کەبوودوەند تاقیکردنەوەیەکی تری شەڕافەتی خۆمان و دنیایە

0
797

نووسینی: شێرکۆ هەژار

لە نیشتمانێکی داگیرکراو و دابەشکراودا، نەتەوەیەکی چەوساوە و  بێ بەش لە سادەترەین مافە نەتەوایەتییەکانی، کەسێک تێدا  لەسەر  چالاکییەکی مەدەنیی ئاشتیخوازانەی لە چوارچێوەی قانوونەکانی  ئەو  داگیرکران و چەوسانەوەیەشیدا بخرێتە زیندانەوە و، زیندانییەکەشی  تەواو بکات، جا ئەوجا رێگا نەدرێت کە لە زیندانە بچووکەکەیەوە بۆ  زیندانە گەورەکەی نیشتمانی دەرچێت، هەڵوێست لە ئاستی ئەوە دەبێتە  تاقیکردنەوەیەکی تری شەڕافەتی خۆمان و دنیا  کە لێرەدا باش دەزانینهەڵوێستی دنیاش هەر پێوەندیی بە ئاستی خەباتی خۆمانەوە هەیە .

کەبوودوەند، لە زیندانەوە، سەرەتا هەڵوێستی خۆی بە ژیانی خۆی هەر بە  شەهامەتی خۆی لە ئاست خۆیدا، ئەوجا بە پەیام  بۆ نەتەوەکەی و بۆ جیهان  دەنێرێت : ئەی مرۆڤ، من تا دوا توانایەکی هەمبووە هاوارم  بۆ مافی تۆ  کردووە و دەمەوێت تا دوا هەناسەم درێژە بە رێگام بدەم، وا لەسەر ئەو  مافەی تۆ، بەدەر لە هەموو قانوونەکانی دنیا و رژیمیش، لە زیندانمدا دەهێڵنەوە .

هەر مرۆڤێک بە سیفەتی مرۆڤبوونەکەی لێرەدا رووبەڕووی بەرپرسیاریی مرۆڤایەتی دەبێتەوە . هەڵوێستی لێرەدا پێوانەی رادەی پێبەندبوون یا  نەبوونییەتی  بە شەڕافەتی خۆی بەو سیفەتەی کە مرۆڤە . تاقیکردنەوەی ئەو پێبەندبوونە لە هەموو ئاستێکدایە، چ لە ئاستی تاک و  چ لە ئاستی دەستە و رێکخراواندا .

ئێمە، کە دەبوو بە دەنگی شۆڕشی رەوای رزگاری دەنگمان بە دنیا بگەیەندایە، یا بە هەموو رێگایەکی ئاشتیخوازانەی خەبات دەنگی داخوازیی رەوای ژیانی ئازادیی گەلەکەمان پڕی دەستگاکانی راگەیاندن بە هەموو گۆشەو کەنارێکی

دنیادا بڵاوبکردایەتەوە، وا ئێستا دیسان رووبەڕڕوی تاقیکردنەوە دەبینەوە .

بۆ کۆتایی پێ‌هێنانی رۆژگاری تاڵ و تاری کە زۆر درێژبوونەوە و، کاروانی  شەهیدانی رێگای ئازادی بەدووی کاروانی شەهیداندا و، چەوسانەوەی مرۆڤەکانمان لە زیندانانی بچووک و زیندانی گەورەدا، دەبێت گۆمی مەنگی  بێ‌باکیی دنیا ببزوێنین، ئەوەش هەر بەوە دەکرێت کە هەرچی لە تواناماندایە لەو پێناوەدا بیخەینە گەڕ. دەبێت خۆمان هەست بە بەرپرسیاری بکەین، تا بتوانین دنیاش ببزوێنین .

دەبێت هاوارمان بۆ ڕزگارکردنی کەبوودوەند ببیسرێت، ئەوە هەر تەنیا  رزگارکردنی کەبوودوەند نیە، ئەوە ئەڵقەیەکە لە رزگاریی تەواوی گەلێک و نیشتمانێك و لە خەبات بۆ شەڕافەتی مەسەلەی ئازادیی مرۆڤ بەگشتی.کەبوودوەند، لەم هەلومەرجەدا، بۆ ئێمە رەمزێکە، نەتەوە و نیشتمان ومرۆڤایەتییمانی تێدا کۆدەبنەوە .

داوای ئازادبوونی کەبوودوەند تاقیکردنەوەیەکی تری شەڕافەتی خۆمان  و دنیایە، دەبێت تێدا سەربکەوین

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.