ئۆلاند بۆ بارزانی: کاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان دیاریی بکەن

0
1247

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رووداو باسی لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا کرد و گوتی: “سەرۆکی فەرەنسا پشتگیری سەربەخۆیی کوردستانی کردووە و داوایکردووە ئێمە کاتەکەی دیاریی بکەین”.

ڕۆژی کورد: ئاڵا شاڵی، نێردروای رووداو لە پاریس دیدارێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، لە دیدارەکەدا، بارزانی گوتوویەتی: “لەگەڵ فەرەنسا باسی هەموو ئەو قەیرانانەمان کرد، کە ئێستا رووی کردووەتە هەرێمی کوردستان، بابەتی پشتگیری و هاوکاری سەربازی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هەروەها سەربەخۆیی کوردستان”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ رووداو ئەوەشی گوتووە: “ئەگەر دڵنیا نەبم سەربەخۆیی کوردستان  ئێستا کاتیەتی، ئەو هەنگاوەم نەدەنا، لە هەموو کۆبوونەوەکانی دەرەوەی وڵات بەتایبەتی ئەم چەند رۆژەی پاریس، لە هەموو کۆبوونەوەکاندا باسم لە گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان کردووە”.

بارزانی، داوای لە فەرەنسا کردووە، پشتیوانیمان بکەن و دەڵێت: “هیچ وڵاتێکی ئەوروپی دژی سەربەخۆیی کوردستان نییە، بەڵام هەندێکیان دەڵێن ئێستا کاتەکەی گونجاو نییە، هەندێکیشیان دەڵێن، دەبێت بە وریایی و هەستیاری لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا بجوڵێنەوە، بەڵام ئێمە ئەو هەنگاوە دەنێین و گشتپرسیش لە دەستی میللەتی کورددایە”.

لەبارەی هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا بۆ سەربەخۆبوونی کوردستان، ئۆلاند بە بارزانی گوتووە، ئێمە پشتیوانیتان دەکەین، ئێوە دەبێت کاتەکە هەڵبژێرن.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی گرتنەوەی موسڵ و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەیان کردووە، هاوکات لەبارەی قەیرانەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان گفتوگۆیان کردووە.

نێردروای رووداو لە پاریس ئاماژەی بەوەدا، بارزانی بەو گشتەی بۆ فەرەنسا زۆر دڵخۆش بوو، سەردانەکەی بە سەرکەتوو ناوبرد، ئاماژەی بەوەدا فەرەنسا هەمیشە دۆستێکی باشی کورد بووە.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 8-9-2016 گەیشتە کۆشکی ئێلیزێ و لەلایەن فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنساوە پێشوازی لێکرا.

بۆ جارێ سێیەمە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنساوە پێشوازی لێدەکرێت و کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوانیان یەک کاژێری خایاند.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت