ڕۆژی کورد: ئەمڕۆ چوارشەممە، ٦ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، باژێڕی قامیشلوو بوو بە ئامانجی هێرشێکی تیرۆریستیی داعش و زیاتر لە ٥٠ کەس تێیدا گیانیان لە دەست داوە و دەگوترێ زیاتر لە ١٥٠ کەسیش بریندارن.
نزیک کاتژمێر 9:30 خولەکی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی گەلاوێژ، کامیۆنێکی بارهەڵگری بۆمبڕێژکراوی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە بازاری ڕۆژئاوای شاری قامیشڵوو و نزیک بارەگای ئاسایشی ئەو شارە تەقییەوە و بەو هۆیە ژمارەیەکی زۆر شەهید و برینداری لێکەوتەوە.
بە مەودایەکی کوردت دوای ئەو تەقینەوە و دوای کۆبوونەوەی خەڵک لە شوێنی تەقینەوەکە ، تەقینەوەی دووهەمیش ڕوویدا.
بەپێی ئامارە بەراییەکان تا ئێستا نزیک بە 50 کەس شەهید و 175 کەس بریندار بوون کە دەگوترێ دۆخێ بەشیک لە بریندارەکان ئاڵۆزە.
لە ئێستادا لە باژێڕی قامیشڵوو دۆخی نائاسایی ڕاگەیەندراوە و نەخۆشخانەکان داوا لە خەڵک دەکەن خوێن بە بریندارەکان ببەخشن.
تەنیا ٢ کاتژمێر دوای ئەو دو تەقینەوەیە، ڕێکخراوی تیڕۆریستی ” داعش” لە ڕاگەیەندراوێکدا و ئەنجامدانی ئەو کردەوە تیڕۆریستییەی بە ئەستۆ گرتووە.
دەگوترێ ئەو تەقینەوەیە، بەهێزترین تەقینەوەی ناو کوردستانی ڕۆژئاوا لە ماوەی شەڕی ناوخۆیی سووریا بووە.