کوردانی ستۆکهۆڵم بۆ پشتیوانی لە کەبوودوەند، ڕێپێوانێک وەڕێدەخەن

0
703

چالاکییە جۆراوجۆرەکانی کوردانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە محەممەد سدیق کەبوودوەند، باوکی مافی مرۆڤی کوردستان بەردەوامە.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕۆژی کورد، کوردانی دانیشتووی شاری ستۆکهۆڵم لە وڵاتی سوید، بۆ پشتگیری لە محەممەد سدیق کەبوودوەند، ڕۆژنامەوان و باوکی مافی مرۆڤی کوردستان کە زیاتر لە ٢٤ ڕۆژە لە هەمبەر سەرەڕۆیی بێدادگاکانی ڕژیمی تاران دەستی بە مانگرتن کردووە، ڕێپێوانێک وەڕێدەخن.

ئەو ڕێپیوانە سبەی چوارشەممە  (1-jini)، کات ژمێر ٣ تا ٤ی سەر لە ئێوارە  لە سێرگێلس تۆرگ ـی شاری ستۆکهۆڵم، بەڕێوە دەچێ.

شایانی ئاماژەیە کە ئەو ڕێپیوانە لەلایەن ئەندامانی کەمپەینی “تا ڕزگاریی کەبوودوەند” بە ڕێوە دەچێ.

کامڕان قازی، یەکێک لە ئەندامانی بەڕێوەبەریی کەمپەینی “تا ڕزگاریی کەبوودوەند” لە لێدوان لەگەڵ ڕۆژی کورد، داوای لە سەرجەم کوردستانیانی دانیشتووی شاری ستۆکهۆڵم و دەوروبەری کرد تا لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بەشداری بکەن و بەم جۆرە دەنگی کەبوودوەند کە لەسەر مافی مرۆڤی کورد لەو دۆخەی ئێستای دایە بگەیێنن بە گوێی جیهان.

پێویست بە ئاماژەیە کە سبەی چوارشەممە بڕیارە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە شاری ژنێڤ لە وڵاتی سویس و بە پشتیوانی لە کەبوودوەند بەڕێوە بچێ کە لە لایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد-ژنێڤ ـەوە ڕێکخراوە، هەروەها  دۆینێ، کوردانی وڵاتی ئاڵمان، لە لایەن بنکەی کوردانی ڕۆژهەڵات – بێرلین، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لەو بارەوە بە بەشداریی کوردانی دانیشتووی شاری بێرلین، پێکهات.

شایانی باسە کە، ئیجلال قەوامی، وتەبێژی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ ڕۆژی کورد گوتی: “کەبوودوەند، ڕۆژنامەوان و سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، بە تێپەڕ بوونی نزیک بە ٢٥ ڕۆژ لە مانگرتنەکەی، هێشتاش هەروا لە مانگرتن بەردەوامە.”
لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی جەستەیی کەبوودوەندا، قەوامی گوتی:”دابەزینی ۆەستانی خوێن، خوێنڕێژیی ناو لەش، ئاڵۆزتر بوونی دۆخی دڵ ـی کەبوودوەند بۆتە هۆی ئەوەی کە دوکتورەکانی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی تاران لەمەڕ ئەگەری ڕاوەستانی دڵی ناوبراو هۆشداریی جیددی بدەن و لەو بارەشەوە راپۆرتیان داوە بە بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین”.
قەوامی لە درێژەدا لەمەڕ دوایین دۆخی تەندرووستیی کەبوودوەندا گوتی: “لەو یەک دوو ڕۆژەی دواییدا کە دۆخی تەندرووستیی کەبوودوەند زۆر ئاڵۆز بووە، چەند پشکنین و تاقیکارییەکی وەک نەواری دڵ، ئانژیۆ، ئێم ئار ئای لێ هەڵگیراوەتەوە و لەسەری ئەنجام دراوە کە سەرجەمیان باس لە ئاڵۆز بوونی دۆخی جەستەیی و تەندرووستیی ناوبراو دەکەن”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.