ئەحمەد شەهید هەواڵی کەناڵی رووداوی سەبارەت بە داواکاریی راگرتنی چالاکییەکانی حیزبی دێمۆکرات رەت کردەوە

0
2045

کەناڵی رووداو رۆژی رابردوو (١٩ی ئۆکتۆبر) لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، “ئەحمەد شەهید داوای لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کردووە، کە کۆتایی بە چالاکییەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بهێنیت”، بەڵام ئەعمەد شەهید ئەو هەواڵەی رووداوی رەت کردەوە.

ئەحمەد شەهید راپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی پێشیلکاریی مافی مرۆڤ لە ءیران بە هەواڵنێری رۆژی کوردی راگەیاند: لە دوایین راپۆرتدا ئاماژە به قۆناگی نوێی خەباتی عیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ءیران کراوەو ئێمە داوامان کردووە کە هەر دوو لایەن بەتایبەتی دەوڵەتی ئێران مافی کەسانی غەیرە نیزامی رەچاو بکات.

ناوبراو هەروەها بە توندی رەتی کردەوە کە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانی هاوشانی کۆماری ئیسلامی به پێشلکاریی مافی مرۆڤ و رێگرتن لە چالاکی مەدەنی‌دا تۆمەتبار کردبێت.

هەواڵنێری کەناڵی رووداو لە راپۆرتێکی ئامانجدار و ناڕاستدا وتەکانی ئەحمەد شەهیدی چەواشە کردووەو دەڵێت: “ئەوە سیاسەتی نوێی کۆماری ئیسلامی و حدکایە کە چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکان لە ئێران و کوردستان‌دا سنووردار بکەن”.

ئەو راپۆرتەی هەواڵنێری رووداو لە کاتێدایە کە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە رێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵدا رایەگەیاند: “کە بە مەبەستی دابین کردنی ماف و ئازادییەکانی خەلکی کوردستان وێرای گرێ دانی خەباتی شار و شاخ، قۆناغێکی نوێی خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست پێ دەکەن.

لە لاپەڕەی ١٨ (بەندی ٧٠) راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهیدا هاتووە:

راپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سسەبارەت بە چوونە سەرەوەی ئاماری پێشیلکاریی مافی مرۆڤ لە ماوەی زەمەنیی ئەو راپۆرتەدا نیگەرانیی خۆی لەمەڕ تێکهەڵچوونەکانی نیوان هێزە ئەمنیەکان و کەسانی چەکدار کە دەگوترێ پێشمەرگەی حیزبی دیـۆکراتی کوردستانی ءیران بوون دەردەبڕێ. وا دیارە پاش ئەوەی رێبەریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند کە خەباتی پێشمەرگەکانی خۆی بۆ بەدی هێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان چڕتر دەکاتەوە، حاڵاتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی مەدەنی زیاتر بووە. لە وڵامی ئەو راپۆرتەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی کردووە کە هەموو هەوڵێک بۆ بەرنگاربوونەوەی هێزەکانی حیزبی دیمۆکرات کە بەپێی راپۆرتەکان لە چەندین شار و ناوچە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەشەڕدان، بەتایبەت تۆپبارانی ئەو ناوچانەی کە هێزە بەرهەڵستکارەکانی کۆماری ئیسلامی تێدا چالاکن، دەگرێتە بەر. راپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە هەر دوو لایەن بەتایبەت کۆماری ئیسلامی دەکات کە لە تێکهەڵچوونەکاندا لە کوشتنی خەلکی سڤیل و سزادانی هاووڵاتیانی مەدەنی  و هەروەها ئەو کەسانەی کە بە شێوەی ئاشتیخوازانه داوای مافەکانیان دەکەن، خۆ بپارێزن.

دوابەدوای ئەویەکە حیزبی دیمۆکرات چالاکیی پێشمەرگەکانی چڕتر کردەوە و لە چەندین شوێن لەگەڵ سوپای پاسداران تووشی تێکهەڵچوون بوون، نزیک بە ١٠٠ هاووڵاتی سڤیل، چالاکی مەدەنی و خوێندکاری کورد لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران _ژنێڤ، یەکێک لە سەرچاوە مافی مرۆڤییەکانی ئەحمەد شەهید بۆ دارشتنی راپۆرتی پێشیلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێر دەسەلاتی کۆماری ئیسلامیی‌دا بووە.

تەیموور ئەلیاسی بەرپرسێ رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری رۆژی کوردی راگەیاند: لە راپۆرتی رێکخراوەکەیدا باس لە پێشیلکاریی بەربڵاوی مافی هاووڵاتیان و چالاکنی کورد و دەستبەسەری و زیندانی کردنی ئەو چالاکانە و هەروەها تۆپبارانی گوندەکانی کوردستان لەلایەن حکموومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کراوە.

ئەو چالاکەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەوەشی خستەروو، کە لە هیچ شوێنێک راپۆرتی سەبارەت بە راگرتنی چالاکییەکانی حیزبی دیمۆکرات لە میدیاکاندا بڵاو نەردۆتەوە.

پێشتریش لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵیشدا کەناڵی کوردستان ٢٤ لە راپۆرتێکی جیگەی سەرنجدا بڵاوی کردەوە کە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران پاشەکشەی بە هێزەکانی پێشمەرگەی ئەو حیزبە بەرەو قووڵایی خاکێ هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئەو ئیدیعایە لەلایەن بەرپرسانی حیزبی دیـۆکراتەوە بە توندی رەت کرایەوە.

رۆستەم جهانگیری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات رایگەیاند: کە پاشەکشە کردنی هێزی پێشمەرگە و دەستبەرداربوون لە خواستەکانی گەلی کورد و دژایەتیی کۆماری ئیسلامی، بۆ حیزبەکەی هێڵی سوورە.

بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکانی کوردستان ٢٤ و رووداو پەرچەکرداری لای چالاکانی سیاسیی کورد لێکەوتەوە، بەڵام هەتا ئێستا ئامانجەکانی پشت بڵاوکردنەوەی هەواڵ و راپۆرتی ناڕاست و ئامنجدار لە دوو میدیای پڕ بینەری هەرێمی کوردستانەوە روون نەبوونەتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت