شۆرای نیزامیی حدکا سەبارەت بە شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە

0
2046

شۆرای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبە بە ناوی شەهید “ڕەسووڵ محەممەدزاده” لە بەرەکانی شەڕی مووسڵدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە کە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاو بۆتەوە بەو شیوەی خوارەوەیە:

بە دەستپێکردنی ئۆپراسیونی ئازادکردنەوەی مووسڵ و بە مەبەستی یارمەتیدان بە پێشمەرگەکانی باشووری کوردستان، تیمێکی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شارەزا لە پووچەڵ کردنەوەی مین و پاک کردنەوەی مەیدانەکانی مین، ڕەوانەی ناوچەکانی مووسڵ کرا. ئەو تیمە لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەشێک لە شوێنە مینڕێژکراوەکانیان پاک کردەوە.

لە ڕەوتی بەجێهێنانی ئەو ئەرکەدا بەداخەوە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی(٢٦/١٠/٢٠١٦ی زایینی) یەکێک لە ئەندامانی ئەو تیمە بە ناوی ڕەسووڵ محەممەدزادە بەرپرسی فێرگەی کۆمیسیونی پەروەردەی حیزب، لە کاتی پووچەڵکردنەوەی میندا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە شەهید بوو.

شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادە، کوڕی مەحموود ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لە ئاوایی “سەیف ئاوای” ناوچەی سەقز لەدایک ببوو و لەساڵی ١٣٧٩ی هەتاویدا هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ساڵی ١٣٨٩ پلەی کادری وەرگرتووە و دەورەیەکیش ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

شەهید ڕەسووڵ مەدرەکی لیسانسی لە مێژووی کورددا لە زانستگەی سەلاحەدین لە شاری هەولێر وەرگرتبوو.

شەهید ڕەسووڵ کادرێکی خۆشناو، بە بڕشت و ئۆگری کار و تێکۆشان و بردنە سەری پلەی زانست و زانیاریی خۆی بوو، بە جۆرێک کە دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە و دەورەی کادریشی بە پلەی یەکەم تێپەڕ کردبوو.

شەهید ڕەسووڵ باوەڕی قووڵی بە ئامانجەکانی گەل و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەبوو و لە ڕەوتی کار و تێکۆشانیدا پابەندی ئوسوول و دیسیپلینەکانی حیزب بوو، کەسایەتێکی دەستپاک، دڵسۆز، ڕووخۆش، ئارام و خۆشەویستی خەڵک و هاوسەنگەرانی بوو، وەک بەرپرسی فێرگەی کۆمیسیونی پەروەردەی حیزب لە ڕاهێنان و پێگەیاندنی فێرخوازانی فێرگەدا دەوری بەرچاوی گێڕا. شەهید بوون و لەدەستچوونی کادرێکی وا بەوەج و کارلێهاتوو بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەسارێکی بەرچاوە. پێویستە بگوتری کە شەهید ڕەسووڵ دووهەمین شەهیدی بنەماڵەکەیەتی.

بە ناوی شۆڕای نیزامیی حیزب دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، بە بۆنەی شەهیدبوونی هاوڕێی خۆشەویستمان کاک ڕەسووڵ محەممەدزادە وێڕای ئەوەی کە خۆمان بە خەم هەڵگرتووی شەهیدبوونی دەزانین، لە هەمانکاتدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی شەهید ڕەسووڵ و هەموو خزم‌وکەس و دۆستان و ئاشنایانی دەکەین. لەگەڵ گیانی پاکی پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی درێژەدەری ڕێبازی بین.

ڕۆحی شاد و یادی لە دڵماندا بۆ هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە

شۆڕای نیزامی
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی
٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت