حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەواڵی شەهیدبوونی چەند پێشمەرگەیەکی ڕاگەیاند

0
894

شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا هەواڵی شەهیدبوونی چەند پێشمەرگەیەکی لە شەڕ وتێکهەڵچوونی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری شنۆ بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هاتووە؛ “لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی دەستەیەک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکی سیاسی و تەشکیلاتی لە ناوچەی شنۆ بوون، بۆ پشوودان ڕوو دەکەنە گوندەکانی قەرەسەقەڵ و سەرگیز کە دەکەونە بەر پەلاماری هێزەکانی ڕێژیم و ناچار بە بەرگری لە خۆیان دەبن و لە ئاکامدا شەڕ و تێکهەڵچوونێکی قورس و خوێناوی ڕوو دەدا کە بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێری خایاند. لەو تێکهەڵچوونەدا چەند پێشمەرگە پاش شەڕێکی قارەمانانە شەهید بوون و بە دەیان کەس لە فەرماندە و جاش و پاسداری ڕێژیم کوژران و بریندار بوون . هێزەکانی ڕێژیم بە دڕندانەترین شێوە کەوتنە وێرانکردنی ماڵ و موڵکی خەڵک لە گوندی قەرەسەقەڵ و زیانێکی زۆریان بە موڵک و ماڵی خەڵک گەیاند”.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە؛ ” سەرەڕای شەهیدبوونی چەند پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگەی حیزب لە هەلسووڕان و چالاکیەکانیان لە ناوچەکە بەردەوامن و لە ڕاگەیەندراوەکانی دواتری شورای نیزامیدا لە وردەکارییەکانی ئەو شەڕە و ژمارە و ناوی شەهیدەکانی هێزی پێشمەرگە ئاگادارتان دەکەینەوە.”

هەروەها شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە خەڵکی شنۆ و دەورووبەری دەکا کە وەک هەمیشە پشتیوان و یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران بوون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت