پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان، بە بۆنەی سی وشەشەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی ئەو حیزبە

0
827

ڕۆژی کورد: کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان، بە بۆنەی  سی وشەشەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی ئەو حیزبە پەیامێکی بڵاو کردۆتەوە کە بەو شێوەی خوارەوەیە.

دەقەی پەیامەکە:

بە نێوی خودای بەخشندەی مێهرەبان

خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!

هاوبیرانی تێکۆشەری خەباتیی!

ئەمڕۆ، پێنجی خەرمانان و یادی سیوشەشەمین ساڵی دامەزرانی ڕێکخراوەکەمان، ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستانە. بەو بۆنە پیرۆزەوە پیرۆزبایی گەرم لە خۆمان و ئێوەی تێکۆشەر و هەموو ئازادیخوازانی کورد بە گشتیی و هاوبیر و هاوسەنگەرانمان لە ڕیزی(خەبات)دا دەکەین.

دامەزراندنی ڕێکخراوی خەباتی نەتەوایەتیی و ئیسلامیی کوردستان لە کەشی سیاسیی دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی ١٣٥٧ و لە جەنگەی پەلاماری هێزەکانی ڕژیمی خومەینیی بۆ سەر کوردستان، بۆخۆی وەرچەرخانێکی گرنگ لە بزووتنەوەی ڕەوای کوردستاندا بوو، چونکە یەکەم جار بوو هێزێکی سیاسیی خاوەن بیری نەتەوەیی- ئیسلامیی بە هەموو شێوەکانی خەبات، لەوانەش بە هێزی پێشمەرگە، بەشداریی لە بزووتنەوەی ئازادییخوازیی کوردستان و بەرپەرچدانەوەی هێرشی هێزی داگیرکەردا بکات. هەر بۆیە دامەزراندی (خەبات) هەم مەودا و مەجالێکی بەرینتری بۆ خەباتی خەڵکی کوردستان کردەوە و، هەمیش سەنگەری بەربەرەکانی دژی ڕژیمی کۆماری بەنێو ئیسلامیی قایمتر و بەهێزتر کرد.

هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دامەزرانی (خەبات)ەوە کۆمەڵانی هەراوی کوردستان پێشوازیی گەرمیان لەو ڕێکخراوە نوێیە کرد و وەک ڕێبازی ڕەسەنی خۆیان و هیوای دواڕۆژ چاویان لێ دەکرد. بە تایبەتییش لاوانی نیشتمانپەروەر و ڕووناکبیرانی بەهەڵوێست دەستە دەستە دەهاتنە نێو ئەو سەنگەرە و ڕیزەکانی (خەبات)یان ئاوەدان دەکردەوە. ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو کە ئەو ڕێکخراوە هەلقوڵاوی بیر و باوەڕی خەڵك و هێزی جێباوەڕ و متمانەی ئەوانە. ئەو پێشوازیی و متمانەی جەماوەر بوو بە هۆی گەشەی دیار و بەرچاوی (خەبات) بە جۆرێك کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، سەرەڕای بەربەست و لەمپەری زۆر لەلایەن هێز  و لایەنەکانی دیکەوە،  بنکە و بارەگای لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستاندا کردنەوە و، بە کردەوەش بەشداریی بەرچاوی لە دیفاع لە کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی هێزە پەلاماردەرەکانی ڕژیمدا کرد، بە ڕادەیەك کە خەڵکی کوردستان و دۆست و دژمن شاهیدن کە چۆن قارەمانەتیی و فیداکاریی کەموێنەی پێشمەرگە خۆنەویست و خەڵکیی و خاکییەکانی (خەبات) بوونە نموونەی ئیمان و ئازایەتیی و هەوێنی خۆڕاگری بزووتنەوەکەمان. دامەزرانی ڕێکخراوی خەباتی نەتەوایەتیی و ئیسلامیی کوردستان لەو قۆناغ و چاخە تایبەتییەدا لە لایەك دەمامکی ” کۆماری ئیسلامیی” لەسەر ڕووی ڕەشی ڕژیمەکەی خومەینی هەڵماڵی و، لە لایەکی دیکەشەوە ئەو دەنگ و هەوڵانەی نێو بزووتنەوەی چەکداری کوردستانیشی پووچەڵ کردنەوە کە دەیانویست ڕژیمی خومەینی بە دەسەڵاتێکی ئیسلامیی و بزووتنەوەکەش بە بزووتنەوەیەکی چەپ بناسێنن.

هاواڵانی خەباتیی!

سێ دەیە و نیو زیاترە ڕێکخراوەکەمان سەرەڕای هەوراز و نشێوی زۆر و بەربەستی سەختی نێوخۆیی و دەرەکیی بەردەوام ڕێگە دەبڕێ و لە خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی گەل ڕانەوەستاوە. ئەوەش دوای پشتیوانیی خودا، بەرهەمی لەخۆبوردوویی و لێبڕاویی و لێزانیی پێشمەرگە و ئەندام و سەرکردەکان و، هاوکاریی و پشتیوانیی خەڵكی تێکۆشەری کوردستان بووە.

هاوبیرانی دڵسۆز!

ئێوە خاوەنی خەرمانی خوێنی دەیان ساڵ فیداکاریی و تێکۆشانن، ڕێبواری ڕێبازی سەدان سەرکردە و پێشمەرگەی شەهیدن، میراتگری مێژوو و ناو و ناسنامەی (خەبات)ن، ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی خەباتگێڕانی بزووتنەوەی نەتەوەیی- ئیسلامیی لە ڕۆژهەڵاتی وڵات و درێژەدەری سیاسەتی سەربەخۆیانەی خەباتییەکانن، بۆیە ئەرکی گران و شانازیی گەورەی درێژەدانی ئەو کاروانە پیرۆزە کەوتۆتە سەرشانی ئێوە. دیارە درێژەدان بەو کاروانە و ئاوەدانڕاگرتنی ئەو سەنگەرە و تێپەڕاندنی لەمپەرەکان، پێویستیی بە دڵسۆزیی و فیداکاریی و لێبوردەیی و لەخۆبوردووییە، بە تایبەتیی لەم قۆناغە تایبەتییەی ڕێکخراوەکەمان و بزووتنەوەی کوردستانی تێدایە. پیلان و پلانە دیار و نادیارەکانی ڕژیمە دوور و نزیکەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە دەبێ وریایانە و بەرپرسانە مامەڵە بکەین تا وەک چۆن لە ڕابردوودا شانازییمان خوڵقاندووە، لە داهاتووشدا مێژوویەکی پڕ لە سەربەرزیی و شانازیی تۆمار بکەین.

لە بیرەوەریی ٥ی خەرمانانی ١٣٥٩ و یادی ٣٦ ساڵەی دامەزرانی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستاندا پیرۆزبایی گەرم لە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدەکان، زیندانییە خۆڕاگرەکان، ئەندام و پێشمەرگە فیداکارەکانی (خەبات) و هەموو خەباتگێرانی نێو کۆڕی تێکۆشان دەکەین.

لەو یادە پیرۆز و ڕۆژە مێژووییەدا سڵاوی پڕ لە ڕێز و وەفا دەنێرین بۆ گیان و باوەڕی ئەو پێشمەرگە و پێشەنگە شەهیدانەی پێشمان کەوتن و ڕێی ڕاستی خەباتیان نیشانداین!

سڵاو لەو خوشک و برا هاوڕێیانەی لە سەنگەری دیفاع لە خەڵک و خاك و مافەکانیان، یا لە زیندانە پڕ لە تاوانەکانی تەتەرەکانی تاراندا بە سەخاوەت و شەهامەتەوە گیانیان بەخشی.

سڵاو لە خەڵکی کوردستان، خاوەنی ڕاستەقینەی (خەبات) و پشتیوانی هەمیشەیی بزووتنەوەکەمان!

سڵاو لە ڕێبوارانی کاروانی (خەبات)!

ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان

کومیتەی ناوەندیی

٥/٦/١٣٩٥ی هەتاویی

٢٦/٨/٢٠١٦ی زاینیی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت