ئەمریکا پاپۆڕیکی پڕ لە چەک و تەقەمەنیی حکوومەتی ئێرانی زەوت کرد

0
705

روژی کورد: ئەرتەشی ئەمریکا کۆمەڵێک وێنەی لە دەستبەسەرداگرتنی پاپۆڕێکی پڕلە چەکوچۆڵی ئێران کە لە ئاوەکانی ئۆقیانووسی هیند دا دەستی بەسەردا گیراوە، بڵاو کردەوە، کاربەدەستانی ئەمریکایی ڕایانگەیاندووە ئەو پرسە  دەبەنە شۆرای تەناهیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەرتەشی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ١٦ی خاکەلێوە لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە کە پاپۆڕێکی ئێرانیی هەڵگری ژومارەیەکی بەرچاو چەکی سووک و نیوە قورس، زەوت کردووە، کە بۆ حووسییەکانی یەمەن بەڕێ کراون.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیار بوو ڕێکەوتی ١٨ی ئاوریل دانووستانی ئاشتی لە نێوان حووسییەکان و لایەنەکانی دیکەی یەمەن لە کوەیت و لەژێر چاوەدێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەڕێوە بچێت.

هێزی زەریایی ئەمریکا لەو بەیاننەمەیدا ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو چەکوچۆڵانە لەلایەن ئەمریکاوە زەوت کراون، کە ١٥٠٠ قەبزە کڵاشنیکۆف، ٢٠٠ گوللـەی مووشەک و نارنجەک هاویژ و ٢١ قەبزە موسەلسەلی کالیبر ٥٠ میلی‌میتری لەخۆ دەگرێت.

ئەوژومارە چەکوچۆڵە رێکەوتی ٢٨ی مارسی ٢٠١٦ دەستی بەسەردا گیراوەو کەشتییەکە و بەرێوەبەرانی کەشتییەکە ئازاد کراون.

هەروەها ئەرتشی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە کە کە رێکەوتی ٢٧ی مانگی فبریواریش هێزی دەریایی ئوسترالیا پاپۆڕێکی هاوشێوەی ئێرانیی کە هەڵگری ٢٠٠٠ قەبزە کڵاشنیکۆف و ١٠٠ مووشەک و ژومارەیەکی دیکە چەکوچۆڵی جۆراوجۆری زەوت کرد.

“جاش ئیرنست” وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، پشتیوانیی ئێران لە حوسییەکانی یەمەن ئەو کردەوانەیە کە زیان بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەگەیەنێت.

هەواڵدەریی مێهری سەربە سوپای پاسداران، لە هەواڵێکدا و لەژێر مانشیتی “دەستبەسەرداگرتنی پاپۆڕیکی ئێرانی لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە” ئیدیعای کاربەدەستانی ئەمریکای بە گاڵتەجاڕ وەسف کرد.

لێپرسراوانی ئێران هەتا ئێستا لەو بارەیەوە هیچ پەرچە کردارێکیان بە ئیدیعای وتەبێژی کۆشکی سپی نەنواندووە.

پشتیوانی لە تیرۆریزم و دەستێوەردان لە ئاشتیی رۆژهەڵاتی ناڤین، پرسی ناوکیی ئێران و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندا چوار خالی جێگەی مشتومڕی وڵاتی ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی و بەتایبەت وڵاتانی ٥+١ بووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.