە خاوەنی ستراتێژیەکی قووڵی نەتەوایەتی بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی مۆدێرن، دێموکراتیک و نەتەوەیی بووە.

پرۆفیسۆر دکتۆر جەبار قادر کە لە ڕێگای مەجازیەوە بەشداری سمینارەکە ببوو لایەنە مێژوویەکانی ئاڵۆگۆرە دێموگرافیەکانی ناوچەی ورمێ و هەروەها هەوڵی نەتەوە و پێکهێنەرانی هەرێمەکە بۆ لەناوبردنی نەتەوەی کورد شی کردەوە و لە ڕووەوە باسی چۆنیەتی کوژرانی مارشیمۆنی ئاسووری لە لایەن سمکۆیەوە کرد.

وتاری کۆتایی سمینار لە ژێر ناوی ” سەرهەڵدانی سمکۆ لە جۆڵانەوە و ناسنامەی کوردیدا” لە لایەن عەبدوڵا حیجاب نووسەر و پسپۆری زانستە سیاسیەکان پێشکەش کرا. لەو تارەکەی خۆیدا عەبدوڵا حیجاب لایەنە سیاسی، مێژوویی و کۆمەڵایەتیەکانی سەرهەڵدانی سمکۆی شکاک شی کردەوە و دوایە باسی دەستکەوتەکانی دەسەڵاتی سیاسی سمکۆی شکاک لە ساڵەکانی 1918 – 1922 هێنایە بەرباس و لەو ڕوانگەیەوە سەرهەڵدانی سمکۆ بە بەردی بناغەی جۆلانەوەی نەتەوایەتی و ناسنامەخوازی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناساند. بەرێز حیجاب لەو ڕووەوە پێشنیاری کرد کە مێژوو وەک خۆی بنووسرێتەوە و هەوڵ بناغەی خەباتی جۆڵانەوە و خەبات بۆ ناسنامەی نەتەوایەتی بە بەشێکی کورت لە مێژووی ڕۆژهەڵات نەبەسترێتەوە.

بەشی دووەمی سمینار تەرخان کرا بۆ پرسیار و سەرنجی بەشداربووان.

بۆ تاووتوێ کردنی باشتری ئەو سمینارە، وتووێژێکمان لەگەڵ مەجید حەقی، چالاکی سیاسی و یەکێک لە کۆڕگێڕانی ئەو سمینارە پێکهێناوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: گرنگیی ئەو سمینارە بەتایبەتی  لە دیاسپۆرا، بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ پێتان وا نیە بە نەبوونی میدیای کوردیی بەشدار، تا ڕادەیەک کاریگەرییەکانی کەم دەبێتەوە؟

majid00حەقی: بۆ کوردستانیانی ڕۆژهەڵات لە دیاسپۆرا، هەلێکی زۆر گونجاو و زێڕینە بۆ دۆزینەوە، خوێندنەوە و پەروەردەی مێژوو و ڕاستیەکانی خەباتی نەتەوایەتیی خۆیان. چونکە سەرەڕای نەبوونی سەرچاوەی زۆر و دوورکەوتنەوە لە گۆڕەپانی سەرەکیی خەبات و چالاکی، لە دیاسپۆرا، دەرفەتی ئەوە هەیە ڕۆشنبیران و چالاکان لە دەوری یەکتری کۆبنەوە و لە ڕێگای کاناڵە جۆراوجۆرەکانەوە پەیامی خۆیان بگەیەنن و دیالۆگێکی تەندوروست و هێمنانە پێکەوە دەست پێ بکەن. ئەو جۆرە سمینارانە بەرلە هەموو شتێک سمینار و کۆبوونەوەن بۆ پەرەپێدانی پێوەندیەکانی نێوان کۆمەڵگای کوردی و گەشەپێدانی هەستی هاوبەشی نەتەوایەتی و شوناسی هاوبەش. کورد جیا لە هەموو کیشەکانی پێوەندیدار بە پرسە ناوخۆییەکان، بەدەست نەخۆشیی “گرووپگەرایی”ـشەوە دەناڵێت و بۆیە میدیاکانیش بە گرێدراوەیی بە حیزب و گرووپەکان، هەڵسوکەوتیان سنووردارە و هەموو جارێ نەتەوایەتی نیە. هەڵبەت نەبوونی ڕاگەیاندنێکی نەتەوایەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک لە کێشە بنەڕەتیەکانی بزاڤی کورد لە سەرانسەری خۆیدایە کە ڕێگرە لە بەردەم گەیاندنی ئەوجۆرە چالاکیانە بۆ کۆمەڵگای کورد و بەرفراوانترکردنی خەبات و چالاکی.

ڕۆژی کورد: بوونی سمینارگەلێکی ئەوتۆ بۆ ڕێبەرانی تری کورد و بزاڤی کورد، چەند بە پێویست دەزانن؟ ئایا بەرنامەیەکی ئەوتۆتان بۆ ڕێبەرانی تریش نیە؟

حەقی: ڕێبەران، یەکێک لە هۆیەکانی پێکهاتنی ئاڵوگۆریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناو کۆمەڵگادان. باسکردن و سمینار گێڕان لەسەر ڕێبەران، خاوەن دەرکەوتنر لە بایەخە نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی ئەوان، ڕێزگرتن لەوان و هەموو ئەو کەسانەی کە وەفادار بە ڕێبازی ئەو ڕێبەرانەن یان خود سەردەمی خۆی لایەنگر و هاوخەباتی ئەو ڕێبەرانە بوون. کاتێک کە ئێمە ڕێز لە ڕێبەرێک دەگرین، ڕێز لە خەباتی نەتەوایەتیمان لە سەردەمێک دەگرین. ڕێز لە فیداکاری نەوەی هاوکاتی ڕێبەران دەگرین بۆیە پێویستە بۆ هەموو ڕێبەران سمینار و بۆنەی تایبەت ساز بکرێت. ئێمە هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا وەک ئاکادێمی جاپک CAPK ACADEMY ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەین.

ڕۆژی کورد: کۆسپەکانی بەردەم ئەو سمینارە چی بوون کە بەڕای ئێوە بە نەبوون و نەمانیان، سەرکەوتنەکەی زیاتر دەبێ:

حەقی: گرووپگەرایی، کێشەکانی ناوخۆیی بنەماڵەی سمکۆ، کێشەکانی حیزبایەتی، ئەو بەربەستە ناخۆشانەبوون کە بوون بە هۆی ئەوەی کە سمینارەکە تەنانەت جارێک هەڵوەشێتەوە و بە هەوڵ و تێکۆشانی چەند هاوڕێ سەر لە نوێ بڕیاری پێکهێنانی سمینارمان دا. جیالەوە بەهۆی دووری لە وڵات، بۆمان نەکرا کارناس و پسپۆڕ لە کوردستانەوە بێنین یان خود نەمانتوانی لە کوردستان ئەو سمینارە بەڕێوە بەرین. بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە سەرەڕای بوونی ئەو بەربەستانە، ئێمە هەوڵێکی یەکبێژ و جیددیماندا بۆ ڕێکخستنی سمینارەکە و بەپێی ئەو بۆچوون و تێڕوانینانەی کە لە سمینارەوە بۆمان هاتووە، نزیک بە تەواوی خەڵکەکە لە ناوەرۆکی سمینارەکە ڕازین. هیوادارم ئەزموونی ئەو سمینارە ببێتە هۆی ئەوەی کە لەداهاتوودا سمیناری چاکتر و بەناوەرۆکتر ساز بکەین.

تێبینی : فیلمی سمینار له‌ لایه‌ن كاك ساڵه‌ نه‌ڵۆسیه‌وه‌ هه‌ڵگیراوه‌ته‌وه‌ و له‌ سایتی پێشمه‌رگه‌كان وه‌رگیراوه‌ 

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت