سازمانى خەبات ى کوردستان، دەنگی خۆی خستە باڵ پشتیوانی ل ەمانگرتوانی شارە سنوورەییەکانی کوردستان

0
598

خەڵکی شارەکانی بانە، مەریوان، بانە و پیرانشار لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وێڕای داخستنی دووکان و بازاڕەکان بە کۆبوونەوە لە سەر شەقامەکان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەبەر دەرگای فەرمانداری، ناڕەزایەتیی توندیان بەرامبەر بە داخستنی سنوورەکان بەدەستی هێزە نیزامییەکانی ڕژیمی ئێران دەربڕی. ئەو منگرتنانە ئەمڕۆ گەیشتە گووندی دزڵی لە مەریوان و خەڵکی ئەو گووندە ناڕازییە بۆ ماوەی چوار کات ژمیر ڕێگای هاتووچووی مەریوان – پاوە یان بەست و ئیزنیان نەدا ترۆمبیلی حکومەتی، ئیداری و سەربازی، بەو ڕێگایەدا هاتوو چوو بکەن.

سازمانی خەباتی کوردستان کە یەکێک لە حیزبەکانی بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران ـە، بە دانی بەیاننامەیەک، پشتیوانیی خۆی بۆ خەڵکی مانگرتوو و ناڕازیی شارەکانی خەڵکی شارەکانی مه‌ریوان، بانە، سەردەشت، پیرانشار، دەربڕی و دەنگی خۆی خستە باڵ دەنگی حیزبەکانی تری کوردستان کە پێشتر بە دانی بەیاننامە، پشتگیرییان لە مانگرتنی خەڵکی ناڕازیی کوردستان لە شارە سنوورییەکان کردبوو.

لە بەشێک لە بەیاننامەی سازمانی خەباتی کوردستان دا هاتووە: “شاراوە نییە کە ماوەی 36 ساڵە رژیمی دژە مرۆڤی ئاخوندی لە رێگەی جۆراوجۆر فشار بۆ سەر خەڵکی کوردستان دێنێ‌ و یەکێک لە رەهەندەکانی بردنە پێشەوەی ئەو سیاسەتە لە رێگەی بەهەژار هێشتنەوەی خەڵکی کوردستان بەرێوە دەچێ ، له‌ کاتێکدا کوردستان یه‌کێک له‌  دەوڵەمەندترین ناوچەکانى ئێرانه‌. ده‌سه‌لاتدارانى رژیم  چه‌ندین ساڵە  سیاسەتى برسى کردن و بیکار کردنى خه‌ڵکى کوردستان  پەیرەوە دەکه‌ن، که‌ له‌ تازه‌ترین هه‌نگاوى دوژمنانه‌یاندا، به‌ داخستنی سنوورەکان بۆ ماوەێکی دوردرێژە فشارەکانیان بۆ سەر خەڵکی هەژار چەند بەرانبەر کردوە.”

سازمانی خەباتی کوردستان، مانگرتنی شارە سنوورییەکانی کوردستان لە هەمبەر داخرانی سنوورەکان بە سەرکەوتووانە وەسف دەکات و وێڕای پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە، پشتیوانیی خۆی بۆ مانگرتووان ڕادەگەیێنێ و دەڵێ: “سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران وێرای شەرمەزار کردنی دەسەڵاتدارانی ئاخوندی لە پێوەند بە فشارە بەردەوامەکانی بۆ سەر خەڵکی کوردستان، درود ده‌نێرى بۆ خه‌ڵکى کوردستان و  پیرۆزباییان بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنە پێشکه‌ش ده‌کاو  پشتیوانی خۆى  لە هەموو ناڕەزایەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دژ بە سیاسەتەکانی رژێمی دژە کوردی ئێران دەرده‌رده‌برێ.”

شایانی ئاماژەیە کە پێشتر سێ حیزبی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەت کێشانی کوردستانی ئێران لە ڕێگای دانی بەیاننامە، پشتگیریی خەڵکی ناڕازی و داواکارییەکانیانیان کردبوو.

کۆمەڵەی شۆڕشگیری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: “رێگرییەکانی ئەم دواییانەی حکوومەت لە کار و کاسبیی خەڵک بە کارێکی ناڕەوا دەزانین و پشتیوانی لە داواکاریی خەڵکی ئەو ناوچانە دەکەین و دەست بردن بۆ ئێعتراز بە مافی بێ ئەملاوئەولای خەڵک دەزانین هەتا کردنەوەی خاڵە سنوورییەکان”.

هاوکات حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوشێوەدا ناڕەزایەتی دەربڕین و مانگرتنی کۆڵبەران و بازاڕییان و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکان بە رەوا لە قەڵەم داوە و گوشار و کۆسب و بەربەست دروست کردنی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی ڕژیمی بۆ کاسبکاران و کۆلبەتران مەحکووم کردووە.

لە درێژەدا نووسیویەتی: “حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە توانا دیپلۆماسی، ڕاگەیاندن و تەشکیلاتییەکانی خۆی بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، بەتایبەت ئەم زنجیرە ناڕەزایەتییە کە هەر ئێستا درێژەی هەیە، کەڵک وەردەگری و لە سەنگەری پشتیوانی لە داخوازییە رەواکانی خەڵکی کوردستاندا رادەوەستێ”.

هەروەها حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران دوانیوەرۆی ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلیوە لە بەیاننامەیەکی رەسمیدا وێرای پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازی و داواکانیان، پشتیوانیی هیزی پێشمەرگەی بۆ خەلکی ناڕازیی کوردستان راگەیاند.

حیزبی دیمۆکرات کە نەورۆزی ئەمساڵ باسی لە گرێدانی خەباتی شار و شاخ کرد، ڕایگەیاندووە: “دەنگی مافخوازی و ئەمڕۆیی و شارستانیانەتان هەم بەگویی خەباتکارانی کورد دەگا و گەیشتووە و هەم بە بەردەوامیتان بە شێوازی مەدەنی و هێمنانە و پەرەدان بەو شێوە خەباتە دەتوانن پاشەکشە بە ڕژیم بکەن و سەنگەر بە سەنگەر دەسەڵاتی ستەمکار تووشی شکست بکەن.

هەروەها گوتراوە: “هیزی خەباتکاری شاخ لە پشت خەباتی مافخوازانەتان دەبێ و هەرکام بە شێواز و تاکتیکی جیاواز ی خۆی دەتوانێ پاشەکشە بە ماشێنی سەرکوتی ڕژیم بکەن. گرینگ بەردەوامی و پشتیوانیی یەکتر بوونەکە خەباتی شار و شاخ گرێ بداتەوە.

حیزبی دیمۆکرات روو لە کۆر و کۆمەڵە نیودەوڵەتییەکان رایگەیاندووە: ” داواکارین بە بیستنی دەنگ ناڕەزایەتیی کوردستان پشتیوانیی خەلک بن، بەتایبەت لەم کاتەدا کە ڕژیم لە دیالۆگێکی سەرشۆرانەدا تەسلیم داخوازییەکانی ڕۆژئاوا بووە، دەبێ وەکوو ئەرکی مرۆیی پشتیوانیی خەڵکی کورد بن تاکوو ڕژیم دەست نەداتە سەرکوت و ستەمی زیاتر و ملکەچی داوا رەواکانیان بێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.