رۆڵی ئافرەت لە گوتنەوەی بەیتە فۆلكلۆرییەكاندا(بەشی شەشەم)

0
674

رۆڵی ئافرەت لە گوتنەوەی بەیتە فۆلكلۆرییەكاندا
بەیتی “سوارۆ” وەك نموومە

(بەشی شەشەم)

بەیتی سوارۆ باسی چیی دەكات؟

بەیتی سوارۆ یەكێكە لەو بەیتە كوردییانەی كە لایەنی پاڵەوانێتی و تراژێدی و دڵدارییەكەی بووەتە تان و پۆ و هەوێنی دەقەكە. ئەو بەیتە لە زمانی كیژۆڵەیەكەوە گێڕدراوەتەوە. ئافرەتێك كە كوڕە گراوییەكەی دەچێتە شەڕێ. دەچێتە كاولە لەحسا. سەفەرەكە سەفەری هات و نەهاتە. دەچێتە شەڕی مان و نەمان. سوارۆ بەر لە رۆیشتنێ سەری ئەسپەكەی وەردەگێڕێت و دێتە لای نازدار حەیرانەكەی و داوای ماچێكی لێ دەكات. ماچێك بۆ ورەبەخشین لە دوا ساتەكانی ماڵاواییدا. ماچێك كە بیكاتە توێشووی رێگەی هات و نەهات و تاڵ و سوێرییەكانی سەفەرەكەی پێ شیرین بكات. ماچێك كە توانا و تین و گوڕی پێ ببەخشێت بۆ ئەوەی لە كات و ساتە تاقەتپڕووكێنەكانی شەڕگەدا، خۆڕاگر بێت و چرای هیوایەكیش لە دڵیدا هەر بڵێسەی بێت بۆ گەڕانەوە. بەڵام كچە، ماچەكەی ناداتێ و وەعدەی ئەو ماچەی بۆ دەخاتە ئەو كاتەی سوارۆ بەسەركەوتوویی لە بەرەی شەڕێ بگەڕێتەوە. بە مەرجێك لە شەڕێ بگەڕێتەوە، كچە بەڵێنی پێ دەدات دوگمەی سینگ و مەمكانی بۆ بترازێنێت و شەو هەتا رۆژێ لە باخی سینە و مەمان میوانی بكات.
لەگەڵ ئەوەشدا كچە هەندێ راسپاردەی هەیە و قسەی دڵی بۆ سوارەكەی دەكات و بۆشی دەپاڕێتەوە كە دوازدەی ئیمامی دەشتی بەغدایە دەستی بەعومری بگرن و بیپارێزن. لە لایەكیشەوە دووعای ئەوەی لێ دەكات، كە ئەگەر هات و لەبەر 1500 سواری دوژمن سەری كەحێلەكەی وەرگێڕا و لەبەریان بەزی و رای كرد، ئەوا سوار بكوژرێت و بە تێشكاوی و سەرشۆڕی نەیەتەوە. كچە گراوییەكەی سوارۆ، لە لای شەدەشل و شل و مل و ناسك و نازداران، لە لای دەستە خوشك و خەنیمەكان، گەلێكی تاریفی شان و باهۆ و پاڵەوانێتیی سوارۆ كردووە. بۆیە لەوە تۆقیوە ئەگەر خەبەری شكست و بەزینی سوارۆی بۆ بێنن. ئاخر بەزین و تێشكانی سوارۆ ئەو لە نێو كۆڕی كیژۆڵان شەرمەزار و رووڕەش دەكات.
سوارۆ دەڕوات و رۆژێك لە رۆژان خەبەری برینداربوونەكەی دێتەوە بۆ كچەگراوییەكەی و ئەویش رادەسپێرێتە حەكیم و لوقمانان كە دەست بۆ برینەكەی نەبەن و دەرمانی نەكەن، نەبادا برینەكەی وەبن بدات و تەشەنا بكات. ئەو دەیەوێ مەلهەمێكی بۆ بگرێتەوە “لە حێلی لە دارچینێ‌ لە ژەنگی گوارەی لە تۆزی شەدەی لە چڵكی ئانگوستیلەیی و لە ئارەقی قووڵكەی بەر گەردنێ….. ”

توێژینەوە (سابات)

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here