ڕێکخراوی مافی مرۆفی ئەحواز، لەداردانی ٢١ چالاکی مەزهەبیی کوردی مەحکووم کرد

0
737

ڕۆژی کورد: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەحواز لە ڕاگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد هاتووە، وێڕای مەحکووم کردنی بە کۆمەڵی لە سێدارەدانی ٢١ چالاکی مەزهەبیی کورد، داوا لە سەرجەم ڕێکخراو و ناوەندە ناونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات تا لە ڕێگای گوشار خستنە سەر ئێران، بە زووترین کات پێش بە لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و لە ناویاندا چالاکانی کورد، عەڕەبی ئەحواز و بەلووچ بگرن و هەوڵ بدەن گوشار بخەنە سەر بەرپرسانی ئێران تا دۆخی محاکەمەیەکی زەڵاڵ و گونجاویان بۆ پێک بێنن.

لەو ڕاگەیێندراوەدا هەروەها هاتووە کە ئەو لەسێدارەدانانە لە حاڵێکدایە کە لە دادگایەکی ڕواڵەتیدا محاکەمە کراون و دان پێدانانیشیان بە زۆرە ملی و لەژێر گوشاردا بووە بەڵام ئاشکرایە کە ئەوپەڕی چالاکیی زۆربەی ئەو کەسانە بەڕێوەبردنی کلاسی قورئان و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشتیانە و هێمنانەی ڕێنماییەکانی ئایینی سوننە بووە و زۆربەی هەرە زۆریشیان هیچ کات چەکیان هەڵنەگرتووە و هیچ کردەوەیەکی تووندوتیژیشیان ئەنجام نەداوە و سەرجەم پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕێکخراوە تووندئاژۆکان ڕەت کردۆتەوە.

هەروەها لەو بەیانیەدا هاتووە: “یەکێک لە تاوانبارەکان بە ناوی “بەرزان نەسرووڵڵازادە”، لە تەمەنی حەڤدە ساڵاندا و لە کاتێکدا کە لە ژێر تەمەنی یاساییدا بووە دەستبەسەر کراوە و لەداریش درا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەحواز هەروەها لە ڕاگەیێندراوەکەیدا نیگەرانیی خۆی لەمەڕ پەرەسەندنی لەداردانەکان ڕاگەیاندوە و دەڵێ: “هاوکات هێزە ئەمنییەتییەکان دۆخێکی تووند و ئاڵۆزیان بەسەر بەندیخانەی ڕەجایی شاردا زاڵ کردووە و و پۆلیسی دژەشۆڕش دەورووبەری بەندیخانەکەیان گرتووە و مەترسی ئەوە هەیە کە حوکمەی ١٨ بەندیی تریش بەڕێوە بچێ”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت