رۆڵی ئافرەت لە گوتنەوەی بەیتە فۆلكلۆرییەكاندا
بەیتی “سوارۆ” وەك نموومە
(بەشی دووەم)
گرنگیی بەیت
لە خوێندنەوە و تاوتوێكردنی بەیتەكاندا دەتوانین ئاوڕ لە رابردوومان بدەینەوە و تیشك بخەینە سەر كۆمەڵێك لایەنی شاراوەی ژیانی پێشینیانمان. لە ئاوێنەی بەیتەكاندا شێوازی روانین و جیهانبینیی پێشینیان و هەڵسوكەوت و دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكانیان و میوانداری و لێبوردەیی و تۆڵەسەندنەوە و زۆر لایەنی دیكەی ژیانیان دەردەكەوێت.
ئەحمەدی بەحری پسپۆڕ و شارەزای بواری بەیت و فۆلكلۆر لە دیمانەی گۆڤاری خوێندكاریی “هەژێن” ساڵی سێهەم ژمارە 3ـدا ئاوا باسی گرنگیی فۆلكلۆر دەكات: گەلێ شارەزا و لێزان، بە زمانی جۆربەجۆر و لە گەل و وڵاتی جۆربەجۆردا، لە سەر فۆلكلۆر دواون؛ ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو ڕاستییە كە فۆلكلۆر یەكێك لە گرینگترین و بەرچاوترینی ئەو دیاردانەیە كە لە ژیانی دوورودرێژی ئادەمیزاددا، بە ڕەنگ و شێوازی جۆربەجۆر ساز بووە. فۆلكلۆر هەر وەك دیاردەكانی دیكەی فەرهەنگ لە ڕەنگدانەوەی پێوەندی ئینسان و سروشت، ئینسان و ئینسان، ئینسان و خۆیدا هاتۆتە ئاراوە. ئەوەی فۆلكلۆر لە دیاردەكانی تری ئینسان جیا دەكاتەوە و بایەخی تایبەتی پێدەدا، خاوەندارەتایبەتیەكەیەتی. هەر ئەوەی كە خاوەنداری فۆلكلۆر خەڵكە، تۆ دەباتە نێو ئەقیانووسێك بابەتی ڕەنگاوڕەنگ بە پانتایی مێژوو. هەر لەو ڕووەوە گەڕان بە نێو فۆلكلۆردا هەرگیز ناتوانێ گەڕانێكی ئاسایی و كاتی و سەرپێیی بێ. بۆ؟ چونكە تۆ بە سەر ئەزموون و ئێحساسات و دڵەڕاوكە و خۆشی ئادەمیزاددا دەكەوی كە سەدان و بگرە هەزاران ساڵە بە سەر یەكدا كەڵەكە بوونە لێك درواون و سواون و بەرەو ژیانی ئێستای ئێمە شۆڕابەیان بەرداوەتەوە. ئێمە ئەمڕۆ لە فۆلكلۆردا ئەوەی لێی دەگەڕێین “خۆمان”ین. ئەو “خۆ”یەی لە دنیای مۆدێرنی ئێستا سەیر لەگەڵ خۆی نامۆیە. بە دوای دوێنێ و پێرێی خۆمانەوەین، بە دوای ئەو دابڕانە گەورەیەی كە لەگەڵ سروشت و منداڵیماندا وەدی هاتووە. بە دوای ئەو بەشە لە ڕابردووی ونبووی خۆمانین كە مێژوو بە سەریدا قەڵمبازی داوە؛ یان هەر ئەرك و كاری ئەو پاراستنی ئەمە نەبووە. لە سەر بەردەنووسەكان، لە سەر سواڵەت و دەفرە كۆنەكان، لە نێو وشە و دێڕی كتێبە مێژوویییەكان لە كوێ ئەو بەشە ڕابردووە ون بووە وەك لە فۆلكلۆردا پارێزراوە بە جوانی و بە ڕوونی ماوەتەوە؟ لە بەراوردی مێژوو و فۆلكلۆردا، فۆلكلۆر ئەو گشت بابەتە ورد و نادیارانەن كە شان بە شانی مێژوو زەمانێكی دوور و درێژیان پێواوە و لەگەڵ خۆیان تام و بۆن و بەرامەی بەشە ون بووەكەیان بۆ ئەمڕۆی ئێمە پێیە. (خەلیفە، 2011: ل 19)
بە داخەوە ئەدەبی نووسراوی كورد تەمەنێكی لەمێژینەی نییە و كورد مخابن زۆر درەنگتر لە خەڵك و دراوسێیەكانی خۆی دەستی داوەتە خوێندن و نووسین. ساوابوونی ئەدەبی نووسراوی هەر نەتەوەیەك، یەكێك لە هۆكارەكانی خەستتربوونەوە و گرنگبوونی ئەدەبی زارەكی و فۆلكلۆرەكەیەتی. ئەوە بەو واتایە نییە هەر گەل و نەتەوەیەك ئەدەبی نووسراویان بەتەمەن و لەمێژینە بێت، ئەوا فۆلكلۆرەكەیان كەم بایەخترە. دوكتۆر رەهبەری مەحموود زادە هەر لەو دیمانەیەی لەگەڵ گۆڤاری هەژێن لەو بارەیەوە دەڵێ: هەرچی ئەدەبی نووسراو و ئەدەبی كلاسیكی گەلێك بەهێزتر بێ، ئەدەبی فۆلكلۆریی ئەو گەلە كەشێكی كەمتری بۆ دەمێنێتەوە و بە پێچەوانە ئەگەر بە هێندێك هۆی كۆمەڵایەتی و سیاسی لەناو گەلێكدا ئەدەبی نووسراو لاواز بێ یا پێشینەكەی زۆر كۆنی نەبێ، ئەوا ئەدەبی فۆلكلۆری ئەو گەلە زیاتر بەخۆیدا دێ و سەرنجی پێ دەدرێ.(خەلیفە، 2011: ل19)