کۆماری ئیسلامی ئیزن بە ناوی “ڕاسان” بۆ تازە لەدایک بووەکان نادات

0
3713

ڕۆژی کورد: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێش بە دانانی ناوی دڵخوازی خەڵک و یەک لەوان ناوی “ڕاسان” دەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی کورد و لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە فەرمانگەی تۆمارکردنی باری کەسیەتی لە تاران، لە سەرەتای دەسپێکی ساڵی نوێی کوردییەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٥۰۰ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە خوازیاری لێنانی ناوی کوردیی “ڕاسان” بۆسەر منداڵە تازەلەدایک بووەکەیان بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئیدارەکانی تۆمارکردنی باری کەسیەتی لە شارەکانی کوردستان خۆیان لە تۆمارکردنی ناوی “ڕاسان” بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت بواردووە. هەروەها لە ماوەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی، پێش بە زۆر ناوی کوردی بەتایبەت لە باژێری ورمێ، سەلماس، خۆی و ماکۆ و کرماشان گیراوە و مۆڵەتیان نەداوە. نەبوونی ئیزنی هەڵبژاردنی ناوی دڵخواز و کوردی بۆ منداڵەکان، کێشەیەکی سەرەکی ئەو دایک و باوکانەیە کە منداڵیان بووە، ئەو کێشەیە لە ناوچە ئازەرییەکانی ئێرانیش کەم تا زۆر، بەدی دەکرێ.

پێدەچێ هەوڵی هاووڵاتییان بۆ تۆمارکردنی ناوی منداڵەکانیان بە “ڕاسان” پاش نەورۆزی ئەمساڵ و بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەلایەن حیزبی دێموکرات، لەژێر ناوی “نەورۆزی ڕاسان” لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات، هاتبێتە ئاراوە. بە وتەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی ڕۆژهەڵات، تامەزرۆیی خەڵک بۆ لێنانی ناوی “ڕاسان” لەمساڵدا نیشانەی پێشوازیی خەڵک لە پەیامی نەورۆزیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانە.

شایانی ئاماژەیە کە لە دوای نەورزۆی ئەمساڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لە ڕاسانەوەی خەبات کردووەو پاشان پارتی ئازادی کوردستانیش ڕایگەیاند ئامادەن خەباتی چەکداری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەست پێبکەنەوە، هەندێک لە چالاکانی سیاسی باس لە ئامادەیی هەندێک هێز و لایەنی تری کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری بە دژی ڕژێمی ئێران دەکەن.

ڕاسان ناوێکی کوردیی نوێیە بۆ کچان و کوڕانی کورد کە بە مانای “سەرهەڵدان و ژیانەوە” دێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.