شارەوانیی مهاباد گڵکۆی شاعیران و هونەرمەندانی مهابادی شێواند

0
3263

لە درێژەی سیاسەتی لەناوبردن و شێواندنی گڵکۆ پیرۆزەکان لە کوردستانی خۆرهەڵات و دوای شێواندن و ڕماندنی گۆڕستانی شەهیدان لە قوروە و مهاباد و بۆکان، ئەمجارە گڵکۆی شاعیرانی مهاباد، بە تەواوی شێوێندرا.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕٶژی کورد، شارەوانی و قایم مقامی مهاباد لە کردەوەیەکی ناکوردانەدا گڵکۆی شاعیران و هونەرمەندانی مهابادیان لە ناو بردووە و لە سەرجەم گڵکۆکان تەنیا یەک کێلیان هێشتۆتەوە کە تەنیا ناوی شاعیر یان نووسەرەکەی لەسەر ماوە.

وریا ماملێ، کوڕی مامۆستا محەممەد ماملێ و چالاکی هونەری لەمبارەوە دەڵێ: “ڕوون و ئاشکرایە کە ئێوە بە فیتی ئەربابە کوردنەویستەکانتان دەستتان داوەتە تاوان و بە بیانووی تازەکردنەوەی و جوانکاری‌کردنی ئەم بەشە لە گۆڕستانەکە، هەموو ئاسەوارێکی نەتەوەیی و ئازادیخوازانە کە لە کێل و بەردی ئەم شاعیرانە دا خۆی دەنواند، توونا کردووە و لە جیاتانی کێلێکی بێ‌ڕۆح و نامۆ کە هیچ ڕەنگدانەوەیەکی لەگەڵ داب و نەریتی ئەم خەڵکە دا نییە، داناوە.”.

پێشتر گۆڕی هەر کام لە شاعیر و نووسەرەکان لە گڵکۆی شاعیرانی مهاباد، شیعرێکی نیشتمانی و نەتەوەیی لەسەر هەڵکەندرابوو کە دەرخەر و پێناسەی شاعیر و هونەرمەند و هەستەکەی بوو. وریا ماملێ هۆکاری سەرەکیی ئەو گڵکۆ شێواندننە دەگێڕێتەوە بۆ ترسی ڕژیم و کاربەدەستانی لە واتای ئەو شیعر و نووسراوانە و دەڵێ: “هەموو کەس دەزانێت کە ئەم کارەی ئێوە نە بۆ دڵسۆزی بۆ ئەم پۆلە خۆشەویستانەی گەلە بەڵکوو، ترسی ئێوە و ئەربابەکانتانە لە شێعرە هەڵکەندراوەکانی سەر مەزاری ئەم شاعیرە نەمرانەیە کە نەکا بکەوێتە بەرچاوی خەلک و گاریگەری لەسەر خەڵک دابنێت. رۆژانە بە دەیان کەس میوانی ئەم مەزاگەیە دەبێت و چاویان بەو نووسراوانە دەکەوێت. ئەوەی ئێوەی گەمژە لێی تێناگەن ئەوەیە کە ئەم هونەرمەندانە پەیام و بەرهەمەکانیان لەگەڵ خۆیان نەبردۆتە ناو گۆڕ کە ئێوە وا کەوتوونەتە پەلەقاژە بۆ تووناکردنیان. ئەوان بەرهەمەکانیان پێشکەشی خەڵکی بەشەرەفی خۆیان کردووە و خەڵکیش لە هزر و دڵیان دا،بە گیان و ڕۆح دەیانپارێزن. لای ئەو گەلە بۆتە باو کە بەم بەرهەمانە بانگ بە گوێچکەی کۆرپەکانیان و تەڵقین بەسەر مردووەکانیان دا دەخوێنن.”

گڵکۆی شاعیرانی مهاباد چەند گڵکۆی پیرۆزی لێیە کە بریتین لە: :مامۆستا هێمن، مامۆستا هەژار، خاڵە مین بەرزەنجی، مامۆستا محەممەد ماملێ، مەلا غەفوور دەبباغی، مامۆستا جەعفەر قازی، مامۆستا مارف ئاغایی و چەند گڵکۆیەکی تر”.

لەسەر گڵکۆی مامۆستا هەژار ئەم شیعرە بەرزە بەرچاو دەکەوت:

لاوەکان گەورەکچان نازداران

دڵبەران،دڵتەڕەکان،دڵداران
دەمەڕۆن تاوێ بمێنن لێرە
فاتحایێکی بخوێنن خێرە
لە نێو ئەم گۆڕە هەژار نێژراوە
زۆر لەڕێی ئێوە جەفای کێشاوە
ژینی خۆی کردە فیدای خۆشی کورد
لە ڕێی ئازادی بە ناکامی مرد
تو خودا کاتێ کە ئازادی و سەند
ڕەگەزی خۆێن مژەکان و هەڵقەند
کیژو کوڕ هەرچی بەلاما لادا
پێم بڵێ و پایێ بە قەبرم دادا
ئەی هەژار بەسیەتی مردن هەستە

موژدە بێ مەوتەنەکەت سەربەسته

هەروەها لەسەر گڵکۆی مامۆستا هێمن نووسرابوو:

شیوەنی من شیوەنی ئینسانیە

بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانیە

شیوەنی من شینی کوردی بێبەشە

ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە.

لەسەر گڵکۆی مامۆستا مارف ئاغایی نووسرابوو:

خاک توانای کۆچی نیە

ئەوە ڕازی مانەوەی

هەمیشەیی من لەم وڵاتەدا

وریا ماملێ، لە کۆتایی سکاڵانامەکەی خۆی لە بەرپرسانی شارەوانیی مهاباد، باس لە خەسیو بوونی ئەو هەڵوێستانە و لەبیرنەچوونەوەی ئەو شیعر و شاعیرانە لە لایەن خەڵکی کورد دەکات و دەڵێ: ” ئەوان لە داهاتوو دا ئەم شێعرانە لە سەر پەڕۆ و کاخەزیش بێت دەینووسن و لەسەر مەزاری ئەم مەزنانە دادەنێن و بەم کارە ئەو پەیامەتان بە گوێکچەتاندا دەچرپێنن کە ئەم گۆڕانە مڵکی گەلن و “نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا ئەژین” و ئەوەی دەمرێت ئێوەی بە ڕواڵەت زیندوو و وڵاتفرۆش و گۆڕفرۆشن.”

تێبینی: لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا، ناوەندی ڕۆژی کورد، بەشێک لە خیانەت و جاشێتیەکانی شارەوان و فەرماندار و بەشێک لە شٶڕاکانی مهاباد، بڵاو دەکاتەوە.

14311429_1246672782059354_3725840937010551168_o

14324319_1246672602059372_6313956417684950485_o

14333824_1246672718726027_1690979816125006493_n-1

55

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت