عومەر ئیلخانیزادە: کیسە بۆ هەڵبژاردن هەڵمەدرون

0
820

عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستان لە بابەتێکدا بە ناونیشانی (کیسە بۆ هەڵبژاردن هەڵمەدرون) کە لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە تیشک دەخاتە سەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی ئێران.
عومەر ئیلخانیزادە لە دەسپێکی بابەتەکەیدا نووسیویەتی:  “چەند ڕۆژ لەوەپێش عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، باسی پێویستیی بەشداریی هەموانی لە هەڵبژاردنی دوو مەجلیسی خیبرەگان و شوڕای میللی کرد. تەنانەت داوای کرد وگوتی با ئەوانەش کە موخالیفی نیزام و سیستەمی کۆماری ئیسلامین لەو هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن. هەروەها گوتی مەجلیسی دەیەم دەبێ حاڵ و هەوای مەجلیسی ئێستای هەبێ.

سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستان  دەڵێت: بۆ خامنەیی گرینگە کە خەڵکانی زۆر لە هەڵبژاردندا بەشدار ببن تا شەرعیەت بدرێ بە شانۆگەری هەڵبژاردن. ئەو زۆر روون و ئاشکرا رایگەیاند کە “مەجلیسی داهاتوو دەبێ پێکهاتەکەی هەر وەک مەجلیسی ئێستا بێ”، واتە بڕیاری رەهبەر و ڕینوێنی ئەو بۆ ئەوانەی خۆپاڵێوراوان پێش دەنگی خەڵک و هەڵبژاردن دەپاڵێون ئەوەیە کە: کارێک بکەن هاوسەنگی ئێستا تێکنەچێ. بەو حاڵەشەوە داوا دەکات با موخالیفەکانیش دەنگ بدەن. یان لە کەسانێک رادەبینێ کە ئاوا بە بێ حورمەتی و بێ منەتی داوای دەنگیان لێبکات. بەڵام بۆ بەشێک لە ئۆپۆزیسیون بۆتە مشتومڕ کە با بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن، تەنانەت لە وەڵامی خامنەییدا ناڵێن دەی با موخالیفینی نیزامیش و هەموو ئەوانە کە نیزامیان قبوڵ نییە، بتوانن خۆ کاندید بکەن و نەزارەتی استصوابی هەڵگیرێ، جا بەشدار دەبین، بەڵکوو بەوپەڕی وەهم و چکۆلەیەوە مەیلی خۆیان بۆ بەشداری باسدەکەن و حەولدەدەن خەڵکی لە دەور کۆ بکەنەوەو، “لەبەیک” بۆ پەیامەکەی خامنەیی دەنێرن. پڕ روویی خامنەیی بۆیە وا زەقە، چونکە بەشێک لە ناو ئۆپۆزیسیۆنەکەی بڕاون و بەوەندەش وەسەما دەکەون.”

لە درێژەی بابەتەکەیدا عومەر ئیلخانیزادە  نووسیویەتی؛ “با ئەوەش بزانین کە لەو ڕۆژەوە خامنەیی ئەو قسانەی کردوە، بە لێشاو لە ناو ئەوانەش کە خوێنیان بۆ کۆماری ئیسلامی داوە و نیزامیان قبوڵە، لە پاڵاوگەی کۆماری ئیسلامی تۆڕ هەڵدەدرێنە دەرێ و سەڵاحیەتیان رەد دەکرێتەوە، کەچی دەبینین تەنانەت لە ناو کوردستانی بە خوێن شەڵاڵ کراویشدا هەن کەسانێک کە بە هەزاران هاوڕێ و هاونیشتمانییان بە دەستی ئەم نیزامە تێدابراون، کەڵکەڵەی هەڵبژاردن لە مێشکیاندا ئۆقرەی لێ هەڵگرتوون، هەندێکیان بە ڕوونی و کەسانێکیشیان بنلێوە دەیڵێنەوە، با بەشدار بین. راستە خەڵکانێک لە شانۆگەریی هەڵبژاردن چ لە رووی ناچاری و چ بە خۆشی خۆیان دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داتاکانی حکومەتیش ناتوانن بڵێن لە نیوە زیاتر بەشدار دەبن. خامنەیی دەڵێ مافتان نییە خۆ کاندید بکەن و پاڵاگەکانیان لێ توندوتۆڵتر بکەن و رێگایان لێ دەتەنین، بەڵام مافتان هەیە دەنگ بەو کەسانە بدەن کە ئێمە دایاندەنێێن، کەچی بەشێک لەم ئۆپۆزیسیۆنە قبوڵی ئەوە دەکات و تەنانەت زمانی گۆ ناکا بڵێ کاتێك بەشداری دروستە کە پاڵاوگەکانی کۆماری ئیسلامی دابخرێن. هەموو، بە موخالیف و موافیق و بێ جیاوازی، با مافی خۆپالاوتن بێ رەدی سەڵاحیەت و بەشدارییان هەبێ تا دەنگیش بدەن. بە داخەوە تا بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن ئاوا خەریکی کیسە هەڵدرون بێ، تەنیا یەکریزی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و نا کورد تێکدەدا و بەس و بۆخۆشی ڕەنج بە خەسار دەمێنێ. ئەوەش دەردی ئەم دەورانی دووری و تاراوگەیی.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.