شاهۆ حوسێنی: پێشنیارەکانی کەمپەین، ویست و خواستی زۆرینەی کۆمەڵگەیە.

0
1152

پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی مەزارگەری ناودارانی کورد لە مەهاباد هێشتا تەواو نەبووە و (کەمپەینی کورد، نا_بۆ_تێكدانی_مەزارگەی_ناودارانی_كورد) هەر وا بەردەوامە لەسەر پێشنیارەکانی خۆی و داوا دەکەن ئەو کێلانەی کە ئێستا لەو شوێنە داندراون لاببردرێن و کێلی دیکە کە لەخۆگری خواست و شووناسی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و کلتووری ئەو نەمرانەیە لە جێیان دابندرێ و شیعر و نووسراوەکانی پێشووش لە سەر کێلەکان و بەردی سەرسینگی مەزارەکان بنووسرێتەوە.
کەمپەین تا ئێستا چەند نامەی سەر ئاوەڵای بۆ هەیئەت ئومەنا و شووڕای شار و موهەندیسی دیزاینەر ناردووە، بەڵام ئەوان وەڵامێکی روون و قەتعییان بە ویست و داخوازییەکانی کەمپەین نەداوەتەوە.
سەبارەت بە دوایین زانیارییەکان و هەوڵەکانی کەمپەین، رۆژی کورد چەند پرسیارێکی ئاراستەی شاهۆ حوسێنی، وتەبێژی (کەمپەینی کورد،نا_بۆ_تێكدانی_مەزارگەی_ناودارانی_كورد) کردووە .

***

رۆژی کورد: پێشنیارەکانی کەمپەین کە ئاراستەی شوورای شار و لێژنەی نوژەنکردنەوەی مەزارگە کراوە چین و چ وەڵامێکتان لە لایەنی بەرانبەر وەرگرتۆتەوە؟

shaho-hoseiniشاهۆ حوسێنی:  ئەساسەن هەڵکەوتەکانی هەر کۆمەڵگەیەک (شاعیر، نووسەر، هوونەرمەند، موزیسین، گۆرانیبێژ و ….) کۆڵەکەکانی شووناسی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و کلتووری هەر کۆمەڵگەیەکن کە بە خزمەت بە دیاردە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، دەبنە هۆی پاراستن، پەرە، گەشە و بەردەوامی ئەو شووناسە لەناو بەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا، لەگەڵ ئەوەدا کە کۆمەڵگەکان حەولی رێزگرتن و پاراستنی ئەو کلتوور و بەرهەمانە دەدەن کە لە هەڵکەوتەکان بە میرات بەجێماوە، لەهەمان کاتیش‌دا حەولی پاراستنی شووناس و کەسایەتی نەتەوەیی، کلتووری و کۆمەڵایەتی هەڵکەوتەکان وەک خۆی دەدەن، هەر بۆیە ئێمەش لەسەر ئەو باوەرەین کە ئەو هەڵکەوتانەی لە مەزارگەی نەمرانی مەهاباد نێژراون خاوەن شووناسێکی تایبەتی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و کلتوورین کە لەبەرهەم، شێعر، نووسراوە و گۆرانییەکانیان دا رەنگی داوەتەوە و  پێویستە وەک خۆی بپارێزرێ، بۆ وێنە کاتێ ئەو هەڵکەوتانە وەسیەتی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆیان کردوە کە شێعرێک یان نووسراوەیەکی تایبەت لەسەر کێلی مەزارەکەیان بێت، یان شێعرێک، نووسراوەیەک دەرخەری کەسایەتی و شووناسی ئەو نەمرانەیە، پێویستە ئەوە وەک شووناس و ویستی ئەو هەڵکەوتانە بپارێزرێ و رێزی لێ بگیرێ، هەروەها لە ئەگەری هەرجۆرە ئاڵوگۆرێک یان نۆژەنکردنەوەیەکیش، پێویستە کە کارەکە هاورێ لەگەڵ پاراستن و رێز لە شووناس و کەسایەتێ نەمران بێ، ئەوەی لە مەزارگەی نەمرانی مەهاباد هاتۆتە ئاراوە لەگەڵ ئەوەدا حەولێکی باش بۆ نۆژنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی رواڵەتی ئەو شوێنە نەتەوەییە، بەڵام لەهەمان حاڵیش‌دا بە نیسبەت مەزاری ئەو هەڵکەوتانە بەداخەوە ناچێتە چوارچێوەی تەعەهوود بە خواست و وەسییەتی ئەو نەمرانەوە و بەداخەوە رەوتەکە جۆرێک چۆتە پێش کە بەتەواوی شووناسی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و کلتووری ئەو نەمرانە لەسەر گۆرەکان سراوەتەوە، هەر بۆیە ئێمە وەک کەمپەین سێ خواست و داوامان هەیە

١_ ئەو بەردانەی کە لەسەر مەزاری ئەو نەمرانە داندراون کە لەگەڵ خواست و شووناسی ئەو هەڵکەوتانە تەواو نامۆ و بێگانەیە بە زووترین کات لاببردرێن

٢_ کێلێکی کە لەخۆگری خواست و شووناسی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و کلتووری ئەو نەمرانەیە بۆ مەزارەکانیان دابندرێتەوە

٣_ بەردی سینگی مەزارەکان کە لەخۆگری شێعرەکانی ئەو نەمرانەیە لەشێوەی بەردی سینگی پێشوو دابندرێتەوە

رۆژی کورد: بۆچی شوورا و لێژنە ئامادە نین پێشنیارەکانی کەمپەین لە بەر چاو بگرن؟

شاهۆ حوسێنی: دیار نییە بە چ هۆکارێک، بەڵام هەڵە بە کاری شوورا و لێژنەی مەتمانەپێکراو دا بەدی دەکرێت. بەداخەوە هێندێک هەڵە لە دەسپێکی ئەو پرۆژەیەدا هاتۆتە ئاراوە، چ لەلایەن شووراوە و چ لەلایەن هەیئەت ئوومەناوە، بێ گومان سەرەتا و دەسپێکی کارەکە زۆر بە روونی و شەفافییەتەوە ئامادەکاری بۆ نەکراوە، کە دەکرێ وەک هۆکار ئاماژە بە دژایەتی دەسەڵات لەگەڵ هەرجۆرە خزمەتێکی کلتووری کە زیندووکەرەوەی شووناسی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و کلتووری کورد بکرێ، هەروەها کارەکە رەنگی بەرژەوەندی خوازیشی چ لەباری کەسایەتی و چ لە هێندێ باری دیکەوە پێوە دیارە، بۆیە ئێستا هەر جۆرە رەخنەیەک لەو کارە بە عەقڵییەتێکی سەلبی لێی دەروانن و پاوانخوازانە رووبەرووی دەبنەوە.

رۆژی کورد: ئەگەر کارەکە بەو شێوەیەی ئێستا کۆتایی پێ بێ و ئەو بەردانەی داندراون لا نەچن، هەڵوێستی کەمپەین چ دەبێ و پیشبینی دەکەن خەلک چ هەڵوێستێکیان هەبێ؟

شاهۆ حوسێنی: بێگومان ئێمە ویست و خواستێکی نالۆژیکی و نارەوامان نییە و ئەساسەن ئەو ویست و خواستەی کەمپەین ویست و خواستی بەشیکی یەکجار زۆر لەچالاکانی بوارە جوراوجۆرەکانی ناوخۆ و دەرەوەیە، بەشیکی یەکجار زۆر لە چالاکان و کەسایەتی نیشتمانپەرەوەرەکانی ناوخۆ کە سەردانی ئەو مەزارگەیەیان کردوە، لە گەڵ ئەوەدا ئەو هەنگاوە بە هەنگاوێکی باش دەزانن، بەڵام زۆر بە جیدی لەو بەشەی کارەکە نارازین و بە هەڵە و بێرێزی دەزانن بە نیسبەت ئەو هەڵکەوتانەی لەو مەزارگەیە نێژراون و لەسەر ئەو باوەرەن کە ئەو دۆخەی ئێستا لە کەسایەتی و شەئنی وان دانێ، هەروەها بەشیکی زۆر لەبنەماڵەی نەمرانی نێژراو لە مەزارگەکە راستەوخۆ نارەزایەتیان دەربریوە بە نیسبەت ئەو وەزعەی ئێستا و هەر ئەو دۆخەش هاندەر و پاڵنەری کەمپەینە کە دەنگی نارەزایەتی هەڵببرێ، ئێمە هیوادارین کە بەرپرسانی ئەو دۆخە وەڵامی ئەرێنی بە داخوازییەکانی کەمپەین بدەنەوە کە ویست و خواستی زۆرینەی کۆمەڵگەیە بە هەموو چین و توێژەکانەوە، ئەگەر هەر بەو وەزعەوە پرۆژەکە درێژەی پێ بدرێ و تەواو بکرێ، ئەوە راستەوخۆ ئەوان بەرپرسن لەبەرامبەر دادگای ویژدانی گشتی کۆمەڵگە و نەتەوەدا، ئەوان بەرپرسن لە بەرامبەر هەر جۆرە نارەزایەتییەک کە بە دووری نازانم کۆمەڵگە لەبەرامبەر ئەو بێرێزییە دەری ببرێ. ئێمە وەک کەمپەین هێزێکی مەدەنین و جگە لە کردوەی مەدەنیش خوازیاری هیچ جۆرە دژ کردەوەیەکیتر نین، و هەڵوێستیشمان هەڵوێستێکی مەدەنیانە دەبێ و کەیسی ئەو مەزارگەیە دەسپێرینەوە دەست کۆمەڵانی خەڵکی مەدەنی و سیڤیلی ناوخۆ.

بەڵام بەلەبەر چاوگرتی ئەوەیکە شوورا لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون، ئەرکە کە بە دەنگ داوا و ویستی مەشرووعی خەلکەوە بێن، ئەوەش هیچ پاشگەزبوونەوە یا دۆراندن لە کردەوە دا نییە بەلکوو نیشاندەری بەرپرسیاربوونی وانە لە هەمبەر خەڵک و کۆمەڵگە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت