کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حدکا پشتیوانیی خۆی لە خەباتی جەماوەریی شارەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیاند

0
1020

ڕۆژی کورد: کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حدکا لە ڕێگای ڕاگەیێندراوێکەوە کە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاو بۆتەوە، پشتیوانیی خۆی لە خەباتی جەماوەریی شارەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیاند

دەقی بەیانییەکە:

کۆمەڵانی خۆڕاگری کوردستانی ئێران!

ئازادیخوازانی ئێران!

سەرکوت و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک نەریتێکی هەمیشەیی ئەم ڕێژیمە، لە ڕۆژی هاتنە سەرکاریەوە تاوەکوو ئێستا بەردەوام بووە. هەموو ڕۆژ و هەموو کاتێک بە بیانووی جۆراوجۆر خەڵکی ئازادیخواز و بێبەش لە هەموو مافەکانی ژیان، دەکەونە بەر ڕق و تووڕەیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، دەخرێنە زیندانەکانەوە، بە دەسڕێژی گولە شەهید دەکرێن، لە سێدارە دەدرێن و بە مانا گشتییەکەی سووکایەتی و بێ‌ڕێزییان پێ دەکرێت.

بێکاری، هەژاری و بێ‌دەرەتانی، گیرۆدە بوون بە مادە هۆشبەرەکان، کاولکاری، سووتاندنی دارستان و تێکدانی ژینگە و کۆمەڵێک کێشە و ئاریشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و…هتد، ئەنجامی سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە بووە لە کوردستان، ئامانجی سەرەکیی ڕێژیمیش بەچۆکدا هێنانی نەتەوەی زوڵم لێکراوی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە بەرانبەر ئەم سیاسەتەدا، ڕۆحی بەرگری و بەرخۆدانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نەک ڕووی لە کەمی نەداوە، بەڵکوو ڕۆڵەکانی ئەم گەلە نەترسانە و بوێرانە بەرنگاری سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی ئەم ڕێژیمە بوونەتەوە.

لە درێژەی ڕەوتی بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری مەریوانی دوانزە سوارە، لاوانی بەهەست و جەماوەری ئازا و چاونەترسی شارەکە، بە نیشانەی ئێعتراز بە خراپ بوون و تێکدانی ڕێگاوبان و ژینگە و بوونە قوربانیی ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە کە بوون بەژێر تانکرە نەوت کێشەکانەوە، ڕژانە سەرشەقام و بێزاری و دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بە نیسبەت ئەم دۆخەوە هەڵبڕی، بەڵام بەرپرسانی پێوەندیداری کۆماری ئیسلامی بێ ئەوەی کە بەرانبەر بە ئێعترازی مەدەنی و هێمنانەی خەڵکی مەریوان وەڵامدەر بن، ژمارەیەک لە لاوانی شارەکەیان دەستگیر و ڕەوانەی زیندان کرد، کە تا ئێستا هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

هەر لە پێوەندی لە گەل کوژرانی کاسبکاران و کۆڵبەران لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری بانە لە هەڵوێستێکدا داوایان لە خەڵک و جەماوەری شارەکە کردووە کە بەرانبەر بە کوژرانی کۆڵبەران و ناڕەزایەتی دەربڕین لەم بارەوە ڕۆژی شەممە، ١٧ی ڕەزبەر، مانگرتنێکی گشتیی و هێمنانە بەڕێوە ببەن. لە بەشێک لە ڕاگەیەندراوەکەی چالاکانی مەدەنی‌دا هاتووە؛ “ئێمە کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی شاری بانە بە دروستکردنی کەمپەینی”هەموومان دەنگی کۆڵبەرانی سەر سنوورین”، ڕۆژی شەممە وەک مانگرتنی گشتی ڕادەگەیەنین و داوا لە ئێوە خەڵکی تێکۆشەری شاری بانە دەکەین بۆ ئەوەی چیتر ڕۆڵەکانی شارەکەمان نەبنە قوربانی، با ڕۆژی شەممە ئیرادەی خەباتکارانەمان نیشان بدەین و دەنگی کپ کراوی کۆڵبەرانی سەر سنوور بگەیەنینە گوێی هەموو بەرپرسان و دەسەڵاتداران و نا بڵێین بە کوژران و بریندار کردنی کۆڵبەرانی سەر سنوور”.

ئەزموون دەری خستووە کە بێ‌دەنگی لە بەرانبەر ئەم سیاسەتە دژی گەلیانەی ڕێژیم، سەرکوت و زەبروزەنگی زیاتری بەداوە بووە، هەر بۆیە بە ئەرکی سەرجەم چین و توێژەکانی دەزانین کە دەنگی مافخوازانەی خۆیان هەڵبڕن و لە پێناو وەدی هاتنی مافەکانیان و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی ڕێژیم، بەشداریی چالاکانە لە خەباتی جەماوەری لەم چەشنە بکەن.

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتگیریی خۆی بۆ ئەم شێوازە لە خەبات و ناڕەزایەتیانە و هەروەها هەڵوێستی بوێرانەی چالاکانی مەدەنی و جەماوەری شارەکان دەردەبرێ و داواکارە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بەرانبەر بە سیاسەتی سەرکوت و تۆقاندنی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی بێ‌دەنگ نەبن، و پشتیوانیی خۆیان بۆ خەباتی مەدەنی و هەڵوێستی ئازایانەی ڕۆڵەکانیان بخەنە ڕوو. لە هەمانکاتدا داوا لە خەڵکی ئازادیخواز و چاونەترسی مەریوان دەکەین کە شێلگیرانە هەوڵی ئازادکردنی گیراوەکانی ڕۆژی پێنج‌شەممەی ڕابردوو بدەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
١٧ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت