رۆژی کورد
بە پێی ئەو زانیارییانەی بە رۆژی کورد گەیشتووە هەتا کوو ئێستا شەڕ لە نێوان پیشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و هێزەکانی سەربە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی سەوڵاوا و کۆساڵان بەردەوامە و دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون و حەوت جاش و پاسدار کوژراون و شازدەی دیکەش بریندار بوون.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە دوو پێشمەرگەی حدکا بە ناوەکانی شۆرش مینبەری و شاخەوان مینبەری لە ئاکامی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی دوێنی و لە ناوچەی سەوڵاوای شەهیدبوون، و ئەمرۆش شوورای نیزامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، هەواڵی شەهیدبوونی پیشمەرگەیەکی دیکەی بە ناوی ئەکبەر مینبەری ڕاگەیاند و لە ڕاگەیەندراوەکەی شوورای نیزامی دا هاتووە؛ لە ئاکامی ئەو شەڕەدا کە زیاتر لە ١٠ کاتژمێرە لە ئارا دایە دەیان کەس لە بەکرێگیراوانی ڕێژیم کوژراو و بریندار بوون، کەلاکی زیاتر لە ٨ کەس لە کوژراوەکانی ڕێژیم لە بەر دەستی پێشمەرگە دایە.
لە لایەکی دیکە بە هۆی تۆپبارانی هێزەکانی سوپای پاسداران ئاگرێکی گەورە لە ناوچەی سەوڵاوا و کۆساڵان کەوتۆتەوە و هێزەکانی رژیمی ئێران رێگە بە خەڵک نادەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە ڕوو لەو ناوچانە بکەن.
لە سەرسنوورەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانیش بنکەکانی هەر دوو لایەنی حدکا و حدک لە لایەن تۆپخانەکانی سەر بە سوپای پاسداران تۆپباران کرا و زەرە و زیانێکی زۆر بەر ناوچەکە کەوتووە و ژمارەیەک هاونیشتمانیی باشووری کوردستان بە هۆی تۆپبارانەکان بریندار بوون.
لە لایەکیتر بە پێی زانیارییەکانی رۆژی کورد. لە ناوچەی سەرشیوی سەقزیش شەڕ و پێکدادان لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات و سوپای پاسداران رووی داوە و سەرهەنگێک و ٥ پاسدار کوژراون.
کورستان میدیا ماڵپەڕی ڕەسمی حدکا لەمبارەوە بلاویکردەوە؛ هاوکات لەگەڵ هێرشی هێزی داگیرکەر و سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی بۆسەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچەکانی شنۆ، مهاباد و سەوڵاوا و مەریوان، هەڵۆکانی زاگرۆس کە خۆیان بە هێزێکی پاڵپشتی بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان دەزانن، لە ناوچەی سەرشیوی سەقز لە سەر جادەی سەقز مەریوان و لەنزیک ئاوایی “وەشەدرە” (خۆشەدەرە) پەلاماری هێزیکی چەکداری ڕژیمیان دا و سەرهەنگ ئەکبەری و ٦ پارێزەری ناوبراویان لە تۆڵەی شەهیدانی هێزی پێشمەرگە دا کوشتووە.