پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە مێدیای فەڕەنسی دا

0
1157

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی بۆ جێبەجێکردنی ریفراندۆم ڕاسپارد و چەند رۆژ دواتر لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم ، بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیایدا جەختی لەسەر راپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان کردەوە و بە مافی ڕەوای گەلی کوردی ناوبرد، بابەتی راپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بوو بە جێی سەرنجی میدیا جیهانییەکان.

مێدیاکانی فەڕەنسا وفەڕەنسی زمانی ئورووپا بە بایەخەوە پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانیان خستە رۆژەڤەوە و چەندین بابەت سەبارەت بەو پرسە لە مێدیاکانی  فەرەنسا بڵاو کرایەوە،
رۆژنامەی بەناوبانگی (LeFigaro) لە بابەتێکدا بە ناوی “ریفراندۆم لەسەر دەوڵەتێکی کوردی” ئاماژەی بە پەیامەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کودستان کرد و  بڵاوی کردۆتەوە کە کاتی ئەوە هاتووە کوردەکان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و ریفراندۆمێک بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام بدەن.
ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم و شەڕی کوردەکان لە دژی داعش کردووە  و لە بەشێکی بابەتەکەدا هاتووە ساڵی 2016 سەد ساڵ بەسەر دابەشبوونی کوردستان بە بڕیاری سایکس-پیکۆ تێپەڕ دەبێ و ئەگەری ئەوە هەیە لەو ساڵەدا و لە پاش سەد ساڵ کوردستان، سەربەخۆیی ڕابگەیەندرێ و بارودۆخەکە لەبارە بۆ ئەوەی کوردەکان لە ریفراندۆمێکی سەرانسەریدا بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.

بەشی فەڕەنسی ماڵپەڕی (sputniknews) لە بابەتێکدا دەپڕژێتە سەر پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و نووسیویەتی: “کاتی ئەوە هاتووە، کوردەکان ریفراندۆمێک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کورد ئەنجام بدەن، مەرج نییە دوای بەرێوەچوونی ئەو ریفراندۆمە سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەندرێ، تەنیا بۆ ئەوەیە کە نەتەوەی کورد بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و وجیهان ئاکامەکەی قبووڵ بکا کە کوردەکان کاری بۆ دەکەن.

لە دریژەی بابەتەکەدا ئاماژە بە چارەنووسی هەندێ وڵات لەوانە ئیسکاتلەند و کاتالۆنیا و کەبێک کردووە کە ئەو ڕێیە دەبڕن تا بە سەربەخۆیی بگەن و ئاماژەی بە ناوەۆکی قسەکانی بارزانی و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و قەیرانی ئابووری و پرسی نەوت باسی لێوەکراوە.
ماڵپەڕی (zamanfrance) یش لە بابەتێکدا ئاماژەی بە پەیامەکەی بارزانی کردووە کە داوای بەرێوەچوونی ریفراندۆم دەکا و نووسیویەتی: ” کاتی ئەوە هاتووە کە کوردەکان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی جیهان ئەو ڕاستییە بزانێ کە سەرکردە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان خوازیاری چین و چییان دەوێ.
بابەتەکە بەشێک لە قسەکانی بارزانی بەمشێوەیە گواستۆتەوە ؛ ” دەبێ خەڵکی کوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و ئەوە مافی ڕەوای خۆیانە و بە بێ بڕیاردان سەربەخۆیی بەدی نایە.
بابەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە دوای شەڕی کوردەکان لەگەڵ داعش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیویەتی کۆنترۆڵی بەشێکی زۆر لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بکا کە جێی مشتومڕی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە، هەروەها پرسی نەوەت و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە بە بێ پرسی بەغدا وەک قەیرانێکی ئابووری و چارەسەرنەکراوی نێوان هەولێر و بەغدا باسی لێوە کراوە و نووسیویەتی: ئەمە قەیرانێکی مەزنی ئابوورییە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە کە کاریگەری لەسەر بژیوی ژیانی خەڵکی کوردستان داناوە.

رۆژنامەی ئەلکترۆنی (ledevoir) لە ڕاپۆرتێکی تیروتەسەلدا باس لە پرسی ریفراندۆم لە باشووری کوردستان دەکا و پەیامەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بە هەند وەرگرتووە و لەژێر رۆشنایی وتەکانی بارزانی باس لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان دەکا.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991 وە لە بەشێوەی سەربەخۆ لە لایەن کوردەکانەوە بەرێوە دەبردرێ و بارزانی سەرۆکی هەرێم رایگەیاندووە کە کاتی ئەوە هاتووە گەلی کورد بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدا و بلێ کە خوازیاری چییە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە کێشە سیاسی و ئابوورییەکان کردووە کە بەرۆکی حکومەتی هەرێمی گرتووە لە گەڵ ئەوەی کە ناوچەیەکە لە ڕووی سامانە سرووشتییەکان دەوڵەمەندە بەڵام لەبەر خراپی بارودۆخی ئابووری بەناچار ڕووی لە وڵاتانی جیهان کردووە بۆ وەرگرتنی پارە بە قەرز و بەم حاڵەشەوە هەتا کوو ئێستا توانایی ئەوەی نییە مانگانە مووچەی فەرمانبەرەکانی دابین بکا و چەند مانگێک مووچە دواخراوە. لەگەڵ هەموو قەیرانە ئابووری و سیاسییەکاندا پرسی ریفراندۆم لە رۆژەڤ دایە.

دواتر ئاماژە بە شەڕی دژی داعش کردووە و نووسیویەتی: لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییانە کوردەکان سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی ریفراندۆم و دەیانەوێ هەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیی هەڵباوێن.

 ئامادەکردنی؛ جەمال نەجاری-فەڕەنسا

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.