سەرۆ قادر: بارزانی دەیەوێ کوردستان بەرەو سەربەخۆیی ببات

0
762

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی رۆژی کورد، سەرۆ قادر نووسەر و رووناکبیری باشووری کوردستان باس لە ئاڵوگۆڕییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕ و ململانێی هێزەکانی ناوچەکە و جیهان و پرسی خۆئامادەکردنی باشووری کوردستان بۆ ریفراندۆمێکی سەرانسەری بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی دەکا و لە سەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیاند: “وەک دیارە شەڕێکی جیهانی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، چەند ساڵە دەستیپێکردوە. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا گەیشتە قۆناغی بەرامبەر یەکدی وەستانی هێزە هەرێمی و جیهانییە زلهێزەکان. لە ڕاستیدا ڕوسیا و ئەمریکا لە ناو سوریا بەرامبەر یەکدی وەستاون. لە ناو سوریا و عێڕاقدا سعودیە و تورکیا+ ئەمریکا و ئەوروپا و کوردستان + ئیسڕائیل، بەرامبەر ئێران و ڕوسیا وەستاون. هێزە ناوچەییەکان و میلیشیاکان و تیرۆریستەکان، لەم بەرەیە بەدوور نین. بۆیە بارەکە زۆر ئاڵۆزە. تەنیا لەسەر زەمینی جەنگ و بە چاودێریی ڕۆژانە دەکرێ هەڵوێستەکانی ناوچەیی لێکدی جیا بکرێنەوە.”

سەبارەت بە باشووری کوردستان و رۆڵی مەسعوود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم، سەرۆ قادر وتی: “بە نسبەت کوردستانەوە، ستڕاتیژیی سەرۆک بارزانی زۆر ئاشکرایە؛ دەیەوێ کوردستان بەرەو سەربەخۆیی ببات. ئەو لە چەند ساڵی رابردوودا کوردستانی کردە خاوەنی هێزێکی نیزامی زۆر کارا و هاوپەیمانی ئەمریکا و ئەوروپا. سوپای پێشمەرگە ، بە درێژایی زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر( لە عەفرین تا خانەقین) جەنگ دەکات و ئەمریکا پشتیوانیەتی. هەروەها ئەوروپا و ئیسڕائیل و سعودیەش پشتیوانی کوردستانن. هەر کام لەوانە ، ئامانج و ستڕاتیژیی تایبەتی خۆی هەیە. سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەو ستڕاتیژیی و ئامانجانە دانوستاندن دەکات. ئەو لەسەر زەوییەکی بەهێز و پتەو وەستاوە و فەرماندەیی سوپایەکی بەهێز دەکات. بۆیە هێزە جیهانی و هەرێمییەکانیش حسابی بۆ دەکەن. من لەم قسەیەمدا، شەڕڤان و پێشمەرگەکانی رۆژاڤای کوردستانیش بەو هێزە سوپاییە کوردستانییە دادەنێم کە لە جموجۆڵی گشتی و ستڕاتیژیی سوپاییدا، سەرۆک بارزانی فەرمانی تێدا دەدات. لەم قسەیەشمدا ، لێدوانی ناهاوسەنگی بەڕێز ساڵح موسلیمم لەبەر چاوە کە باسی سەرپێچی کردن و دژایەتیکردنی سەربەخۆیی کردووە. ئەو ستڕاتیژییە سوپاییە گەورەیەی ناوچەکە، لە کاتی پێویستدا هەر سەرپێچییەک سەرڕاست دەکاتەوە. جا ئەوە لە رۆژاڤا بێت یان لە باشور یان لە باکور.

سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان و پلانی بارزانی بۆ سەرخستنی ریفراندۆمەکە، سەرۆ قادر ڕایگەیاند: “سەرۆک بارزانی،داوای تەفاهومی ناوخۆیی  دەکات و دەیەوێ هەموو حزب و کەسایەتیە سیاسییەکان ، بەشداری پڕۆسەی سەربەخۆیی بن. بۆیە پێش ڕیفڕاندۆم، کاری ڕێكکەوتن و دابەشکردنی ئەرکەکان دەستپێدەکات. هەڵبەت ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بۆ بارزانی ئەرکێکی حەتمییە و شانی داوەتەبەر، لێی ناگەڕێتەوە و هەماهەنگی جیهانی و ئابووری و سوپایی بۆکردووە. هەڵبەت ئەم پڕۆسەیە درێژ خایەن دەبێت و قۆناغێکە وەک قۆناغەکانی تر تێیدەپەڕێنین و سەردەکەوین.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت