پرۆژە ٥٠ ساڵەکەی ئێران و بێدەگی زلهێزانی جیهان؟ 

0
723
عارف باوەجانی


بە داخەوە لە دوو حەفتەی پێشوو دیسانەوە بەشێکی دیکەی لە جەستەی گەورەی گەلەکەمان کەوتەوە بەر پەلامارو گەلەکۆمەی چەند وڵات و چەند لایەنەوە. کە سەرپەرەستی سەرەکی ئەم کارەساتەی ئەمجارەش  یەکێک لە پیاوکوژان و ئەندازیاری ئانارشیزمی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. کە بەرپرسی تایبەتە بە پرۆژەی هەڵگیرسانی ئاژاوەو فیتنەکانی ئێرانە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم کارەساتە گرێدراوە بەوەی کە خومەینی بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرانی  کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاریانەوە،  پرۆژەیەکی درێژخایەنیان ئامادەکردبوو، بە ناوی پرۆژەی ٥٠ ساڵە. بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیندێک لە وڵاتانی دوور دەستی ئیسلامی، لە ژێرناوی هیلال یا ئیمپراتۆری شیعە، بە بیانووی ئەوەی  کە گوایا زیاد لە سەد ساڵە شیعە لە ئاست جیهاندا دەچەوسێنەوە. بەڵام مەبەستی داگیرکراری و ئیمپراتۆرییە کە بە بیانووی پشتیوانی لە شیعەکانی جیهانە. کە ڕاستی و دروستی ئەم پرۆژەیە دواتر لە لایەن ئایەتوڵا مونتەزیری جێگری خومەینی ئاشکرا کراو، و دانی بە وردەکارییەکەشی نرا.

ئەم پرۆژەی ئێرانە چۆن دەستی پێکرد.
هەر بە دانپێدانانی کەسانی تۆراو لە دەستی سیستەمی ئەم ڕێژیمەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران نزیک بە ٥٠% لە سەدی بودجە و داهاتی خەڵکی بندەستی ئەم رێژیمە بۆ ئەم پرۆسە دیاریکراوە.
کە سەرەتا بە ناوی پاکسازی دژە شۆرشەکە لەناوخۆی ئێرانەوە، هەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی بندەست و هێزەکانی موجاهیدینی خەڵک  وحیزبی تودەو  دەیان لایەنی دیکە دەستی پێکرد. پاشان شەری خۆی لەگەڵ حکومەتی ئێراق، لە ژێر ناوی ڕزگارکردنی کەربەلا و نەجەف بە دەست کافرانەوە ڕاگەیاند. لەو ڕێگەشەوە هەستی مەزهەبی ملۆێنان شیعەی ئێران و جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشا.
بە سەدان هەزار لاوی هاندەدا کە بەرەو کەربەلا بە ڕێکەون و ئاواتیش بخوازن کە بکوژرێن، و هەر کەسەو کلیلی بەهەشت و ژمارەی ماڵەکەیان لە بەهەشت پێدابوون. دوای ٨ ساڵ  شەری خۆێناوی و بە کوشتدانی سەدان هەزار کەس لەو هەردوو وڵاتدا. سەر ئەجام خومەینی بە قسەی خۆی شەرابی شکستی نۆشی و لە ٨ /  ٨ / ١٩٨٨ ئاگر بەستی لەگەڵ ئێراق ڕاگەیاند، و پرۆسەکەی لەو کاتەدا بۆ ئێراق سەری نەگرت. بەڵام لە پشتیوانی کردنی گروپە بە ناو نەیارەکانی سەدام حسێن لە باشوری ئێراق کۆڵی نەدەداو، هەر خەریکی ئامادە کردنیان بوون. بە تایبەت توانی بەشی زۆری بەندکراوانی ئێراقی کە لە شەرە ٨ ساڵەکە لایان بوو، بە بەڵێنی ئازادکردنیان لە بەندیخانە بکات بە شیعە، ژنی کوژراوانی خۆیانیان بۆ مارەبکات و بیانخاتە نێو لایەنە تایبەتەکانی ئێراقی دروستکراوی خۆیان. کە چەندین بەڵگەی ڤیدۆی شەرەکانی ساڵی هەشتاکانی ئێران لەگەڵ ئێراق، ئەم سەرکردانەی ئیستای بە ناو ئێراق سەربازی ڕێبازی مەهدی بوون، زۆر بە تووندی شەریان دژی وڵاتەکەی خۆیان دەکرد و ڕۆڵەکانی ئێراقیان  بۆ ئێران دەکوشت، بۆ خۆیان بە دەنگ و ڕەنگی تۆمارکراو دەڵێن ئێمە خۆمان فیدای ئیمام خۆمەینی دەکەین، کە تێیاندا هادی عامری و بنەماڵەی حەکیم و مالکی وعەبادی و هیدیکە دەردەکەون.
بەلای دیکەشەوە هەر لەساڵی حەفتاکاندا، بە مەبەستی کەڵکوەرگرتن لە سەرهەڵدانی ناوکۆکی وململانی نێوان بەعسییەکانی ئێراق و سوریادا. ڕۆڵی سەرەکی بینی لە خۆشکردنی ناکۆکییەکانی ئەو ٢ وڵاتە، بە سەدان بنکەو بارەگای جیاوازی لە ژێر ناوی ڕۆشنبیری و بازرگانی لە دیمشق کردەوە، و بە تەواوی سوریای کرد بە پردی پەرینەوەی بۆ وڵاتانی دیکەی عەرەبی.
هەر وەک ئیستا دەبینین بۆ ئەوەی سوریا لە دەستنەدات بۆ ٧ ساڵی تەواوە پشتیوانی لە مانەوەی ڕێژیمەکەی ئەسەد دەکات، و بە هەزاران ئێرانی دیکەی لەو وڵاتە لە ژیر ناوی پاراستنی ڕێبازی ئیمام حسین و ئیمام مەهدی بە کوشتداوە، و بە ملیار دولار لە بودجەی وڵاتەکەی لە سوریا خەرج دەکات.
هەر لە درێژەی پرۆژەی ٥٠ ساڵەکەیدا، لە ژیر ناوی هاوکاری ئینسانی و دروستکردنی مزگەوتی حسێنی، پێگەی خۆی گەیاندووەتە لوبنان و یەمەن، بە ملۆێنان دولار لەو بوارەدا رۆژانە خەرج دەکات. هەروەها لە هەژاری و نەداری وڵاتانی ئەفریقاش کەڵکوەردەگرێت، بە تایبەت لە وڵاتانی سۆمالیا و سودان، و بە دابەشکردنی هاوکاری دارایی و پاشان پەرتووکە تایبەتەکانی خۆمەینی، خەریکی دەسپێکردنی ( تشیع) بە شیعەکردنی خەڵکە لەو وڵاتانەشدا. بۆ ئەوەی ئاژاوەو ناکۆکیەکانی ئەو وڵاتە شەر لێدراوانە درێژەی هەبێت و ئەویش لەوێ و لە ژێر ناوی پشتیوانی لە هاوتەریقەتەکانی جێگەی خۆی خۆش بکات.

هاتنی ئێران بۆ ناو ئێراق لە ٢٠٠٣ بۆ سەرەوە.
هەر لە پاش ڕوخانی ڕێژیمەکەی سەدام حسێن لە ئێراق، ئیتر ئێران لە ڕێگەی ئەو کەس و لایەنانەی کە دەیانساڵە پەروەردەیان دەکات، کەوتە خۆ کۆکردنەوەو جێگیرکردنی ‌‌هێزەکانی لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا. لە کەربەلاو نەجەف دەستی کرد بە ئاوەدانکردنەوەی مەزارگاو حەوزەکانی ئەو شارانەو، بە دەیانکەسی تایبەت بە خۆی لەو مەزارگانە دامەزراندو دەستیان کرد بە هەمان شێوەی کارکردن کە لە قوم هەیانە.
هەوڵیاندا لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە خۆیان  ببەنە نێو جمگەی دەسەڵاتی سەرەکی ئێراقی نۆی. پلانەکەی هاتە بواری کردارەوە. لە یەکەم سینارێۆی حوکمدارییاندا سوونەکانی ئێراقیان لە بەشداری لە حکومەت دەرپەڕاند، توانیان لە نێوان ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٩ لە ڕێگەی دەسەڵاتی مالکییەوە پێگەی دەسەڵاتی شیعە لە ئێراق بەهێزبکرێت. لە ٢٠١١ بۆ سەرەوە کە ئەمریکا هێزەکانی خۆی کشاندەوەو هەموو دەسەڵاتەکانی ڕادەستی ئێراق کردوە. ئیدی ڕێگە زیاتر خۆش بوو دەستیوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران.
لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ کە لیستەکەی عەلاوی لە لیستی مالکی زیاتر بوو، بەڵام ڕێژیمی ئێران دەستی خستە ناو هەڵبژاردنەکان و بە کورسییەک جیاواز بارەکەی لە بەرژەوەندی مالکی لارکردەوە. بە ئاشکرا دژایەتی کردنی بۆ بە هەڵبژاردنی دوکتۆر ئەیاد عەلاوی وەک سەرۆکوەزیرانی ئێراق پێشاندا، کە دوکتۆر عەلاوی لە چەندین دیمانەی تەلەفزوێنیدا ئاماژەی بەو ڕاستییە کردوە.
مالکی وەک جێبەجێکاری ئەسڵی پرۆژەکەی ئێران بەو شێوە تا ٢٠١٤ بە تەواوی تەنگی بە سوونەکان هەڵچنی،  و هەموویانی یەک بە یەک و بە تۆمەتی جیاواز لە ئێراق دەرپەڕاند. هەروەها کەوتە پلاندارشتن بە دژی کورد، و سەرەتا دەستیکرد بە برینی قووتی خەڵکی کورد، هەر بەو مەبەستەش بۆ ئەوەی شەقامی کوردی بە گژیەکدا بدات، هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠١٤ و بە فشاری لایەنەکانی کوردستانی لە بەغدا نوری مالکی ڕێگەی پێنەدرا ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، ئەمجار عەبادی هات و نەیتوانی لەو خەتەی ئێران بترازێت، بۆیە درێژەی بە هەمان پرۆژەی دا. وردە وردە کەوتنە پاکتاوکردنی دەسەڵاتدارانی سیاسی  و دیپلوماتی و سەربازی کورد بە بیانووی گەندەڵی لە بەغدا. لە حاڵێکدا باس لە دزینی ٨٠٠ ملیارد دولاری ئێراقی لە لایەن جەماعەتی مالکییەوە دەکرێت، کە چی کوردەکان تاوانبار دەکەن. بگرە عیبادی زیاتر قورمشکراوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کوردی بگەرێنێتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠٠٣.

هێنانی داعش بۆ ناوچە سوونی و کوردستانیەکان و دروستکردنی هیندیک لایەنی نۆی.
ئێران پرۆژەیەکی دیکەی بە مەبەستی قەتڵ و عامی سونی وکورد لە ئێراق خستە گەر، ئەویش بە هێنانی داعش بۆ ئەو ناوچانە، کە هەموو جیهان شاهید بوو بە ٣٠٠ چەکداری داعش شارێکی زیاد لە ملۆێنی وەک موسڵ، و بە بوونی دەیانهەزار هێزی سەربازی ئێراقی تەسلیم بە داعش کرا. هەروەها گەورەترین کۆگای  ( ئەنباری)  چەک و تەقەمەنی لە موسڵ کە بایەی زیاد لە ٣ ملیارد دولار چەکی مۆدێرن و ئۆتۆمبێل و دەبابەی سەردەمیانەی سەربازی، کە هەمووشی مالکی لە روسیای کریبو، بە ئامادەیی و لە ناو پاکەت و گریزدا پێشکەش بە داعش کرا. هەروەها سەربازەکانیش کە لە شۆێن و مەشق و فێرگەکانیان بوون، بە ئەنقەست لە هاتنی داعش ئاگاداریان نەکردن، کە ئاکامەکەی دیتمان بە هەزاران لاوی سونی و ناوچەکە کەوتنە دەست داعش و کارەساتی قەتڵ وعامی سپایکری لێکەوتەوە.
لێرەدا ئێران چەند سەرکەوتنێکی بە دەستهێنا.
١ – هەر بە دەست سوونی خۆیەوە پارێزگاکانی موسڵ، تکریت، رومادی، نیوەی دیالەی تەختکرد و خەڵکەکەی ئاوارەی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی کرد، کە زیاد لە ٥ ملۆین سوونی ئیراقی لە تاراوگە دەژین. بێجگە لە هیندێک کەسی تایبەت بە خۆیان بە تەواوی سوونییەکانی لە دەسەڵات و ئابوری و ئاوەدانی دابڕاند، کە واپێشبینی دەکریت ٥٠ ساڵی دیکە نابنەوە هێزەکەی پێش ٢٠٠٣.
٢ –  هێنانی داعش بۆ سەر خاکی کوردستان، لە کاتێکدا نە کورد باوەری بەوە بوو کە داعش هێرش بۆ کوردستان دەکات، نە ئەو چەک و چۆڵە گرنگەی هەبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشێک کە خاوەنی مودێرنترین چەکن کە لە مالکییەوە بە دەستیان هێناوە.
٣ – یەکەم هێرشی داعش بۆ سەر شنگاڵ،  و قەتڵ و عام و بێڕێزی کردن بە ژن و کەرامەتی کوردانی ئێزیدی چەند مەبەستی لە پشتەوە بوو، کە یەک بۆ ئەوەی بڵێن کە بە نەبوونی دەسەڵاتی مالکی وبەغدا خوشک و برا یەزیدییەکان گیانیان پارێزراو نییە.
دووەم دروستکردنی ریشەیەکی مێژوویی دژایەتی ئاینەکانی ناوچەکە بەرامبەر بە یەک.
سێیەم تاوانبارکردنی لایەنە کوردییەکان کە گوایا شنگاڵیان لە بەر ئێزیدی بوون بە دەستەوە داوە، ئەمەش بەو مەبەستە ئاژاوە بکەوێتە ناوکوردەوە.
٤ –  چوارەم  نائارامی و دڵە راوکێ لە ناو خەڵکی کوردستان، دروستکردنی ترس و تۆقاندن بۆ کۆمپانیا و قونسووڵخانەی وڵاتانی بیانی لە هەولێر بۆ ئەوەی کوردستان بەجێ بهێڵن.
٥ –  ئاژاوە نانەوە لە کوردستان کە دیتمان لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١١ تا ٢٠١٧ چەندە کارەساتی ناخۆش ڕوویدا. لەگەڵ زۆر مەبەستی دیکە کە باسکردنی بەسەدان لاپەرەو سەدان کاتژمێر کۆتایی نایەت.

ئایا هۆکاری هێرشی ئێران و ئێراق بۆ کەرکوک و کوردستان مەسەلەی ڕیفراندۆم بوو؟
ئێراقی ژێر دەسەڵاتی قاسم سلێمانی، پاش ئەوەی کە هەموو کارەکانیان بە داعش تەواوکرد، ئیدی کەوتنە وەدەرنانی داعش، و بەرنامەشیان هەبوو کە تەواوی ناوچەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی تەواوی خۆیان، نەک وەک پێش ٢٠٠٣ یا ٢٠١٤ بگرە وەک سەردەمانی هەشتاکان.
بۆ ئەو مەبەستەش ڕزگاری حەویجەیان خستە ئاخرەوە. لە کاتێکدا کە پێشمەرگە لە ٢٠١٥ ئامادە بوو حەویجە ڕزگار بکات، بەڵام عیبادی رێگەی نەدەدا،  ئەوان مەبەستیان بوو، بە بیانووی ڕزگاری حەویجە هێزێکی زۆر بهێنە ناوچەکە، کە وەک دیتمان حەویجە لە٣ رۆژدا ئازادکرا، بەڵام هێزەکەی ئێراق  بەرەو کەرکوک کەوتنە جووڵە. هێزی پۆڵایین پێشمەرگەو جەماوەری کەرکوک و کوردستان ئامادەیی بەرخۆدایان بە تەواوی پێشاندا.
ئێران وعەبادی و دەورو بەری باش شارەزای خۆراگری و قارەمانێتی کورد بوون، دەیانزانی بە شەر دەرەقەدی کورد نایەن. پەنایان بۆ لاوازییەکی کورد برد، کە سەدانساڵە کورد بەو شێوە زەربەی خواردووە، ئەویش بە گژدادانی کورد بەرامبەر بە یەک. ئەوە بوو کە قاسم سلێمانی بە بیانووی سەردانی مەزاری مامجەلال  هاتە سلێمانی، دەیزانی کە سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی فریوی ڕێوی سیفەتەکانی قاسم سلێمانی ناخۆت، پەنای بۆ کەسانی کەم ئەزموون برد و ژاری خۆی ڕشت، و ئەوەی ویستی کردی.
لە ڕێگەی فرت و فێل و بەڵێنی بێسەرو بەرە و فیتنەگەری، توانی لە ڕێگەی چەند کەسی کوردەوە دەرگای هاتنە ژوورەوەی بۆ کەرکوک بۆ بکرێتەوە. لەو ئان و ساتەدا شڵەژانێکی زۆری لە نێو هیزەکانی دیکەی پێشمەرگە دروستکرد، بەو شێوە کەرکوک کەوتە دەستیان.
هەر لەم کارەشدا قاسم سلێمانی ئەم ئامانجانەی خۆی پێکا.
یەک: ئەوەی کە ویستی دەسسەڵاتی کورد لە کەرکوک نەهێڵێت، بۆ ئەوەی ڕێگە بگرێ لەوەی کە کورد بە بوونی ئەو سەرمایە ژێر زەمینانەی کەرکوکەوە ڕێگەی بۆ خۆشنەکرێت بۆ سەربەخۆیی بە دەوڵەتبوون.
دووەم: لە هیندێک قەیرانی ناوخۆیی سیاسی یەکێتی ویستی کەڵکی خراب وەربگرێت، لە ڕێگەی فیتنەگەرییەوە کێشەکانیان گەورەتر بکات، کە بە خۆشییەوە لە لایەن سەرکردە دێرین و خاوەن ئەزموونەکانی یەکێتی، لەوەش سەرکەوتوو نەبوو.
سێیەم: هەوڵێدا بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان شارەکانی سلێمانی لەگەڵ هەولێر. یا ناکۆکی لە نێوان پارتی لەگەڵ یەکێتیدا، بە خۆشییەوە بە هۆی هۆشیاری ئەو ٢ لایەنە لەوەش سەرکەوتوو نەبوو.
چوارەم: تەکتیکی نۆی ڕێژیم بۆ ئەوەی کە وا پێشانی جیهان بدات کە گوایا ئێران دەست لە کاروباری سیاسی و دیپلوماتی ئێراق بەرنادات، ڕێنوێنی حەیدەر عیبادی کرد  کە سەردانی چەند وڵاتی سوونی و ئوروپی لەناوچەکە بکات، بە تایبەت ئەو وڵاتانەش کە لەگەڵ ئێران ناکۆکن. لە ئاخرین رۆژی گەشتەکەشید،  لە تاران سەریهەڵدا، بۆ ئەوەی ڕاپۆرت ونهێنی تەواوی کۆبوونەوەو دیدارەکانی  لەگەڵ ئەو وڵاتانە بداتەوە بە ئێران.
پێنجەم: دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە نەوتی کەرکوک، لە بەندەری جیهانەوە دەیگوازێتەوە بۆ ئێران.

لە کۆتاییدا بە پێی ئەزموونی پێشووتر و ڕووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین، و چاودێری کردنی یارییەکانی سیاسی ئەمرۆیی، بە تایبەت دووفاقی ئەمریکا، کە لە واشنگتۆنەوە بریاری گەمارۆ بە سەر ئێراندا دەسەڵمێنت، بە پێچوانەشەوە لە ئێراق ڕێگە بۆ خۆش دەکات.
وا دەبینم کە ڕووداوەکانی کوردستان پێچوانە دەبێتەوە، و ئەگەر کورد یەکێتی و یەکهێزی بۆ بەرەنگاربوونەوە وەدەرنانی هێزی ئێرانی لە بەرگی ئێراقی لە ناوچە کوردستانییەکان وەدەرنێت. بە دڵنیاییەوە دەتوانێ پشتیوانی نێونەتەوەیی بە دەستبهێنێت و هەنگاوی گەورەتریش دەنێت، وەک کەتەلۆنیا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.