پاش ئەوەی لە هەندێ ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی دزرانی ماکێتی قەڵای سەردار لە پاساژی شارەداری بۆکان بڵاوکرایەوە، ماکێتەسازەکە ڕایدەگەیەنێت: ئێستا ئەو ماکێتە گەڕێندراوەتەوە شوێنی خۆی.
کەماڵ عەزیزی ماکێت ساز خەڵکی شاری بۆکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی رۆژی کورد وتی: دوو مانگ لەوە پێش ماکێتی قەڵای سەردارم پیشکەش کرد بە خەڵکی شارەکەم و بە هەوڵی و هیممەتی چەند دڵسۆزی شاری بۆکان لە پاساژی شارەداری داندرا داوام لە بەرپرسانی شار کرد کە بۆ پاراستنی ماکێتەکە دەوری بە شووشە بگرن، بەڵام کەمتەرخەمیان کرد.
کەماڵ عەزیزی کە ماوەی مانگێکە رۆژهەڵاتی کوردستانی جێهێشتووە و لە وڵاتی هۆڵەند نیشتەجێیە، لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ رۆژی کورد ڕایگەیاند: پێدەچێ ماکێتەکە بە فەرمانی نوێنەری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان لە شوێنی خۆی لادرابێ، بەڵام پاش ئەوەی چەند کەسێکی دڵسۆز بەدواداچوونیان بۆ دیارنەمانی ماکێتەکە کرد، بە خۆشییەوە ئێستا گەڕێندراوەتەوە پاساژی شارەداری و بۆ پاراستینیشی دەوری بە شووشە گیراوە.
کەماڵ عەیزی پێشتر گلەیی ئەوەی لە بەرپرسانی شاری بۆکان کردبوو کە ئاوڕ لە کارەکانی نادەنەوە و هاوکاری ناکەن، هەر بۆ ئەو مەبەستە وەک دەربڕینی ناڕەزایی، لە دوایین هەینی ساڵی ڕابردوودا ماکێتی تەختی سولەیمانی لە سەر چیای بەردە ڕەشی شاری بۆکان سووتاند.
کەماڵ عەزیزی هەتا کوو ئێستا ماکێتەکانی تەختی سولەیمان و قەڵای سەردار و مزگەوتی جامیعە و حەوزە گەورەی شاری بۆکانی درووستکراوە و لە زۆرەبەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ماکێتی لە شوێنە مێژووییەکان درووستکردووە.