پاک: رێگا بە تاران مەدەن هێرش بکاتە سەر کورد

0
647

رۆژی کورد

پارتی ئازادیی کوردستانPAK لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوو لە گەلی کورد و نوێنەران و کۆنسوڵگەریی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی رێکخراوی نەتەوەی یەکگرتووەکان ئاماژە بە مەترسییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر گەلی کورد لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەکا و ڕایدەگەیەنێت: “تاران خولێکی دیکەی لە پەلامار و کوشتاری رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، دەست پێکردوە. وەزارەتی ئیتلاعات و هێزی تێرۆریستیی سپای پاسدرانی شۆرشی ئیسلامی، لە شار و دێهاتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەر بوونەتە گرتن و بێسەروشوێن کردنی لاوانی ئازادیخواز، هێرش بۆ سەر پێشمەرگە و سووتاندنی گوند و دارستانەکانی وڵات.”
پاک ئاماژە بەوە دەکا ئێران هەوڵ دەدا باری سەقامگیری باشووری کوردستان تێک بدات و لە دریژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛” لە گەڵ چڕ کردنەوەی حەولێکی سیستماتیک بۆ تێکدانی باری ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، تاران، هێزێکی زۆری لە سنوورەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان مۆڵداوە و رۆژانی رابردوو ناوچە سنوورییەکانی حاجی ئۆمەران و سیدەکانیان بەر رهێڵەی توندی تۆپخانەکانیان داو ماڵ و گوند و رەز و باغی دانیشتوانی ئەو ناوچانەیان سووتاند. هەروەها لە ئاکامی ئەو تۆپ بارانەدا، ژمارەیک خەڵکی بێتاوان لە خوێن گەوزان و دەیان خێزانی ماڵوێران تووشی ئاوارەیی بوون. هاوکات لە گەڵ ئەم پەلامار و دەسدرێژییان بۆ سەر نەتەوەی کورد لە هەر دوو دیوی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، فەرماندەرانی سپای تێرۆریستیی پاسداران، هەڕەشەی هێرش کردنە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەکەن.”
پاک ڕایدەگەیەنێت “بە سەرنجدان بە کارنامە و رابردووی ئێران لە خوڵقاندنی جینایەت دژی خەڵکی کوردستان و دسدرێژی و ناردنی هێز بۆ باشووری کوردستان و تێرۆری سەدان تێکۆشەر و هەڵکوتانە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان؛ پێویستە هەموو لایەک ئەو هەڕەشانە بە جدی بگرن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کورد و پێشمەرگە کە بوونەتە قەڵغانی پاراستنی جیهان و بەرەنگاری دەوڵەتی تێرۆریستیی داعش بوونەتەوە، بە تەنێ نەهێڵنەوە. هەر ئێستا لە بەرەکانی شەڕ دژی داعش، سەدان کەس لەو پێشمەرگانەی دوو ساڵە، لە جەنگی داعشدان و دەیان جار داعشیان تێکشکاندوە و دەیان شەهید و برینداریان لەو جەنگەدا لێکەوتوو، کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی ئەو هێزانەن کە تاران هەڕەشەیان لێدەکا.
ئەم بارودۆخ و هەڕەشانە، وەبیرهێنەرەوەی دەسدرێژیی و تاوانەکانی ئێران لە ساڵەکانی ٩٠ی زایینیە. هەروەها هەر ساڵی پار بوو کە دام و دەزگا تێرۆریستییەکانی ئێران، لە حەولێکی تێرۆریستیی رێکخراو و سیستەماتیکدا، 3 پێشمەرگەی ناو سەنگەری جەنگی داعشیان لە هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان، تێرۆر کرد. بێجگەلەوەش لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی پێشوودا بوو کە بە فیت و پلانی قاسم سلێمانی فەرماندەی هێزی قودس، فڕۆکە عێراقییەکان، ٤ جار هێرشیان هێنایە سەر رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرەکانی جەنگی دژی داعش و 3 جاران بۆمبارانیان کردن.
کورد و پێشمەرگە، جیهان لە هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش دەپارێزێن. رێگا مەدەن، تاران هێرش بکاتە سەریان و بەرەیەکی دیکەی شەڕ دژی کورد و پێشمەرگە بکاتەوە.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت