شاندێکی ئێرانی سەردانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشووری کرد

0
902

دوابەدوای دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکداری و بەرگریی چەکدارییانە لە نیوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕژیمی ئێران تووشی شڵەژان بووە و جیا لەوەی کە هیزێکی زۆر و زەبەلاحی ڕەوانەی شار و گووندە جیاجیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کردووە و لە هەمان کاتدا عەلی خامنەیی دوای ٢٧ ساڵ، دۆینێ سێ شەممە ٨ی پووشپەڕ، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی لەسەر کار لابرد. ئەمڕۆش شاندێکی باڵای ڕژیم سەردانی هەرێمی کوردستانی باشووریان کردووە کە دەگوترێ بە نیازی زەخت هێنان بۆ سەر هەرێم بۆ ڕاگرتنی خەباتی چەکداری و هەڕەشە کردن لە هێرشی زیاتر بۆ هەرێم هاتوون،

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور، ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی کوردستانی باشووریان کردووە و ئەمڕۆ لەگەڵ نێچیروان بارزانی کۆبوونەتەوە. سەردانی شاندی ئیرانی لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێ کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، ڕژیمی ئێران بە تووندی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی باشووری تۆپباران کردووە و زیانێکی زۆری ماددی و گیانی لێکەوتەوە.

بەپێی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم لە دانیشتنی نێوان نیچیروان بارزانی و شاندی ڕژیمی ئێران، باس لە دوا پێشهاتە ئەمنییەكانی ناوچەكە بەگشتی و سنوورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەتی كراوە.

ماڵپەڕی وشە سەرۆکی ئەو شاندەی ئاشکرا کردووە و دەڵێ سەرۆکی شاندەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران، رۆستەم قاسمی، ئەندامێکی باڵای سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و راوێژکاری یەکەمی وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەیە.

رۆستەم قاسمی ئەندامی باڵای سوپای پاسداران و راوێژکاری باڵای وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٦٤ لە گوندی “دەشتی لالە”ی ئەسیر سەر بە شاری میهر، لە پارێزگەی فارس لەدایک بووەو لە زانکۆی سەنعەتی شەریفی تاران ئەندازیاری شارستانی خوێندووە.

رۆستەم قاسمی لە ئێستەدا راوێژکاری باڵای حوسێن دیهقان، وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ساڵی ١٣٦٠ بووەتە ئەندام لە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق دا بەشدار بووە و یەکێکە لە بریندارەکای ئەو شەڕە.

دوای کۆتایی شەڕی ئێران-عێراق “١٩٨٠ – ١٩٨٨” لە بارەگای “خاتەم ئەنبیا”ی سوپادا بەرپرسیارێتی وەرگرت. ساڵی ٢٠٠١ دوای لابرانی “محەمژەدعەلی جەعفەری” وەک فەرماندەی گشتی بارەگای خاتەم ئەنبیا دەستبەکار بوو.

شاندەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاتێکدا سەردانی هەرێمیان کردووە کە پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ماوەی ١٤ رۆژە لەناوخۆی رۆژهەڵات لەگەڵ میلیشیاکانی سوپای پاسداران تووشی پێکدادان بوونە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت