داوای دادگایی کردنی ئێران بە هۆی کوشتارە بە کۆمەڵەکان

0
1106

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی ئەلعەڕەبیە، بەشێک لە کەسایەتییە ناونەتەوەییەکان و نوێنەرانی کۆمەڵگاکانی ئێران لە ئوروپا لە سمینارێکدا کە ڕۆژی شەممە 13ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی لە نووسینگەی “شۆڕای میللی خۆڕاگریی ئێران” لە ئوروسوراواز ـی پاریس پێکهاتووە، داوایان کردووە  دادگایەکی تایبەت بۆ دادگایی کرانی بەرپرسانی ڕژیمی ئێرانیان پێکبێت.

ئەو دواکارییە بە هۆی “لەسێدارەدانە بە کۆمەڵەکانی هەزاران زیندانیی سیاسیی لە ساڵی 1367ی هەتاوی (1988ی زایینی) و هەروەها ئەنجامدانی کردەوەی دژەمرۆیی بەردەوام” لە لایەن ئەو ڕژیمەوە هاتۆتە ئاراوە.

ئێد ڕندێڵ، سەرۆکی کونوانسیۆنی حیزبی دێموکراتی ئامریکا و فەرمانداری پێشووی پنسیلوانیا کە یەکێک لە بەشداربووانی ئەو سمینارە بووە، وێڕای ئاماژە بە لەداردانی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی 1367ی هەتاوی، گوتوویەتی: “چ شتێک لەوە پڕئازارترە کە وەزیری دادی ڕوحانی، یەکێک لە ئەندامانی کومیتەی مەرگ لەو کوشتارە بە کۆمەڵانەدا بووە. ئەوە خۆی ڕێژەی خوێناوی بوونی دەستی سەرانی ئەو دەوڵەتە نیشان دەدات. ڕژیمێک کە وەزیرەکەی کەسێکی ئەوتۆ بێ، دەبێ دادگایی بکرێت”.

سەرۆکی پێشووی حیزبی دێموکراتی ئامریکا هەروەها گوتووشیەتی: “تەنیا یەک ڕێگای ئازادی لە ئێران هەیە، ئەویش گۆڕینی ئەو ڕژیمەیە”.

بێرنارد کۆشنێر، وەزیری پێشووی دەرەوەی فەڕانسەش کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بووە گوتوویەتی: “ئەو کات کە ئەو کوشتارانە لە ئێران ڕووی دەدا لە خۆم دەپرسی کە لایەنگرانی مافی مرۆڤ لەو کاتدا لە کوێ بوون و چیان دەکرد؟ دەبێ دادگایەکی تایبەت بۆ دادگایی کردنی جینایەتەکانی مەلاکان پێکبێت.”.

بێرنارد کۆشنێر هەروەها گوتووشیەتی: “تەنیا لە ساڵی 1988دا نەبوو کە ئەو کوشت و بڕینانە ڕووی دەدا بەڵکوو هەر ئێستاش لە ئێران ئەو کوشتارانە هەیە. ساڵی پار ئێران بە لەبەر چاو گرتنی ڕێژەی حەشیمەت، زێدەترین ڕێژەی لەداردانی لە جیهاندا هەبووە، ئەو لەداردانانە لە کاتی ڕێککەوتنی ناوەکییەوە، زێدەتریش بووە”.

ستروان ستیۆنسیۆن، سەرۆکی دامەزراوەی ئوروپایی ئازادیی عێراق و نوێنەری پێشووی پارلمانی ئوروپاش لەو سمینارە ئامادە بووە و گوتوویەتی: “لەمەڕ 30 هەزار کەسی لەسێدارەدراو لە ساڵی 1988، چ ڕووی دا بەڕاستی ڕۆژئاوا هەر هیچ کارێکی لەمبارەوە نەکرد. ئەگەر بڕیارە نەتەوە یەکگرتووەکان یەک تۆسقاڵ ئابڕوو بۆخۆی ڕاگرێ دەبێ و پێویستە کە ئەو پرسە هەر لەو مانگەدا لە شۆڕای مافی مرۆڤ لە ژنێڤ بگرێتە ئەستۆ و ببێتە یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی کاریان لەسەر مێزی شۆڕای تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکان. هۆکار و بکوژەکان دەبێ لێپرسینەوەیان لەسەر بکرێ و ڕاپێچی ژێر داد و بەرابەری بکرێن.

مریەم ڕەجەویش هەروەها داوای کردووە تا کۆمەڵگای نەتەوەیی و وڵاتانی ڕۆژئاوایی، بە هۆی ئەو کوشتار و جینایەتانە و بەتایبەتی کوشتن و بڕینی 30 هەزار زیندانیی سیاسی لە ساڵی 1367ی هەتاویدا،  بەرپرسانی ویلایەتی فەقێ دادگایی بکەن.

ڕەجەوی  هەروەها داوای کردووە تا هەر چەشنە پەیوەندییەک ببەسترێتەوە بە ڕاگرتنی لە سێدارەدانەکان.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت