فەرەیدوون سامان: زمان کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی نەتەوەسازییە

0
843

زنجیرە وتووێژ (2)

زمان سەرەکیترین توخمی فەرهەنگ و کەلتووری هەر نەتەوەیەک و ناسنامەکەیەتی، توخمێکی ئەوتۆ کە لەناوچوونی، لە ناوچوون و توانەوەی نەتەوەکەیە، هەر بۆیەش ئەو کەس و نەتەوانەی کە ویستبێتیان، نەتەوەیەکیتر بتوێننەوە، سەرەکیترین و زیاترین هەوڵیان، تواندنەوەی زمانی ئەو نەتەوەیە بووە. گەلی کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی کە زمانەکەی بە بەردەوامی کەوتۆتە بەر لێشاوی شاڵاوی دڕندانە و هۆڤانەی دوژمنان و داگیرکەرانی بەڵام بە خۆشییەوە هەوڵی کورد بۆ پاراستنی زمانەکەی نەگۆڕ و نەپچڕاوە.

زمان جیا لەوەی کە مافی سرووشتی و خواپێداوی هەر نەتەوەیەکە، لە هەمان کاتێشدا کاریگەری لەسەر ڕامان و هزر هەیە و پچڕانی پێوەندی لە نێوان زمان و هزر، گەورەترین خەساری نەبووبی پەروەردەیە بە زمانی زگماکی کە پسپۆڕانی ئەو بوارە و لە ناویاندا ڤیگۆتسکی، بە تەسەلی کاریگەرییە نەرێنییەکانیان شیکردۆتەوە.
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی و هەروەها ئاوڕدانەوە لە گرنگی پەروەردەبوون بە زمانی زگماکی، زنجیرە وتووێژێک لەگەڵ چەند کارناس و پسپۆرێکی بواری زمانی کوردی ئەنجام دراوە و بەشی دووهەمی ئەو زەنجیرە وتووێژەدا کاک  “فەرەیدوون سامان” سەرۆکی رێکخراوی خانی بۆ لێکۆلینەوەی هزری ، وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
 سازدانی: هاشم عەلی وەیسی

 پرسیار: زمان فەکتەری سەرەکی جیاوازیی نیوان مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سەرگۆی زەوییە کە دەتوانێت هەموو ئایدیا و خەونەکانی پێ تۆمار بکات و بە هۆیەوە لە پێوەندییەکی بەردەوامی خۆی لە سەرەتای بوونییەوە تا ئێستا گەلێک گۆڕانکاری و وەرچەرخانی مەزن لەناو مرۆڤایەتی لە پانتا جیاوازەکانی پێناسەی زمان هاتووەتە گۆڕێ، ئێوە وەکوو کەسێکی چالاک لە بواری زمانی کوردی لە ساڵڕۆژی زمانی دایکی چۆن دەڕوانن زمان و پێناسەی ئەم چەمکە لە خوێندنەوەی ئێوە چۆنە؟

weney-roj-zman-kurde-rojizmandaykفەرەیدوون سامان: زمان کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی نەتەوەسازییە،هەر نەتەوەیەکیش زمانەکەی لەدەست بدات،ئەوا بێگومان خەسڵەتی سەرەکی نەتەوە بوونی خۆی لەدەستداوە، نموونەش لەرۆژهەڵاتدا گەلانی رەسەنی ناوچەکە وەک فینیقی.بابلی،ئاشووورو کلدان،دواترلەباکووری ئافریقیا قیپتی و ئەمازیغیەکانن، با لە رابردووشدا خاوەنی شارستانییەت و فەرهەنگی خۆیشیان بووبن، وەک چۆن ئەمرۆش دەبینین سەبارەت بەداگیرکاری عەرەب و ئیسلام بۆ وڵاتی شام و عێراق و باکووری ئافریقا، وەلێ مخابن ئەورۆ وەکو ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان کە زمانە، رەش بوونەوەتەوە، مەگەر لەسەر ئاستی چەند گرووپێکی بچووک نەبێت، لێرە و لەوێ کە تەنێ بۆقسەکردن نەبێت، ئیستا ئەم گرووپە ئیتنیکیانە لە بۆتەی نەتەوەی سەردەستی عەرەبدا تواونەتەوە، با خاوەنی قەوارە ونیشتمانی خۆیشیان بن، ئەو نەتەوانە زمانەکەی خۆیان لەدەست داوە و رەش بوونەوە، تارادەیەک کوردیش هەمان چارەنووسی تراژیدی ئەو گەلانەی هەیە بەڵام بە کەمێک جیاوازتر،ئەویش ئەوەیە ئەدەبی میللی و فۆلکلۆرییەکەی توانی زمانەکەی بپارێزێت، هەرچەند پتر لە ١٤٠٠ ساڵە نیشتمانەکەی داگیر و دابەشکراوە ،نەتەوەکەی پارچەپارچەکراوە، دەبینین تارادەیەکی زۆریس زمانەکەشی داگیرکراوە و بۆ چەند دیالەکتیک و بن دیالەکتیکی جیاواز دابەش بووە ، هەرچەند ئێمە قوربانی جوگرافیای سرووشتی کوردستانین،داگیرکەران زۆر بە توندی زمانەکەیان لەبوارەکانی پەروەردەو فێرکردن لێ قەدەغە کردووین.بەڵام خۆشبەختانە چیاکان  پشتوپەنامان بوون زمانەکەیان پاراستووین.دەبینین هەتا ئەورۆش دایکی کورد لەهەر بستێکی جوگرافیای پان و بەرینی زمانەکەمان، منداڵەکانی بە زمانی شیرینی کوردی گەورە دەکات.

پرسیار: هەروەک دەزانن بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی گەلێک لە زمانەکان لەبەر دەسەڵاتی سەرەڕۆ و زەبرووزەنگ و روانینی نامرۆڤانەی نەتەوەیەک بۆ نەتەوەیەکی دیکە، یان لەناو چوون و یان رێگە و دەرەتانێکی وایان بۆ گەشە و پێشکەوتنی خۆیان نەبووە، ئێوە وەکوو کەسێکی شارەزا لە زمانی کوردی کە هێشتا دەسەڵاتی داگیرکەر و سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی رێگە لە خوێندن و پەروەردە بەم زمانە و زمانەکانی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش گرتووە چۆن دەڕواننە ئەم بابەتە؟

فەرەیدوون سامان: بۆ من گرنگ نییە رۆژهەڵاتی بم، یان باشووری.من هەر بەشێکی کوردستان بە هی خۆم دەزانم، بەڵام رەوشەکە بۆ بەشەکانی باکوور و رۆژاوای کوردستانیش هەر سەخت بووە، ئێمە دەزانین لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیای نوێ لەسەر دەستی ئەتاتورک، بە یاسا زمانی کوردی قەدەغەکراو، تەنانەت چەندان بەڵگەو دۆکۆمینت هەیە کە چۆن دەیان تاکی کورد لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی سزای ماڵی یان بەند کردن تەنانەت لە هەندێک حالەتدا بەڵگە هەن خەلك لەسەر بەکارهینانی زمانی کوردی کوژراون و سزای قوڕس دراون.هەڵبەت ئەمە بۆ رۆژهەڵات و رۆژاوای کوردستانیش هەروابووە،تەنانەت لەسەردەمە جیاوازەکانی دەسەڵاتی رەگەزپەرستی عەرەبی عیراقیشدا زمانی کوردی دووچاری هەمان کارەسات بوو،لەمەسەلەی بە عەرەبکردنی بوارەکانی پەروەردەو فێرکردندا،بەتایبەتیش لەناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەک کەرکوک، خانەقین، مەندەلی، مەخموور،شاروشارۆچکەکانی پارێزگای نەینەواو هەروەها کوت و عیمارەی فەیلینشین کە بەسەدان هەزار کوردی  لێ بەعەرەب کراوەو بەزۆر کۆچبەرییان پێ کراوە..

پرسیار: پێتان وایە لە ئاوا بارودۆخێک بە تایبەتی ئەرکی ئەو کەسانەی لە ناوخۆن و لەگەڵ جەماوەری خەڵک لە پێوەندی دان چی و چۆن دەبێت بەرانبەر بە سەرەکیترین شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی و مرۆییمان؟

فەرەیدوون سامان: “سەرباری هەبوونی دەسکەوتی گەورە بۆ زمانی کوردی بەتایبەت لە باشووری کوردستاندا کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی عیراقدا لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەفەرمی زمانی کوردی لەپاڵ زمانی عەرەبی ناسێنرا، وێڕای هەبوونی دامودەزگاکانی پەروەردەو فێرکردنی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لەهەندێ دەڤەری دەرەوەی هەرێمیش بە کوردی دەخوێنرێت ،سەرباری هەبوونی دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنی لۆکالی و ئاسمانی.دەیان رۆژنامەو گۆڤارو چاپەمەنی زۆر،  وەلێ مخابن هێشتا لەسەر ئاستی مێدیا و پەروەردەدا چەندان گرفتی زمانەوانیمان هەیە وەک گرفتەکانی جووت ستانداردی،فرە رێنووسی،هەبوونی وشەو زاراوەی بیانی نامۆ و نەگونجاو لەناو زمانیکوردیدا، کە بونیاتی زمانەکەمانی شێواندووە، یان بوونی دەیان تێکست و کتێبی وەرگیردراو لە زمان بیانییەکان بۆ زمانی کوردی کە بەداخەوە زۆربەی زۆریان بەسەقەتی وەرگێردراون و رەچاوی مەرجەکانی ئەفراندنی وەرگێرانیان بۆ نەکراوە،ئەمانە هەر هەموویان کاریگەری نەگەتیڤیان لەسەر گەشکردنی سرووشتی زمانی کوردی هەبووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.