ساوێن و سابات سەرقاڵی دوو بەرهەمی تازەن

0
676

دوو خوشكە موزیكژەن و دەنگخۆشەكەی شاری رانییە، كە پێشتر دوو كلیپیان پێكەوە بڵاو كردووەتەوە بە ناوەكانی رێحانە و پاییزە و لە سروودێكی تایبەتی پێشمەرگەشدا بەشدار بوون و بەو دواییانەش لەگەڵ گرووپی موزیكی كچانی رانییەدا هەر كامە و بە گۆرانییەك بەشدار بوون، ئێستا دوو بەرهەمیان ئامادەیە بەڵام هێشتا كلیپیان نەكردوون.
یەكێك لەو بەرهەمانەی ئەو دوو خوشكە هونەرمەندە، نوێكردنەوەی گۆرانیی “بەهار”ی خانمە هونەرمەندی رۆژهەڵاتی كوردستان فەتانە وەلیدییە كە رۆزبێ موزیكەكەی داناوە و دابەشی كردووە و ئێستا لە قۆناغی كۆتاییدایە و بەو زووانە كلیپی دەكەن.
گۆرانیی دووەمیشیان بە ناوی “شێتانە” گۆرانییەكی نوێیە و بە ستایلێكی نوێ گوتوویانەتەوە. ئەو گۆرانییە شیعرەكەی رەسووڵ سوڵتانی دایناوە و ئاوازەكەشی ئاوازی ساوێنە.
ساوێن و سابات بە روانینێكی نوێوە دەڕواننە گۆرانیی كوردی و هەموو هەوڵیشیان ئەوەیە لەو بوارەوە كاری جیاواز پێشكەش كۆمەڵگەكەیان بكەن. لەو بارەیەوە ساوێن حەمید دەڵێ: هونەرمەند پێویستە زۆر باش شارەزای فۆلكۆر و پێشینەی هونەریی میللەتی خۆی بێت، بەڵام چەقین و مانەوەی لە نێو فۆلكلۆردا كارەساتە. ئێمە دەبێ فۆلكلۆر بكەینە بەردی بناغەی پێشكەوتن و بەرەوپێشەوەچوونی هونەرەكەمان و لە رێگەی هونەرەكەشمانەوە دەتوانین روانگەی خەڵك و كۆمەڵگا بەرانبەر هونەر و هونەرمەندان بگرین. چونكە ئەگەر هونەرمەندەكان نەتوانن لەو رێگەیەدا خۆیان بسەلمێنن و بەرهەمی جیاواز پێشكەشی كۆمەڵگە و خەڵكەكەیان نەكەن، بەدڵنیاییەوە ناتوانن پێگەی خۆیان وەك هونەرمەندێك پتەو بكەن و لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانن كاریگەرییەكیان لەسەر روانینی خەڵك بۆ هونەر هەبێت. كەوابوو هونەرمەندبوون ئەركێكی قورس و بەرپرسیارەتییەكی گەورەیە و كۆمەڵگاش پێویستە پشتیوانی هونەرمەندەكانیان بن.
لەبارەی پشتیوان و سپۆنسەریشەوە سابات و ساوێن دەڵێن: مخابن كۆمپانیا و دەستڕۆیشتووەكانی كوردستان هێشتا نرخ و بایەخی هونەریان بۆ دەرنەكەوتووە و بە گوێرەی پێویست پشتیوانی لە هونەر و هونەرمەندان ناكەن.

 

ئەم بابەتە لە ژمارە 2604ی رۆژی پێنجشەممە 11/5/2017 بڵاو بووەتەوە….

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here