به‌ بۆنه‌ی یازدەهەمین ساڵوەگەری دامەزراندنی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان ئه‌و حیزبه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌

0
766

به‌ بۆنه‌ی یازدەهەمین ساڵوەگەری دامەزراندنی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان ئه‌و حیزبه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ ، ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ به‌م چه‌شنه‌یه‌ :

بەیاننامەی یازدەهەمین ساڵوەگەری دامەزراندنی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
هاونیشتمانیانی خۆشەویست
چالاکانی سیاسی و حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان
ئەندامان و لایەنگرانی خوشەویستی یەكێتییەكەمان

وەك چۆن لە سەرەتای سەدەی بیست و یەكەم و سەرەتای دامەزراندنی یەكێتییەكەماندا ئاماژەمان پێدا و پێداگریمان لە سەر كرد كە جیهان بە تایبەت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ڕەوشێكی نوێ و وەرچەرخانی نوێ لە ژیانی مرۆڤایەتیدا دەڕوات و هەر سیستەمێك بە پێی تایبەتمەندییە ئابووری ، سیاسی ، فەرهەنگی، كۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژیكییەكانی سەدەی بیست بنیات نرابێت چیتر وەڵامدەرەوەی ئەم چەرخ و زەمەنە نییە كە سەدەی گەشە سەندنی ئازادی تاك و دادپەروەرییەكانە كە هەر هەموو تاكی كۆمەڵگە بە گەشە سەندنی تەكنۆلۆژیای مۆدێڕنی سایبری توانیویەتی خۆی لە نێو بازنەی جیهانی زانیاری و داتا نهێنییەكانی دەسەڵاتە سەركوتگەرەكان و جیهانی ئازاد دا بدۆزێتەوە و بە هۆی بەر بەڵاوی پەیوەندییەكانی لە سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، فەرهەنگێكی نوێ و كۆمەڵگەیەكی نوێ بنیات بنێت كە داخوازییەكانی لە گەڵ داب و نەریتی كۆنی دەسەڵاتدارییەتی وڵاتەكەی و ناوچەكە یەك ناگرێتەوە و ئەو تایبەتمەندییەی كە جیهانی ئەوڕۆ و ئاوات و حەزەكانی گرێدراو بەو باردۆخەی كە خولقاوی خولانەوەی زانیاری و بیردۆزی ئازادی خوازی ناخی تاكەكانی كۆمەڵگە و دەركەوتنی ناعەداڵەتییەكانی دەسەڵاتە كۆنەپەرەست و تاكڕەوەكانی سەدەی بیستەمە و هەروەها پەیوەندییە بەربڵاوەكانی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ، یەك گرتنەوەیەك درووست دەكات كە مێژوویەكی نوێ دەخولقێنێت كە بە گۆڕانكاریی ڕیشەییەوە سەر دەنێت و هەر سیستەمێك یا لایەنێكی سیاسیش خۆی لە گەڵ ئەو تایبەتمەندیانەی سەدەی بیست و یەكەم نەگونجێنێت و بە دەم داخوازییەكانی كۆمەڵگەوە نەیەت مەحكوومن بە لە ناوچوون ، لە بەر ئەوەی ئەوان نە لە ڕووی پێكهاتەییەوە و نە لە بوواری بنەما فیكرییەكانەوە لە گەڵ داواكاری و خولیا و ئەندێشەی هاوبەشی چین و توێژە جیاجیاكان واتە ئازادی و دیموكراسی و مافی ڕەوای هەر تاك و چین و توێژێك و گەلێك نایەتەوە.
وەك چۆن وتوومانە گەنج و شۆڕش، گەنج و گۆڕانكاری ، گەنج و داخوازی نوێ و جیاواز ، هەر هەموویان لە یەك هەڵپێكاون و سەدەی بیست و یەكەم سەدەی گەنج و گەنج بوونەوەیە و گەنج ڕێبەرایەتی و پێشەنگایەتی دەكات و هەر واش بوو كە شۆڕشە كان و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەش بە ناوی گەنجانەوە تۆمار كرا و بوو بە مێژوو. هەمووی ئەمانە وەك ئایدیا و وەك پرۆژە ، ئایدیا و پرۆژەمان بووە و هەتا دووایی بڕوامان پێیەتی و هەر وەك چۆن ڕێكخراوەكەمان ، ڕێكخراوێكی گەنجە و سەردەمیانەیە و لەسەر بنەما و ئایدیاكانی نوێ و تایبەتمەندییە نوێكانی ئەم سەردەمە نوێیە دامەزراوە ، بە هەمان شێوە و لە سەر هەمان بڕواش هەنگاو دەنێت و گەنجگرایی و نوێ ئەندێشی و خەباتی مەدەنی و ناتوند و تیژی وەك پرەنسیب و هەنگاونان بەرەو خەباتی ئێستا و پێشەڕۆژمان هەڵبژاردووە.
درووست لە ڕاستای ئەم بیرۆكەیەدا و بە دەرك كردنی باردۆخەكە و بە هەست بە بەرپرسیاری كردن بەرامبەر بە داخوازییە نوێكانی كۆمەڵگەی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بە بنەما گرتنی خەباتێكی هاوچەرخ و گونجاوی سەردەمیانە و لە سەر دەستی گەنجان لە 20ی مەی 2005ی زایینی پاش هەوڵێكی بێوچان و ماندوو بوونێكی لە ڕادەبەدەر بە ناوی ” یەكێتیی دیموكراتی كوردستان” چاومان هەڵێنا و پێمان نایە ناو گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و دیموكراتیكی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئاوات و ئامانجمان بە نیسبەت ڕێكخراوەكانی ترەوەی سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، یەكێتیی و پێكەوە بوون و بەرز كردنەوە ئاستی وشیاری نەتەوەیی و خەباتی هاوبەش بە ڕەچاو كردنی كەم و كوڕییەكانی نێو گۆڕەپانی سیاسی لە لایەن ئەوانی ترەوە و ڕاگەیاندنی بوونی مەترسی بۆ بە لاڕێدا بردنی خەباتی ڕەوای نەتەوە چەوساوەكەمان بووە و هەر بۆیەش بە هەمان ئازایەتی و پێكهاتەی گەنجانەمانەوە و بە ئیرادەی ئازاد و دیموكراتیكی خۆمان لەم ڕێگەیەمان بەردەوام دەبین.
وەك چۆن هەمیشە قورسایی قسەكانمان لە سەر ئەو خاڵانە داناوە كە بیرۆكەی دۆگم و قەتیسماو لە نێو ئایدۆلۆژیایەك و خۆ بە زل زانین لە كوردستان دا بە تایبەتی ڕەتكردنەوە و بە هەڵە زانینی هەمووان و بە ڕاست و درووست زانینی خۆ و ڕەوادان بە خۆ و ناڕەوا زانینی بوونی ئەوانی تر ، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر كورد و كوردستان كە هەڵقوڵاوی ناخی ئاخێنراو بە بیرۆكەی تۆتالیتاریەت و دیكتاتۆرییەت و خۆ سەپاندنە كە ئاكامێكی دیاری كراوی داپڵۆساندنی گەل و نیشتمان لە ئاسۆی هەڵسوكەوت و بیرۆكەكەیدا پێوە دیارە ، جەخت لە سەر ئەوەش دەكەین كە پێویستیشە ئەوانەی بڕوایان بە دیموكراسی و ئازاد ئەندێشی و بیری جیاواز هەیە تا لوتكەی بڕوا , بەرامبەر بەو عەقلیەتە و بەو جووڵە نەرێنینانە بوەستن و لەم ململانێیەدا بە بێ ترس و دڵەڕاوكێ وشیار كردنەوەی گەل بەرامبەر بەو بیر و جووڵە ناڕەسەنانە بگرنە ئەستۆ.
وەک یەکێتیی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدا دەچینە نێو یازدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەمان کە ناوچەکە بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووەتە بەردەم گەلێک گۆڕانکاری بنیادی و لە هەمانکاتیشدا کەوتووتە بەردەم هێرش و پەلاماری هێزە تاریک پەرەست و تیرۆریستیەکان کە بووتە هۆی پەلهاوێشتنی زیاتری دەسەڵاتێکی سەرکوتکەری وەک کۆماری ئیسلامی کە بۆ گەلی کورد بە هەمان ڕادەی هێزە تیرۆریستیەکان مەترسیدارە . بەڵام بە خۆشحاڵیەوە دەبێ ڕایگەیەنین کە گەلی کورد لە هەموو کات زیاتر وریا و چاوکراوەتر و بەهێزترە و لە مێژووی هاوچەرخیدا لە دەورەیەکی وشیاری و چالاکی دایە و گەر مەجالێک بۆی برەخسێت بە هەموو شێوەیەک شوێن پێ هەڵگری ئاوات و ئامانجە نەتەوەییەکانیەتی و گرینگتر لەوەی کە لە باشوور و ڕۆژئاوا و باکووری کوردستاندا هەڵکشان بەرەو ئامانجە نەتەوەییەکان بووەتە ڕۆژەڤ ، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وشیاری نەتەوەیی و پێداگری لە سەر ڕەسەنایەتی کلتووری کوردەواری هەنبانەیەکی پڕ لە هیوایە بۆ ئاسۆیەکی ڕوونی دواڕۆژی نەتەوەکەمان کە بە شێوەیەکی مەدەنیانە و بە ئاشتیخوازانە هەنگاوەکەنی خێراتر کردەتەوە کە بگات بە ئامانجەکانی.
هەر لێرەشەوە ڕوومان دەكەینە ڕووناكبیران و چالاكانی مەدەنی و مافی مرۆڤی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە بە هەموو شێوازێك با پاڵپشت بن بۆ خەباتی ڕوا و ئاشتیخوازانە و دیموكراتیكی گەلەكەمان و وەك ئەركی سەرشانیان ڕوون كەرەوەی ڕێگای سەركەوتنی گەلەكەمان بن بۆ دوور كەوتنە وە لە هەر هەڵدێرێكی نەخوازراو و سەرخستنی بیرۆكەیەكی ئایدۆلۆژیكی ڕەتكەرەوەی هەمووان و ڕەوادان بە خۆ كە دیارە كە هەڵگری چ كلتوورێكی مەترسیدارە و هەنگاو بەرەو نوێخوازی و بە كلتووری كردنی گشتی دیموكراسی و دوور كەوتنەوە لە هەر چەشنە توند و تیژیەك بگرنە بەر و ئەركی چین و توێژەكانی خۆیان نەكەنە قوربانی ئایدۆلۆژیایەكی دیاری كراو وەك ئەوانەی بەو ناوانەوە هەڵدێریان كردووەتە ئامانج بۆ دواڕۆژی ڕێگای گەلەكەمان .
وەك هەمیشە بە ئەركی نەتەوەیی و بیردۆزی خۆمان دەزانین كە لەم كات و ساتە دا بانگەوازییەكەی خۆمان دیسانەوە ئاراستەی حیزب و ڕێكخراوەكانی دیكەی سەر گۆڕەپانی سیاسی و خەباتی ڕەوای نەتەوەكەمان بكەین كە باوەڕیان بە دیموكراسی و كاری هاوبەش و یەك هەڵوێستی و یەك گووتاری نەتەوەیی و یەكێتیی گەلەكەمان هەیە و خۆیان بە دوور دەزانن لە بنەما فیكرییەكانی سەدەی ڕابردوو و سسەردەمیانە بیر دەكەنەوە ، با پێكەوە و بۆ هەڵپەڕاندنی ئەركە نەتەوایەتییەكەمان ڕێگەی خەباتێكی هاوبەش بگرینە بەر و هەوڵبدەین سەرجەم لایەنەكان بەرەیەكی نەتەوەیی پێك بێنین و ئەساس و بنەمای كاری خۆمان لە سەر داخوازییەكانی نەتەوەكەمان بنیات بنێنەوە كە پێمان وایە و بە یەقینیش نەتەوەكەمان ئەوەی دەوێت كە هەر هەموو بەرەیەكی نەتەوەیی پێك بێنین و ڕایدەگەیەنین :
١- باوەڕمان بە خەباتی ئاشتیانە و دوور لە تووندوتیژییە و پێداگرین لە سەر بەردەوام بوونمان لە سەر خەباتی ئاشتیانە وەک متۆدی قەبووڵ کراو و ڕەوا لە هەموو جیهان کە بە دوورمان دەگرێت لە هەر چەشنە تاوانبار بوونێک بە کردەوەی دژە مرۆڤانە و ئاژاوەگێڕانە
٢- بە پێویستی دەزانین کە خەباتی مەدەنی و چالاکانی مەدەنی لە گەڵ خەباتی ڕێکخراوەکان لە دەرەوە پێکەوە گرێ بدرێن و هاوئاهەنگ و هاودەنگ بن بە بێ ئەوەی کە خەباتی چالاکانی ناوخۆ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بخرێنە ژێر ڕکێفی حیزب و سیاسەتەکانی حیزبەکانەوە یان ئەوەی کە چالاکانی ناوخۆ بە هەر هۆیەک هێڵێکی جیاکەرەوە لە نێوان خۆیان و داخوازی حیزبەکاندا بکێشن.
٣- پێویستە هەموو لایەک بۆ بەرەنگار بوونەوەی هەرجۆرە بە لاڕێدا بردنی خەباتی نەتەوەکەمان هەوڵی زەقکردنەوەی چەمکی خەباتی نەتەوایەتی بدەین و ئەو هەوڵەش دەبێ هەموو ڕەهەندەکانی خەباتی ناوخۆ و دەرەوە بگرێتە بەر
٤- پێویستە پانتایی خەباتی سیاسی و ڕاگەیاندنی و دیپلۆماتیکی پەرە پێبدرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانمان
٥- وەکوو گەلی کورد لە ئێراندا پێویستمان بە هاودەنگی و هاو هەڵوێستی نەتەوەکانی تری ئێران هەیە و دەبێ تێبکۆشین بۆ ئەوەی کە لە گەڵ نەتەوەکانی تری ئێراندا خەباتێکی هاوبەشمان هەبێت.
٦- دیموکراسی و بە کلتووری کردنی دیموکراسی بۆ دامەزراندن و جێخستنی سیستەمێکی دیموکراتیک بکرێت بە بنەمای پەروەردەی کەسایەتی تاکی کوردی و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە تەبا بوون و هاودەنگی و کاری هاوبەشی ڕاگەیاندنی لایەنە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنیەکان هەیە.
لە كۆتاییشدا روو لە نەتەوەكەمان و جەماوەری خۆشەویستمان دەكەین و بەڵنییان پێدەدەین كە تا دوا هەناسەی ژیانمان خۆمان بەخت دەكەین بۆ سەركەوتنی نەتەوەكەمان و بەرامبەر بەو سیستەمانە ڕادەوەستین كە هەموو ڕەهەندەكانی ژیانی نەتەوەكەمانیان زەوت كردووە و هەناسەی ئازادییان لە وڵاتەكەماندا بەند كردووە . پڕ بە دڵ پیرۆزبایی خۆمان بە بۆنەی دەهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی ” یەكێتیی دیموكراتی كوردستان ” ئاراستەی هەموو گەلی كورد و جەماوەری خۆشەویستمان دەكەین و هیوادارین ساڵی ئایندەمان ساڵی گەشە و پڕ دەسكەوت و سەركەوتن بێت بۆ نەتەوەكەمان.
نەسرەوتن تا سەر كەوتن
بژی كورد ، بژی كوردستان
یەكێتیی دیموكراتی كوردستان
١٩ مەی ٢٠١٦زایینی
٣٠ گۆڵانی ١٣٩٥ی هەتاوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.