سمکۆی مەزن کێ بوو و چۆن ده‌وڵه‌تی كوردستانی ساز كرد

0
1518
 ئاریتما موحەممەدی
ئاریتما موحەممەدی

سمكۆی مه‌زن ویستی كه‌ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر زمان و پێناسه‌ی فه‌لسه‌فیی ئه‌حمه‌دی خانی بخاته‌ بوواری كرداره‌وه‌ و ده‌وڵه‌تی كوردیی له‌سه‌ر پێناسه‌ فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی خانیی دامه‌زرێنێت. ئاریتما موحەممەدی

لەم کورتە وتارەدا هەوڵ ده‌ده‌م کە بەشێک له‌ کەسایەتیی، ڕۆڵ و پێگەی سمکۆی مەزن لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوپێوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان شی بكه‌مه‌وه‌، هاوکات بەرپرچی ئەو بێڕێزییانەش بده‌مه‌وه‌ کە ڕاستەخۆ یانخود ناڕاستەخۆ دەکرێتە سەر کەسایەتیی ئەو کەسایەتییە نەتەوەیی و گرینگەی کورد. به‌تاییبه‌ت لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن کەس یان کەسانێکەوە هێرشی ناڕەوا ده‌كرێته‌ سەر كه‌سایه‌تیی یەکێ لە کەسایەتییە هەرە نەتەوەیی و گرینگەکانی کورد کە لەسەردەمی خۆیدا دەیان سەروەریی مەزنی خوڵقاندووە و تاکوو دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نی لەخەبات، تێکۆشان و بەرخۆدان لەپێناو دەسته‌بەر کردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان وچانی نەداوە. ئەو بێڕێزییکردنەش بەربڵاو بووە، لە کەسانی ئاساییه‌وه‌ دەستی پێکردووە و لە کەسایەتییە سیاسیی و حیزبییەکانی كورد و بێگانه‌وە تێپەڕ بووه‌. ئەوەی کە جێگای سرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە ئەو کەسایەتییانەی کە ڕەخنەیان ئارەستەی سمکۆی مەزن کردووە، تاکوو ئیستاش هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی و دڵخۆشکەریان لەپێناو سەربەستیی ئەو نەتەوە بندەستەدا هەڵنەناوەتەوە. ته‌نیا به‌و ڕۆڵه‌ی كه‌ له‌سه‌ر بزاڤی كورد هه‌یانبووه‌ بزووتنه‌وه‌ی كوردیان بنكۆڵ و لاواز كردووه‌ و هیچكات هه‌وڵه‌كانیان ته‌ژیی له‌ زانست، به‌رخۆدانی سه‌رده‌مییانه‌ و پێشكه‌وتوو نه‌بووه‌.

سمکۆی مەزن یەکێ لە سەرکردە هەرە مەزنه‌كانی کورد لەسەردەمی خۆیدا بووە کە توانیوێتی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بوو بێت دەستی بێگانە و داگیرکەرانی کوردستان له‌سه‌ر خاكی كوردستان ببڕێت و کورت بکاتەوە و نەیارانی کورد لەسەر خاکی کوردستان پاشەکشێ پێبکات و هێزەکانیان تێک بشکێنێت. ئەمه‌ش بە یەکێ لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی سمکۆی مەزن ئه‌ژمار ده‌كرێت. ئەگەر هۆکاری سەرنەکەوتنی شۆڕشە مەزنەکەی سمکۆی مەزن بخەینە بەرباس و ژێر كۆڵینه‌وه‌، بێگومان به‌و ئەنجامە دەگەین کە تاکە هۆکار لەپێوەندی بەڕۆخانی حوكوومه‌ته‌كه‌ی سمکۆ ئەو بارودۆخە نالەبارە بووە کە لەو سەردەمەدا لەلایەن بریتانیی، فه‌ره‌نسیی و ڕووسەکانەوە باڵی بەسەر کورد و ناوچەکەدا کێشا بووه‌ و ڕای گشتیی كۆمه‌ڵی كورده‌واریش له‌و سه‌رده‌مانه‌دا تێگه‌ییشتنی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی بۆ كێشه‌ی كورد پێنه‌بووه‌ و دائیم كوردستان له‌به‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندیی خاكه‌كه‌ی و هه‌ڵكه‌وته‌ ستراتیژییه‌كانیی به‌رده‌وام چاوی بێگانه‌كانی له‌سه‌ر بووه‌.

ئەو هێزانەش كه‌ ئاماژه‌م پێكردن بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان ئاڵوگۆڕیان لەناوچەکەدا هێناوه‌ته‌ كایه‌وه‌ و ئەوەی کە ڕەچاو نەدەکرا ڕۆڵ و پێگەی کورد لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چیاكانی زاگرۆس بوو. هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد هیچكات نه‌چوونه‌ته‌ ژێر باڵی هێزه‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا داگیركه‌رانی كوردستان به‌ ئاسانی له‌گه‌ڵ وڵاته‌ زلهێزه‌كاندا ڕێكه‌وتوون و ئیزنیان به‌ ڕاماڵكردنی به‌ربوومه‌كانی ناوچه‌كه‌ داوه‌. بێگومان بریتانیی، فه‌ره‌نسیی، ڕووسه‌كان، وڵاتانی داگیركاری ئه‌و سه‌رده‌مه و به‌تاییبه‌ت ئه‌ورووپییه‌كان ئامانجیان له‌ داگیركردنی ناوچه‌كه‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی به‌ربوومه‌كانی ناوچه‌كه‌ و ده‌ست ڕاگه‌ییشتن به‌ كانگاكانی زێڕ، ئاسن و به‌ردی به‌نرخ بووه‌. به‌ ڕێكه‌وتنیش له‌گه‌ڵ داگیركه‌رانی كوردستان به‌ ئاسانیی ئامانجه‌كانیان ده‌پێكا. ئه‌وانیش به‌رده‌وام دژی ده‌ستكه‌وتی سیاسیی كورد بوونه‌، چونكه‌ له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌دا كه‌ كورد بگه‌ییشتبایه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌بوو ئه‌وان ناوچه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ن و سمكۆی سه‌ركرده‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووه‌ كه‌ سه‌رمایه‌كانی كوردستان له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه‌ ڕاماڵ بكرێت.

ئەو دوو هێزەی کە ئاماژەی پێکرا تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان و دۆستەکانیان دەکردەوە، درووست بوونی دەوڵەتی نەتەوەیی کورد لەقازانج و بەرژەوەندی بریتانی و ڕووسەکاندا نەبوو، چونکه‌ نەتەوەیەک بەو مێژووە مەزنەی کە هەیەتی دەیتوانی لە داهاتووی خۆیدا ببێتە یەکێ لە هێزە گرینگەکانی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش. ئەوەش ڕۆلی بریتانی و ڕووسەکانی لاواز دەکرد. وه‌ك ئاماژه‌؛ کورد لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا لەگەڵ هیچ کام لەو دوو هێزە نەکەوت و تەنیا لە بیری هێز و ڕۆڵی خۆی و ڕێکخستنەوەی پێگەی هێزەکانی لە ناوچەکەدا بوو. لەڕوانگەی ئەو دوو هێزەش کە داگیرکەری ناوچەکە بوون، ئەگەر لایەنێک له‌ ناوچه‌كه‌ گرینگی بە پێگە و ڕۆڵیان نەدات ئیتر وەک مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان پێناسەیان دەکرد.

سمکۆی مەزن لە مێژووی پڕ لە تێکۆشانی کورد و هاوکات لە ڕەوتی مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد دەور و ڕۆڵێکی گرینگ و کاریگەری گێڕاوە، ئەو خەبات و تێکۆشانەی سمکۆی مەزن پێگەی کوردی لە سەردەمی خۆیدا بەهێز کرد و دواتریش ناوی چووە نێو ئەو کەسانەی کە لە مێژووی ئەم نەتەوەییەدا ڕۆڵی مەزنیان بینیوە و سه‌روه‌رییان خووڵقاندووه. سمکۆی مەزن لەو کاتەشدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێ هێشت و ڕووی کردە باکووری کوردستان، لەو ماوە کورتەدا کە لەوێ بوو هەوڵیدا کە لە گەڵ گەورە پیاوان و دەسەڵاتدارانی تورک و کورد و تەنانەت نەتەوەکانی تریش پێوەندی بگرێت و لە مەڕ پرس و کێشەی کورد گفتوگۆ بکات و هەوڵ بۆ پێگەیەکی نوێ و ڕێكخستنه‌وه‌ی ماڵی كورد بدات، به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌مكه‌س ده‌یتوانیی وه‌ك سمكۆی شۆڕشگێڕ ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بگێڕێت و ته‌نانه‌ت كه‌مكه‌سیش هه‌بوو كه‌ وه‌ك ئه‌و بیر بكاته‌وه‌. نه‌بوونی ڕاوێژكاری سیاسیی و ئاگاداری ڕووداوه‌كانی جیهان و ناوچه‌كه‌ له‌ ده‌ورووبه‌ری سمكۆ ئاسۆی شۆڕشه‌كه‌ی به‌ره‌و ئاوابوون برد و گیانی خۆشی له‌و ڕێگایه‌دا كرده‌ قوربانی نه‌ته‌وه‌ی كورد، نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ قه‌د ڕۆڵ، پێگه‌ و خه‌باتی سمكۆی دلاوه‌ر له‌بیر ناكات و خه‌باته‌كه‌ی بووه‌ته‌ چرای ڕووناكیی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد.

شه‌هید سمكۆ لە باری دیپلۆماسی و سیاسیشەوە کەسایەتییەکی مەزن، لێزان، بەئەزموون، زیرەک و تێکۆشەر بوو. دەیان جار هەوڵی داوە کە لە گەڵ بریتانییەکاندا لە ڕێگای جیاجیا و بە شێوازی جیاواز پێوەندی بگرێت، بەڵام هەوڵەکانی بێکام بوو، چونکوو بریتانییەکان پلانێکی تاییبەت بە کوردیان پێنەبوو. پتر لەو هێزانە نزیک دەبوونەوە کە به‌ دەسەڵاتی فره‌ سه‌رمه‌ستیان ده‌كردن، ئەوەش لە لای کورد هێڵی سوور بوو. چونکوو كورد خۆی بە خاوەنی ئەم نیشتیمانە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووک دەزانی و ماڵ و ژین و ژیانیان نەدەدایە دەستی بێگانەکان. ئەوەش یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی شۆڕشی کورد لە مێژووی شەش سەدەی ڕابردوودا بووە.

هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا سمکۆی مەزن هاوکات پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی ناوچەکەشدا هەبوو، پێی وابوو کە پشتیوانی دەرەکیی لەسەر خستنی کێشەی کورد و دەستبەرکردنی مافەکانی پێویستە و دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگ بگێڕێت. سمکۆی مەزن بەپێی بەرژەوەندیی کورد پێوەندی لەگەڵ داگیرکەرانیش دەگرت، ئەو باوەڕێکی قووڵی بە دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد بەشێوەی ئاشتییانە و دۆزینەوەی ئەو چارەسەرییە بە رێگای دیالۆگ و گفتوگۆ هەبوو. سمکۆی مەزن کەسایەتییەکی سه‌ربازیی و چەکدارێکی پارتیزان و بەورە بوو کە بەپێی دۆخ و هەلومەرج هێزی کۆ دەکردەوە و بڕیاری شەڕی دەدا، لە کاتی پێویستیشدا دەستی بە دیالۆگ و گفتوگۆ دەکرد و هەنگاوی ئەرێنیی دەهاوێشت.

سمکۆی مەزن دەیان جار لەو پێناوەشدا گیانی خۆی خستووەتە مەترسیی، تەنیا بە مەبەستی ئەوەکە بتوانێ چارەسەرێکی بنەڕەتیی بۆ دۆزی ڕەوای کورد بدۆزێتەوە. دواین جار لە ساڵی ١٩٢٩ی زایینیدا لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە پێوەندی لەگەڵ گیرا، سمکۆ لەو هەلومەرجەدا لاواز بوو، هێزێکی ئەوتۆ و تووکمەی لە دەورووبەردا نەبوو، بەڵام کاتێک کە ڕژیمی ئێران داوای لێکرد کە بگەڕێتەوە و لەمەڕ کێشەی کورد وتووێژ بکەن، سمکۆ ئەم داوایەی حوکوومه‌تی ئێرانی بە دەرفەتێکی نوێ بۆ كورد پێناسە کرد، چونکه‌ لە پڕۆسەی ئاشبوونەوە لەگەڵ ڕژیمدا باسی لە لاپەڕەیەکی نوێ لەنێوانی هه‌ردوولادا كردبوو، سمکۆش هەوڵیدا کە ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و هێزێکی تووکمە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. بەڵام بەداخەوە لە لایەن ڕژیمەوە پلانی تیرۆرکردنی بۆ دانرابوو، ئەوە بوو کە هێرشی کرایە سەر و شەهید کرا، هێرشەکە لە پاش وتووێژێك ئەنجام درا کە ڕژیم ئامادەکاریی بۆی کردبوو. بەو شێوەیە حوکوومەتی ئێران خیانەتی لە سمکۆی مەزن و نەتەوەی کورد کرد. كورد هه‌میشه‌ دۆڕاوی وتووێژه‌كان بووه‌، چونكه‌ كورد ساوێلكانه‌ وتووێژی كردووه‌ و داگیركه‌رانیش زیره‌كانی پیلانی گڵاوی خۆیان داڕشتووه‌. سمكۆ یه‌كه‌مین و دوایه‌مین سه‌ركرده‌ی كورد نه‌بووه‌ كه‌ له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئێراندا شه‌هید بكرێت. ڕژیمی ئێران هه‌میشه‌ كاتێك پرسی وتووێژی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كورددا هێناوه‌ته‌ گۆڕێ كه‌ كورد لاواز بووه‌، بۆیه‌ كوردیش بێ كۆڵینه‌وه‌ له‌ ئامانجی ڕژیم ئه‌مه‌ی به‌ده‌رفه‌ت زانیوه‌ بۆ ده‌ستخستنی ده‌ستكه‌وتی سیاسیی. به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی كورد بیریان له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ كاتێك كه‌ به‌هێز بوون و ڕژیم لاواز بوو بۆ باسی وتووێژی نه‌كرد، ئیستا كه‌ پێچه‌وانه‌یه‌ و كورد لاوازه‌ بۆ ڕژیم باسی وتووێژ ده‌كات. پاش شه‌هید كردنی سمكۆ، پێشه‌وا قازیی، د. قاسملوو و د. شه‌ره‌فكه‌ندی و چه‌ندین سه‌ركرده‌ی دیكه‌ی كورد هه‌مان هه‌ڵه‌یان دووپات كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش بێئه‌زموونیی و باییخنه‌دانی سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ ڕووداو و كاره‌ساته‌كانی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌یان پێشان ده‌دات.

هەروەک ئاماژەی پێکرا، سمکۆ وەک کەسایەتییەکی سیاسیی و بەئەزموون ئاگاداری کێشەکانی ناوچەکە بووە و زانیاریی تەواوی لە بارەی دیپلۆماسی و پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەشەوە هەبووه‌. لە ماوەی تەمەنی شۆڕش و حوکوومەتەکەیدا توانی بەشێوەیەکی سەرکەوتوو لە کایە سیاسییەکانی ناوچەکەدا دەور بگیڕێت و پیلانی داگیرکەران تێک بشکێنێت و بزووتنەوەیەکی خۆماڵی کە پاڵی بە هیچ هێز و لایەنێکەوە نه‌دابوو بەرهەم بهێنێت.

شه‌هید سمكۆ ده‌وڵه‌تی كوردستانی ڕاگه‌یاندبوو؛

یەکێ لە کارە هەرە گرینگ و پڕ باییخانەی کە سمکۆی مەزن ئەنجامی داوە و لە مێژووی سێ سەدەی ڕابردوودا بێوێنە بووە، ئەوەبوو کە بۆ یەکەمینجار زۆربەی خێڵ و عەشیرەتەکانی کوردی پێکەوە گرێدا و یەکێتییەکی تنوتۆڵی لە نێوانیاندا ساز کرد. بەپێی هندێک سەرچاوەی مێژوویی هێزە چەکدارەکانی حوکوومەتی کوردستان لە سەردەمی سمکۆی مەزندا لەو هێزانەی کە ئەرکی پاراستنی کۆماری کوردستانیان لە ئەستۆدا بووە زۆر بەهێزتر و پڕ چەکتر بوونە. سمکۆ ئەو پەڕی هەوڵی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەکە بتوانێ هاوپەیمانێتییەکی مەزن لەنێوان خێڵه‌ كوردییه‌كاندا ساز بکات و لەو ڕێگایەوە کاریگەری لەسەر هێزە ناوچەییەکان دابنێت و سرنجی زلهێزەکانیش بۆ لای خۆی و حوکوومەتی کوردستان ڕابکێشێت.

تەمەنی حوکوومەتی کوردستان لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی سمکۆی مەزندا سێ ئەوەندەی تەمەنی کۆماری کوردستان درێژەی کێشاوە و هەموو ناوچەکانی دەورووبەری زەریاچەی ورمێی لەخۆ دەگرت. ئەو حوکوومەتەش لە نێوان ساڵی ١٩١٨ تاکوو ١٩٢١ی زایینی بووە، هەر چەند خەبات و تێکۆشانی ئەو کەسایەتییە نەتەوەییە تاکوو ساڵی ١٩٢٩ی زایینی لە ناوچەکە درێژەی کێشا، بەڵام تەنیا ئەو چوار ساڵە ده‌سه‌ڵاتی بەسەر هەموو ناوچەکاندا هه‌بووه‌. گرینگییەکی دیکەی شۆڕش و حوکوومەتی سمکۆ لەوە دایە کە ئەو بەهێز و توانای خۆی هەموو ئەو سەرکەوتنانەی بەدەست هێنا و مسۆگەر کرد، هەر ئەوەش هۆکاری ئەوە بوو کە ئەو شۆڕشە درێژە بکێشێت و درەنگتر بڕۆخێت. بۆ نمونە کۆماری کوردستان لە لایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە پشتیوانی لێدەکرا، کاتێک کە پشتیوانی یەکێتی سۆڤییەتی لە دەست دا، ئیتر بەنەرمە بایەک ڕۆخا و ١١ مانگ دەوامی هێنا.

کەواتا بەو ئەنجامە دەگەین کە شۆڕشەکەی سمکۆ شۆڕشێکی خۆماڵی بوو، لەسەر بنەمای هێز و وزەی کورد دانرا بوو، ئەوەش بەخاڵێکی بەهێزی ئەو شۆڕشە مەزنە پێناسە دەکرێت. سمکۆ پێوەندی باشی لەگەڵ هەموو سەرکردە نەتەوەییەکانی کوردستانی گەورەدا هەبووە، بیری کوردستانێکی مەزن لە مێشکیدا چەکەرەی کردبوو. بەو بیر، هزر و بڕوایه‌وه‌ هەوڵیدا کە هێزێکی نەتەوەیی لەهەموو بەشەکانی کوردستان پێک بهێنێت و ڕۆڵی خۆی بەشێوەیەکی بەرچاو بگێڕێت و قورسایی مێژوویی خۆی بەدەست بێنێت. لە حوکوومەتی کوردستان لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی سمکۆی مەزندا گرینگی و باییخێکی تاییبەت بەبوواری پەروەردە و خۆپێگەیاندن دراوە، هاوکات بەشێوەیەکی درووست خەڵکی کوردستانیان لەداخوازییە نەتەوەیی و ڕەواکانی کورد تێگه‌یاندووه‌ و به‌شێوازێكی ڕوون باسی داگیركرانی كوردستانیان كردووه‌ کە چۆن داگیرکەرانی کوردستان مافی مرۆڤایه‌تیی و نەتەوەیی کورد ژێرپێ دەنێن و گرینگی بەژیان، ڕۆڵ و پێگەی کورد لە نیشتیمانی خۆی نادەن.

شه‌هید سمكۆ باییخی به‌ بوواری په‌روه‌رده‌، فێركردن و ڕووناكبیریی داوه‌؛

سمکۆ وەرزنامەیەکی بەناوی“کورد” بەزمانی کوردی دەردەکرد کە پتر بابەت و هەواڵەکانی کوردستانی ڕووماڵ دەکرد و پرس و باسی مافەکانی کوردی تێدا دەهاتە گۆڕێ. هاوکات بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا سمکۆ گۆڤارێکی بەناوی “کوردستانی گەورە“ش دەرکردووە. ئەوەش بەواتای ئەوە دێت کە لە حوکوومەتی سمکۆدا گرینگی بەڕۆشەنبیریی و هووشیارکردنەوەی خەڵک لەئاستێکی بەرزدا دراوە. سمکۆی مەزن باش دەیزانی و دەیتوانی کە چۆن لەگەڵ دەسەڵاتی ئەو کاتی ئێران کایەی سیاسیی بکات و تاکتیکەکان لەکاتی خۆیدا بگۆڕێت و لەدژی داگیرکەر بەکاری بهێنێت. تەنانەت لەکاتی لاوازبوونیدا باش توانی کە قەناعەت بەحوکوومەتی ئێران بهێنێت و واز لەهێرش کردنە سەری بێنن، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەکە جارێکی دیکە سمکۆ هێز و دەسەڵاتی خۆی بەدەست بهێنێتەوە.

شه‌هید سمكۆ به‌ كوشتی مارشمعون خه‌ونی سازكردنی ده‌وڵه‌تی ئاشووریی له‌سه‌ر خاكی كوردستان بۆ هه‌میشه‌ له‌نێو برد؛

سمکۆ بەکوشتنی مارشمعون کارێکی زۆر مەزنی کرد، مارشمعون کابرایەکی گێرەشێوەنی ئاشووریی بوو کە دەیهەویست لەسەر خاکی کوردستان حوکوومەتێکی ئاشووریی بەهاوکاریی و پشتیوانیی ڕووسەکان و دواتر بریتانییه‌كان دامەرزێنێت، مارشمعون هێرشی دەکردە سەر شار و گوندەکانی کوردستان و تاڵانی دەکردن و دانیشتووانەکەشی دەکوشتن. ڕووسەکانیش لە ژینۆساید کردنی خەڵکی کورد بەدەستی مارشمعون بەشدار بوون. بەپێی هندێک سەرچاوەی مێژوویی لەو سەردەمەدا پتر لەدەیان هەزار کورد بەدەستی مارشعمون کوژراون، تەنیا لە ناوچەی ڕەواندز پتر لە پێنج هەزار ژن و منداڵی کوردی فڕێ داوەتە ناو دۆڵی ڕەواندز. دواتر مارشمعون بەدەستی سمکۆ خانی مەزن کوژرا. هه‌رچه‌ند به‌ كوشتنی مارشمعون بزووتنه‌وه‌ی كورد كه‌وته‌به‌ر هێرشی ڕووسه‌كان و ئاشوورییه‌كان، به‌ڵام تاكه‌ ڕێگاچاره‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌بوو سمكۆ مارشمعون بكوژێت و كۆتایی به‌ خه‌ونی ئاشوورییه‌كان بۆ سازكردنی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر خاكی كوردستان بهێنێت.

ڕووسه‌كان له‌ ساڵانی ١٩١٥ تا ١٩١٧ی زایینی له‌ ناوچه‌كانی ورمێ و مه‌هاباددا بوونیان هه‌بووه‌، له‌و ماوه‌یه‌شدا كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ هاوڵاتییانی كوردیان كوشت، پاش ئه‌وه‌ش ناوچه‌كه‌یان بۆ ئاشووریی و ئه‌رمه‌نییه‌كان چۆڵ كرد، ئه‌مه‌نیی و ئاشوورییه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ناوچه‌كه‌یان وێران كرد، ده‌ستیشیان به‌سه‌ر كه‌رتی كشتوكاڵیی ناوچه‌كه‌دا گرت. هه‌روه‌ها به‌شێكی زۆر له‌ هاوڵاوتییانی كوردیان شه‌هید كرد. پاش ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵێكی زۆر هاوڵاتییانی كوردیان له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ركرد و بۆ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ورمێ ڕایانگواستن. هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه‌ش له‌ژێر كاریگه‌ریی و به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مارشمعون به‌ڕێوه‌ ده‌چوون، بۆیه‌ ڕۆژی سێی مارسی ١٩١٨ی زایینی مارشمعون به‌ده‌ستی سمكۆ كوژرا و كۆتایی به‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ سازكردنی ده‌وڵه‌تی ئاشووریی له‌ ناوچه‌كانی ورمێ، مووسڵ و هه‌كاریدا هێنرا.

شه‌هید سمكۆ مه‌هابادی كرده‌ پاییته‌ختی ده‌وڵه‌تی كوردستان؛

سمکۆی مەزن لەساڵی ١٩٢٢ی زایینی بڕیاریدا کە شاری مەهاباد بکاتە پێتەختی کوردستان، ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە بەتەواوەتیی دەسەڵاتی بەسەر هەموو ناوچەکەدا گرتبوو، تەنانەت ئازەرییەکانی میاندووئاب و مەراغە و ناوچەكانی دیکەشی لەژێر باڵی خۆیدا کۆ کردبووەوە. سمکۆ شارەزایی لەئابووریی کشتوکاڵیدا هەبووە و خۆی ڕاستەخۆ کارەکانی ئەو وەزارەتەی لە حوکوومەتەکەیدا بەڕێوە بردووە، ئەوەش بە مەبەستی پێشگیری کردن لە گەندەڵی و ئاسانکاریی بۆ ڕاپەڕاندن و بەرەو پێشەوە بردنی کاری حوکوومەت بووە. سمکۆی مەزن وەک هەموو سیاسەتمەدار و ئابووریناسێک باییخێکی تاییبەتی بەبواری ئابووریی و بووژاندنەوەی ژیانی هاوڵاتیان داوە. له‌به‌رئه‌وه‌ پێی وابووە کە ئابووریی بنەمای ژیان و داهاتووی هاوڵاتیان و هاوکات پێشکەوتن و پێخستنی کوردستان مسۆگەر دەکات. سمکۆ پێی وابووە کە ئابوورییەکی بەهێز حوکوومەتێکی بەهێز و کۆمەڵگایەکی دەوڵەمەند و چاو کراوە بار ده‌هێنێت، ئەوەش بە کێشەی بنەڕەتیی کۆمەڵگای ئەو کاتی کوردستانی پێناسە کردووە.

شۆڕشی سمکۆی مەزن لەساڵی ١٩١٨ تاکوو ساڵی ١٩٢٩ی زایینی بەردەوام بوو، سمکۆ لەپاش ئەوەکە لەسەر داوای حوکوومەتی ئێران لەباشووری کوردستان گەڕایەوە ڕۆژهەڵات، لەساڵی ١٩٢٩ی زایینی لەبۆسەیەکدا کە لەلایەن هێزەکانی ڕژیمی ڕەزاشا پیلانی بۆ داڕێژرابوو شەهید کرا. ئەو خاڵەی کە لێرەدا جێگای ئاماژە، سرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە پێش ساڵی ١٩١٨ شۆڕشی سمکۆی مەزن لەلایەن کەسانی نزیکیەوە سەرکردایەتی کراوە، بەڵام لەپاش ئەوەکە ئەوان شەهید دەکرێن سمکۆی مەزن، سمکۆی لاو و بەئەزموون بەدەسەڵات دەگات و پەرە بەشۆڕشەکە دەدات و بە لوتکەی سه‌ركه‌وتنی دەگەیەنێت.

لەکۆتایی ئەم وتارە مێژووییەدا بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە تاکە هۆکاری سەرنەکەوتنی شۆڕشی سمکۆی مەزن و تێکەڕای شۆڕشەکانی کورد لەسەدەی بیستەمدا بریتانییەکان و ڕووسەکان بوونه‌. هەروەک لەدەسپێکی ئەم وتارەدا ئاماژەی پێکرا وڵاتە زلهێزەکانی وەک ڕووس و بریتانی و دواتر ئەمریکییەکان، لەگەڵ درووست بوونی دەوڵەتی کوردی لەناوچەکەدا نەبوونە، ئەو ڕۆڵ و هەوڵ، خەبات و تێکۆشانەی کە کورد و ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بینیویانە و لە خۆیان پێشان داوە، هیچکام لە نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە ئه‌و ڕۆڵه‌یان نه‌گێڕاوه‌. ئەگەر وڵاتە زلهێزەکان لەگەڵ بوونی دەوڵەتی کوردیی لەناوچەکە بوونایە، ئەو ڕۆڵ و تێکۆشانە بەس بوو بۆ ئەوەکە دەوڵەتی کوردی پێک بێت.

کێشەیەکی دیکە کە بزووتنەوەی کورد لەمێژووی خۆیدا هەیبووە و هەنووکەش ئەو بۆشایی، کێشە و قەیرانە دەبینرێ ئەوەیە کە هەرچەند پێشتر عووسمانییەکان و دواتریش تورکە نوێکان لەگەڵ دەسەڵاتی بنەماڵەی ڕەزاشا کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بزووتنەوەی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان هەبووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردیش زۆر زوو كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر کاریگەری ئەو هێزانە. بەپێی زانیارییە مێژووییەکان بزووتنەوە کوردییەکان هەمیشە کێشە و لەمپەر بوونە لە پێش ڕێی زلهێزەکان، بەڵام لەڕێگای هێزە ناوچەییەکانەوە ئەو بزووتنەوە کوردییانە سەرکووت کراون. بە بۆچوونی من و بە پێی ئەزموونی مێژوویی کورد، نابێت پارتە سیاسییەکانی کوردستان پشت ئەستوور و دڵخۆش بن بە بوونی پێوەندیی تاکتیکیی لەگەڵ داگیرکەران. پێویسته‌ ئیتر كورد وەک هێزێکی کاریگەر لەناوچەکەدا خۆی بسەپێنێت و پتر پشتئەستوور بێ به‌ هێز و وزەی خۆی.

سەرچاوەکان؛

سمکۆ، نامەکانی شێخ مەحموود نەمر و سمکۆی مەزن، مێژووی کورد و کوردستان، کوردەکان، کورد و ئاشووری.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت