سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەمەڕ بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاساییشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕاگەیاێندراوی دا

0
1004

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەمەڕ بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاساییشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاگەیێندراوێکی دا و تێیدا  بڕیاره‌كه‌ی بە جێبەجێكردنی پڕەنسیپی دەستێوەردانی مرۆڤیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باس کرد کە بۆ ڕێگەگرتن لە تێداچوونی خەڵكی سڤیل كە لە ئەنجامی شەڕ و كاولكارییدا ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە، دراوە. ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاساییش بڕیارێكی ڕاست و ڕەوا بوو و خزمەتی پاراستنی خەڵكی كوردستانی كرد و كوردستان توانی خۆی بپارێزێت و گەشە بە بوونی خۆی بدات.
ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌ بە شێوەی خوارەوەیە:
بڕیاری ژمارە 688ـی ئەنجوومەنی ئاساییشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 5ـی نیسانی 1991 كە تێیدا بە پشتیوانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناوچەی دژەفڕین لە كوردستان دامەزرا، بڕیارێكی بوێرانە و مێژوویی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو بۆ پاراستنی گەلی كوردستان لە هەڕەشە و پەلامارەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق. ئەم بڕیارە لە ئەنجامی نیگەرانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بارودۆخی خەڵكی سڤیل و ئاوارەكان  و هەورەها هەوڵی وڵاتانی زلهێز هاتە كایەوە.
بڕیاری 688، جێبەجێكردنی پڕەنسیپی دەستێوەردانی مرۆڤیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو، بۆ ڕێگەگرتن لە تێداچوونی خەڵكی سڤیل كە لە ئەنجامی شەڕ و كاولكارییدا ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە. ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاساییش بڕیارێكی ڕاست و ڕەوا بوو و خزمەتی پاراستنی خەڵكی كوردستانی كرد و كوردستان توانی خۆی بپارێزێت و گەشە بە بوونی خۆی بدات. هەر لە ئەنجامی ئەوەیش هەرێمی كوردستان بوو بە فاكتەرێكی ئیجابی بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە و خزمەتی بەرژەوەندیی ناوچەكە و جیهانی بە گشتی كرد و ئێستایش لە سەنگەری یەكەمی پاراستنی جیهانە لە هەڕەشەی تیرۆر.

بە پێزانینێكی زۆرەوە یادی دەركردنی ئەو بڕیارە گرنگەی كۆمەڵگەی جیهانی دەكەینەوە كە لە كات و ساتێكی گونجاودا لەپێناو ڕێگەگرتن لە كارەسات، ئەنجوومەنی ئاساییش دەستەڵاتی خۆی بەكار هێنا و ئەوەیش خۆی لەخۆیدا خزمەتی ئاشتی و ئاساییشی جیهانیی كرد. زۆر سوپاسی ئەو دەوڵەتانە دەكەین كە ڕۆڵیان هەبووە لە داڕشتن و ئامادەكردن و دەركردنی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاساییش كە ئێستایش هەموویان نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
4ـی 4ـی 2016

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.