منداڵێک لە سەقز حوکمی لەسێدارە درانی بەسەردا سەپێندرا

0
714

رۆژی کورد: ناسر خزری تەمەن ١٧ ساڵ و کوری عەبدوڵڵا  لە کاتێکدا لەلایەن دادگای شاری سەقزەوە حوکمی لەسێدارە درانی بەسەردا سەپێندراوە کە بەپێی پێوانە جیهانییەکان منداڵ ئەژمار دەکرێ.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی خزری بە رۆژی کوردی راگەیاند: ناسر لە مانگی خەزەڵوەری سالی ٩٣دا و لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا کە شاگردی میکانیک بووە، بە تۆمەتی کوشتنی هاورێیەکی دەستبەسەر کراوە.

ناسر خزری مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٧٧ لە دایک بووەو لە کاتی تووشبوون بەو تاوانە، لە تەمەنی منداڵیدا بووە، بەڵام بەو حاڵەش دادگای شاری سەقز حوکمی مەرگی بەسەردا سەپاندووە.

حوکمی ئەو مێرمنداڵە لە رێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕی ئەمساڵدا لەلایەن دیوانی باڵای رژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

دەگوترێ رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو لە زیندنای ناوەندیی شاری سەقز ئەو حوکمەی پێ راگەیاندراوەو هەنووکە مەترسیی بەڕێوە بردنی ئەو حوکمە لە ئارادایە.

بەپێی ماددەی ٩١ی یاسای سزادانی ئیسلامی هەر کەسێک کە تەمەنی لەژێر هەژدە ساڵیدا تووشی تاوانێک ببێت کە هێشتا دەرکی بەو تاوانە نەکردبێ یان لە رووی تێگەیشتنەوە کامڵ نەبووبێت، ئەو کەسە حوکمی لەسێدارە درانی بەسەردا ناسەپێندرێت.

رژیمی ئیسلامیی ئێران کە زۆرترین ئاماری لەسێدارە دانی بە نیسبەت وڵاتانی دیکەوە هەیە، هاوکات ساڵی رابردوو ٦ منداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵی لە زیندانەکان‌دا لەسێدارە دا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت