تایبەتمەندییەکانی هونەری مۆدێڕن

0
1477

مۆدێرنیزم، تەنیا گۆڕانێكی هونەری نەبوو، بەڵكو شۆڕشێك بوو بەسەر هەموو بنەماكانی دەربڕینی هەست یان بە واتایەكی تر بەسەر دەربڕینی ستاتیكیدا هات. رێبازەكانی فۆتۆریزم و كوبیزم و ئێكسپێرسیۆنیزم و ئێمپێرسیۆنیزم بەرهەمی ئەو گۆڕانكارییە قووڵ و بنەماییە بوون. هونەرمەندی مۆدێڕن باسی ئەو شتانانە ناكات كە دەیانبینێ، بەڵكو لەو شتانە دەدوێ كە بیریان لێ دەكاتەوە. هونەرمەندی سەردەمی مۆدێڕنە باسی دەرەوەی خۆی ناكا، بەڵكو بە ناخی خۆیدا رۆ دەچێ و باسی ناخ و خولیا تاكەكەسییەكانی دەكات. هونەرمەندی مۆدێڕنە بەو شێوەیە لە جیهان دەدوێ، كە خۆی لێی تێگەیشتووە و هەستی پێ كردووە، نەك بەو جۆرەی پێشتر بۆیان لێك داوەتەوە و راڤەیان كردووە.
جیهانی هونەرمەندی مۆدێڕن، جیهانێكی یەكپارچە نییە لە دەرەوەی هونەرمەند، بەڵكو بریتییە لە جیهانێكی پارچەپارچەكراوی ناخۆی خۆی كە پارچەكانیشی لەگەڵ یەك ناتەبا و دژیەكن.
شوێنبێرگی مۆسیقار كە یەكێكە لە مۆدێڕنیستەكان، لە مۆسیقادا دژی جیهانی یەكپارچەی دەرەوە و حەز و خولیا یەكپارچەكراوەكان وەستایەوە و كارێكی كرد كە پارچە و پاژی تەنانەت سادەترین میلۆدییەكانیش وەها گۆڕانێكیان بەسەردا بێ، كە ئەگەر لێكیش بدرێنەوە و بخرێنەوە سەر یەكیش، هێشتا ئاوازێكی وەك ئاوازە ئاشناكانمان پێشكەش نەكەن، ئاوازێكمان نەخەنە بەر گوێ لە شێوەی ئەو ئاوازانەی تا ئێستا گوێچكەمان پێیان راهاتووە، بەڵكو ئاوازێكی نوێ و نامۆمان بۆ بخەنە روو.
هونەرمەندی مۆدێڕن پێی وایە هەر شتێكی ئاشنا و ناسراو بێ ئیتر لە ستاتیكا بەتاڵ بووەتەوە. بۆیە بە داهێنانی نوێ، تۆزی ئاشنایەتی لەسەر شتەكان دەتەكێنێ و نامۆیان دەكاتەوە بۆ ئەوەی رۆحی بیسەر(لە مۆسیقادا) و بینەر (لە شێوەكاریدا) و خوێنەر (لە ئەدەبدا) راچڵەكێنێ.
فۆرمالیستەكان پێیان وابوو هونەر لەو شوێنەوە دەست پێ دەكات كە ئێمە لەم دنیا ئاشنایەی خوومان پێوە گرتووە و لەگەڵی راهاتووین داببڕێین و بچینە نێو دنیایەكی نامۆ و نەناسراوەوە.
نموونەش ئەوەیە: ئەوانەی ساڵانێكە لە كەنار دەریا و تاڤگەكان دەژین گوێیان لە خوڕەی ئاو و لرفە و دەنگی شەپۆلەكان نابێ، بەڵام ئەو رێبوارەی ئەكەمجار رێی دەكەوێتە كەنار و گوێی دەریا، سەرسام دەبێت. هونەری داهێنەرانەیش دەبێ ئەم تۆزی عادەتە لە رۆحی بەردەنگەكەی بتەكێنێ و سەرسامی بكات.
بەڵام ئەوانەی لەگەڵ شتە باوەكان راهاتوون، لە هەموو شتێكی نامۆ دەترسێن و دەسڵەمێنەوە و دژیشی دەوەستنەوە. كوارتێتەكانی شوێنبێرك لە گوێچكەی ئەو كەسانەدا كە هەر مۆسیقای باویان بیستووە، سامناك و ترسێنەرن. ئەو كەسانە لەو مۆسیقایە دەسڵەمێنەوە چونكە پێكهاتەی دنیا دەقگرتووەكەیان دەشێوێنێ. ئەوان لە ناوەرۆكەكەی ناترسن، بەڵكو لە فۆرم و پێكهاتە و شێوازی دەربڕینەكەی دەترسن.

 

سەرچاوە: كتێبی حەقیقەت و جوانی
نووسینی بابەكی ئەحمەدی
وەرگێڕان و هەڵبژاردن بە دەستكارییەوە: رەسووڵ سوڵتانی

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here